| یاداشتنامه‌یه‌ك |
|
|
نووسه‌ر فرێدریک باستیا
|
|
له دروستکەرانی مۆم و مۆمدان و فانۆس و چرای سه‌ر شه‌قامه‌کان و فتیلەبڕ و کوژێنەرەوە و به‌رهه‌مهێنه‌رانی پیو و رۆن و جه‌وی و کحول و به گشتی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که په‌یوه‌ندیان به روناکردنهوهوه هه‌یه.بۆ به‌ڕێزان ئه‌ندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانبهڕێزان:ئێوه له‌سه‌ر رێگای راستن. ئێوه تیۆره‌ی موجەرەد ره‌تده‌که‌نه‌وه و رێزێکی که‌متان هه‌یه بۆ زیادەپێویست و نرخی نزم. ئێوه به گشتی بایه‌خ به چاره‌نوسی به‌رهه‌مهێنه‌ر ده‌ده‌ن. ئێوە ئاواته‌خوازن که به‌رهه‌مهێنه‌ر له رکابه‌ری بیانی رزگار بکه‌ن، واتە هێشتنەوەی بازاڕی ناوخۆ بۆ پیشه‌سازیی ناوخۆ.
ئێمه هاتووین تاوه‌کو هه‌لێکی نایاب بخەینەبەردەمتان بۆ جێبەجێکردنی- چی پێده‌ڵێن؟ تیۆرهکهتان؟ نه‌خێر، هیچ شتێك هێنده‌ی تیۆره چه‌واشه‌کار نیه. رێبازه‌که‌تان؟ سیسته‌مه‌که‌تان؟ پرنسیپهکهتان؟ به‌ڵام ئێوه حه‌زتان له رێبازه‌کان نیه، له سیسته‌مه‌کان تۆقیون و نکوڵی له هه‌بوونی پرنسیپیش ده‌که‌ن له ئابوری سیاسی‌دا. بۆیه ئێمه پێی ده‌ڵێن پراکتیزەکەتان- پراکتیزەکەتان به‌بێ تیۆره و به‌بێ پرنسیپ.
ئێمه به‌ده‌ست کێبڕکێی گورچکبڕی رکابەرێکی بیانیه‌وه ده‌ناڵێنین که دیاره له بارودۆخێکی زۆر باڵاتر له‌وه‌ی ئێمه‌دا کارده‌کات بۆ به‌رهه‌مهێنانی روناکی که بازاڕی ناوخۆیی به نرخێکی ئێجگار هه‌رزان پێ ته‌نیوه‌ته‌وه. هەر کە ئەو دەردەکەوێت، بازاڕی ئێمه دەوەستێت و سه‌رجه‌م به‌کاربه‌ران روو دەکه‌نه ئه‌و. له‌ئه‌نجامدا لقێکی پیشه‌سازی فه‌ره‌نسی که کاریگه‌ریه‌کی بێشوماری هه‌یه به‌جارێك گەیشتوە بە چەقبەستنی ته‌واوه‌تی. ئه‌م رکابه‌ره، که که‌سی دیکە نیه جگه له خۆر، جه‌نگێکی هێنده بێبه‌زه‌ییانه‌ی به‌رامبه‌ر به ئێمه راگه‌یاندووه که ئێمه گومانی ئه‌وه ده‌که‌یه‌ن له‌لایه‌ن ئالبیۆنی* ناپاکه‌وه هاندرابێت، به‌تایبه‌تی له‌به‌رئه‌وه‌ی که رێزی ئه‌و دورگه لوتبه‌رزه ده‌گرێت و رێزی ئێمه‌ی ناگرێت.
ئێمه داواتان لێده‌که‌ین که هێنده باش بن یاسایه‌ك ده‌ربکه‌ن که داوای داخستنی هه‌موو په‌نجه‌ره‌کان و کڵاوڕۆژنهکان و پەنجەرەپۆشی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه و پەردەکان و کونی دیوارەکان بکات – به کورتی داوای داخستنی سه‌رجه‌م کون و که‌له‌به‌ر و درزه‌کان بکات بۆ رێگرتن له هاتنه‌ناوه‌وه‌ی روناکی خۆر بۆ ناو خانووه‌کان که بۆته هۆی زیانگه‌یاندن به‌و پیشه‌سازیه ساده‌یه‌ی، که به‌شانازیه‌وه ده‌ڵێین، به‌خشیومانه به‌م وڵاته. وڵاتێك که ناتوانێت، به‌بێ خیانه‌تکردن لە پێ‌زانین، ئه‌مڕۆ ده‌ستبه‌ردارمان بێت له جه‌نگێکی وه‌ها لاسه‌نگدا. به‌ڕێزان ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، هێنده باش بن که داواکاریه‌که‌مان به جدی وه‌ربگرن و ره‌تی مه‌که‌نه‌وه لانی که‌م به‌بێ بیستنی ئه‌و هۆکارانه‌ی که بۆ پشتگیریکردنی داواکه‌مان خستووماننه‌ته روو.
یه‌که‌م، ئه‌گه‌ر زۆربه‌ی زۆری ئه‌و رێگایانه دابخه‌ن که روناکی سروشتیان لێوه دێته ژووره‌وه، لێره‌شه‌وه پێویستی بۆ روناکی ده‌ستکرد بهێننە ئاراوە، ئایا له ئاکامدا چ پیشهسازیهك له فه‌ره‌نسادا نابوژێته‌وه؟
ئه‌گه‌ر فه‌ره‌نسا پیوی زیاتر به‌کاربهێنێت، ده‌بێت مه‌ڕ و رەشەوڵاخی زیاتر هه‌بن، و له‌ئه‌نجامدا زیادکردنێك دەبینین لە کێڵگه‌ی پاککراوە و گۆشت و خوری و چه‌رم و به‌تایبه‌تی په‌ینی ئاژه‌ڵدا که بنه‌مای سه‌رجه‌م سامانی کشتوکاڵیه.
ئه‌گه‌ر فه‌ره‌نسا رۆنی زیاتر به‌کاربهێنێت، ئه‌وا چاندنی گوڵاڵه و زه‌یتون و خەرتەلە فراوانتردەبن. ئه‌م رووه‌که پڕبەهایانە و لەهەمان کاتدا زەوی رەتێنەرانە به دیاریکراوی له‌و کاته گونجاوه‌دا دێن که بتوانین سودی زاووزێی رەشەوڵاخ بۆ خاکه‌که به‌کاربهێنین بۆ زیادکردنی چاندن و زۆربوون.
ده‌شته‌کانمان به دره‌ختی جه‌وی داده‌پۆشرێن. پۆلی هه‌نگی بێ‌شومار بۆنی خۆشی شاخه‌کانمان بۆ کۆده‌که‌نه‌وه که ئه‌مڕۆ به‌فیڕۆی ده‌ده‌ین، به‌هه‌مان شێوه‌ی به‌فیڕۆدانی گوڵە بۆندارەکانیان. لێره‌وه، هیچ لقێکی کشتوکاڵ نامێنێته‌وه که فروانبوونێکی مه‌زنی به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت. هه‌مان شت بۆ کهشتیهوانیش راسته. هه‌زاران که‌شتی ده‌ستده‌که‌ن به راوکردنی نه‌هه‌نگ و له‌ماوه‌یه‌کی زۆر کورت‌دا هێزێکی کهشتیهوانی وه‌هامان ده‌بێت که فه‌ره‌نسا شانازی پێوه‌بکات و ببێته جێگه‌ی شانازی خواستی به‌رزی نیشتیمانی واژۆکارانی ئه‌م یاداشتنامه‌یه و مۆم فرۆشان و که‌سانی دیکه‌ش. ئەی لەبارەی پاریس خۆیەوە چی بڵێێن؟ له‌مه‌ودوا ده‌بینن که چۆن زاخاودان و برۆنز و کریستاڵ دانان لە مۆمدان و چرا و مۆمدانی سەقفیدا ده‌بوژێنه‌وه و مۆمخانه و کۆگا فراوانه‌کان دهڕازێنەوه له‌چاو ئه‌وانه‌ی کە ئه‌مڕۆ هەن که لە کۆشکی بچوكی لاکۆڵان زیاتر لە هیچی تر ناچن. هیچ کۆکهرهوهیەکی موحتاجی جه‌وی له‌سه‌ر به‌رزایی ئه‌م یاڵه لمانه، هیچ خەڵوزکەنێکی هه‌ژار له قوڵایی چاڵه ره‌شه‌که‌ی خۆیدا، نامێنێت کە هه‌قده‌ستی زیاتر وه‌رنه‌گرێت و چێژ لە خۆشگوزەرانی هەڵکشاو نەبینێت.
به‌ڕێزان، ئه‌مه پێویستی به تێڕامانێکی که‌م هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌ت به‌وه بکه‌ن که له‌وانه‌یه ته‌نها یه‌ك که‌سی فه‌ره‌نسی نه‌مێنێت، هه‌ر له خاوه‌ن پشکە ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی کۆمپانیای ئانزینهوه بیگره تاوەکو ده‌گاته بێفیزترین فرۆشیاری شقارته، که بارودۆخی بژێوی به‌هۆی ئه‌م یاداشتانامهیهی ئێمه‌وه باشتر نه‌بێت. به‌ڕێزان ئێمه پێشبینی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانتان ده‌که‌ین، به‌ڵام تەنانەت یەك دانەش لە ناڕه‌زایه‌تیه‌کانتان بەدەر نیە لەوانەی که له کتێبه کۆنه کهڕوکردووهکانی پشتیوانانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئازاده‌وه نهتانهێنابێت.
ئێمه ته‌حه‌داتان ده‌که‌ین که بتوانن یه‌ك وشه دژی ئێمه بدرکێنن به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستوبرد ببێته هۆی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خۆتان و ئه‌و پرینسیپانه‌ی که سه‌رجه‌م سیاسه‌تکاره‌کانی خۆتانی له سایه‌دا بونیادده‌نێن. ئایا دەتوانن پێمان بڵێن که هه‌رچه‌نده ئێمه سود له‌م پاراستنه ئابوریه ده‌بینین، به‌ڵام فه‌ره‌نسا هیچ سودێك نابینێت له‌به‌رئه‌وه‌ی تێچوونه‌که‌ی ده‌که‌وێته ئەستۆی به‌کاربه‌ر؟
ئێمه وه‌ڵاممان ئاماده‌یه:
ئێوه چیتر مافی ئه‌وتان نیه که باسی بەرژەوەندیەکانی به‌کاربه‌ر بکه‌ن. هه‌رکاتێك بینیبێتتان که بەرژەوەندیەکانی به‌کاربه‌ر دژی بەرژەوەندیەکانی بهرههمهێنهرانە، ئێوه بهکاربهرتان کردوه به قوربانی. ئێوه ئه‌مه‌تان له‌پێناو هاندانی پیشه‌سازی و زیادکردنی هەلی کاردا کردووه. به‌هه‌مان مه‌به‌ست ئێوه پێویسته ئه‌مجاره‌ش ئه‌مه بکه‌ن.
لە راستیدا ئێوه خۆتان پێشبینی ئه‌م ناڕهزایهتیهتان کردووه. کاتێك که پێتانوتراوه به‌کاربه‌ر بەرژەوەندی هه‌یه له هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ئازادانەی ئاسن و خه‌ڵوز و کونجی و گه‌نم و قوماشدا، ئێوه به‌م شێوه‌یه وهڵامتانداوهتهوه "به‌ڵێ، به‌ڵام به‌رهه‌مهێنه‌ر بەرژەوەندی هه‌یه له بێبەشکردنیاندا." زۆر باشه! بێگومان ئه‌گه‌ر بهرکاربهران بەرژەوەندیان هه‌بێت له هاتنه‌ناوه‌وه‌ی روناکی سروشتی‌دا، ئه‌وا به‌رهه‌مهێنه‌ران بەرژەوەندیان هه‌یه له قه‌ده‌غه‌کردنیدا.
له‌وانه‌یه هێشتاش بڵێن "به‌ڵام به‌کاربه‌ر و به‌رهه‌مێنه‌ر هه‌ر یه‌ك که‌س و هه‌مان که‌سن. ئه‌گه‌ر پیشه‌ساز له‌رێگه‌ی پاراستنخوازیەوە قازانج بکات ئه‌وا جوتیاریش خۆشگوزەران ده‌کات. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، ئه‌گه‌ر کشتوکاڵ ببوژێته‌وه، ئه‌وا بازاڕی که‌لوپه‌لی دروستکراو ده‌بوژێنێته‌وه." زۆر باشه! ئه‌گه‌ر ئێوه پاوانخوازی به‌رهه‌مهێنانی روناکیمان له رۆژدا پێببهخش، پێش هه‌موو شتێك ئێمه بڕێکی زۆر پیو و خه‌ڵوز و رۆن و جه‌وی و مۆم و کحول و مس و ئاسن و زیو و کریستاڵ ده‌کڕین بۆ پیشهسازیهکهمان، و له‌مه‌ش زیاتر، ئێمه و دابینکه‌ره‌کانمان پاش ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌مه‌ند بووین، پاره‌یه‌کی زۆر خه‌رج ده‌که‌ین و خۆشگوزەرانی به‌سه‌رجه‌م به‌شه‌کانی پیشه‌سازی ناوخۆییدا بڵاوده‌که‌ینه‌وه.
ئایا ده‌ڵێن که روناکی خۆر خه‌ڵاتێکی خۆڕایی سروشته، و قه‌ده‌غه‌کردنی ئه‌و خه‌ڵاته بریتیه له قه‌ده‌غه‌کردنی خودی سامان به‌پاساوی هاندانی هۆکارەکانی به‌ده‌ستهێنانی؟
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه بڵێن، ئه‌وا ئێوه گورزێکی کوشنده له سیاسهتکارهکهی خۆتان ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌تان له‌یادبێت که تاوه‌کو ئێستا ئێوه شمه‌كی بیانیتان قه‌ده‌غه‌کردووه لەبەر ئەوەی خەڵاتی خۆڕاییە، یاخود نزیک دەبێتەوە لەوەی خه‌ڵاتی خۆڕایی بێت. ئه‌و بنه‌مایه‌ی که هه‌تانه بۆ په‌سه‌ندکردنی داواکاریی قۆرغکارهکانی دیکه، نیوەی ئه‌و هۆکارە به‌جێیه که هه‌تانه بۆ په‌سه‌ندکردنی یاداشتنامەکهی ئێمه، که به‌ته‌واوه‌تی هاوئاهه‌نگه له‌گه‌ڵ سیاستهکاره پەیڕەوکراوەکانی خۆتاندا. هه‌روه‌ها ره‌تکردنه‌وه‌ی داواکاریه‌که‌مان، کتومت له‌به‌رئه‌وه‌ی له داواکاری هه‌مووان باشتر داڕێژراوه وه‌ك ئه‌وه وایه که هاوکێشه‌ی (+x+= - ) په‌سه‌ند بکه‌ن، واته که‌ڵه‌که‌کردنی بێمانایی له‌سه‌ر بێمانایی. هێزیکار و سروشت به رێژه‌ی جیاجیا، و بەگوێرەی وڵات و کەش، هاریکاری یه‌کتر ده‌که‌ن له به‌رهه‌مهێنانی شمه‌کدا. ئه‌و به‌شه‌ی که سروشت ده‌یبه‌خشێت هه‌میشه خۆڕاییه، ئه‌وه ئه‌و به‌شه‌یه که هێزی کاری مرۆڤ به‌شداری پێده‌کات کە بەهای هەیە و و پاره‌ی پێده‌درێت.
ئه‌گه‌ر پرتهقاڵیکی لیسبۆن به نیوه‌ی نرخی پرته‌قاڵێکی پاریس بفرۆشرێت، ئه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌یه که گه‌رمیی سروشتی خۆر، که بێگومان به خۆڕاییه، ئه‌و شته ده‌کات بۆ لیسبۆن که گه‌رمی ده‌ستکرد ده‌یکات بۆ پاریس، که ده‌بێت له ئاکامدا له بازاڕدا پاره‌ی پێبدرێت.
لێره‌وه، کاتێك که له پورتوگاله‌وه پرتهقاڵێکمان پێده‌گات، ده‌توانین بڵێین که نیوه‌ی بە خۆڕایی دراوه به ئێمه، یان، به مانایه‌کی دیکه، به نیوه‌ی به‌هاکه‌ی (نیوه قیمه‌ت) بەبەراورد لەگەڵ پرته‌قاڵێکی پاریس‌دا.
ئێستاش، کتومت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌یه که نیوهخۆڕاییه ئێوه داوای قه‌ده‌غه‌کردنی ده‌که‌ن. ئێوه ده‌پرسن "ئایا چۆن هێزی کاری فه‌ره‌نسی ده‌توانێت به‌رامبه‌ر به رکابه‌ری هێزی کاری بیانی بوه‌ستێت له کاتێکدا ئەم ده‌بێت هه‌موو کاره‌که بکات، به‌ڵام ئەوان ته‌نها نیوه‌ی کاره‌که دەکەن، و خۆریش نیوه‌که‌ی دیکه‌ی ده‌کات؟" به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و راستیه‌ی که شمه‌کێك نیوه‌ی خۆڕاییه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی که ئێوه له رکابه‌ریه‌که بیکه‌نه ده‌ره‌وه، ئایا چۆن شتێکی تەواو خۆڕایی پاڵتانپێوهدهنێت بۆ به‌شداریکردن له رکابهریهکهدا؟ یان ئه‌وه‌تا ئێوه چونیه‌ك نین، یان ئه‌وه‌تا ئێوه ده‌بێت، دوای کردنه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه شته‌ی که نیوه خۆڕاییه له‌به‌رئه‌وه‌ی زیانی هه‌یه بۆ پیشه‌سازی ناوخۆ، ئه‌وه‌ش ده‌ربکه‌نه ده‌ره‌وه که به‌ته‌واوه‌تی خۆڕاییه له‌به‌ر هه‌مان هۆکار و به دوو هێنده په‌رۆشیه‌وه.
با نمونه‌یه‌کی دیکه بهێنینه‌وه: کاتێك که شمه‌کێك- خه‌ڵوز، ئاسن، گه‌نم، یان قوماش- له ده‌ره‌وه بۆ ئێمه دێت و کاتێك که ئێمه ده‌توانین به هێزی کاری که‌متر له به‌رهه‌مهێنانی خۆمان به‌ده‌ستی بهێنین، جیاوازیه‌که بریتیه له‌و خه‌ڵاته خۆڕاییه‌ی که پێمان به‌خشراوه. قه‌باره‌ی ئه‌م خه‌ڵاته راستەوانەیە له‌گه‌ڵ بڕی ئه‌و جیاوازیه‌دا. جیاوازیه‌که سێ یه‌ك، نیوه، یان سێ له‌سه‌ر چواری به‌های شمهکهکهیه ئه‌گه‌ر که‌سه بیانیه‌که ته‌نها داوای سێ له‌سه‌ر چوار، نیوه، یان سێ یه‌ک بکات وەک بەرزترین نرخ. به‌هه‌مان شێوه ده‌کرێت به‌ته‌واوه‌تی خۆڕایی بێت کاتێك که لایه‌نی دابینکه‌ر، وه‌ك چۆن خۆر روناکیمان بۆ دابینده‌کات، داوای هیچمان لێنه‌کات. پرسیاره‌که‌ی ئێمه، که به فه‌رمی ده‌یکه‌ین، ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌وه‌ی که بۆ فه‌ره‌نسا ده‌یخوازن بریتیه له سودی به‌کاربردنی خۆڕایی یان سودی پێشبینیکراوی به‌رهه‌مهێنانی زه‌حمه‌ت. بڕیاری خۆتان بده‌ن، به‌ڵام مه‌نتیقی بن، تاوه‌کو ئه‌و کاته‌ی ئێوه خه‌ڵوز و ئاسن و گه‌نم وقوماش بیانی قه‌ده‌غه‌بکه‌ن، که کردوشتانە، بەو پێیەی که نرخه‌که‌یان له سفر نزیك ده‌بێته‌وه، ئه‌وا چه‌ند ناچونیه‌ك ده‌بێت ئه‌گه‌ر رێگه به هاتنه‌ناوه‌وه‌ی خۆر بدرێت، که نرخه‌که‌ی به درێژایی رۆژ سفره.
* "ئالبیۆنی ناپاک" واتە ئینگلستان، ئەمە قۆشمەی فهرهنسیەکانە بەرامبەر بە ته‌می ئینگلیز، که رێگه له خۆر ده‌گرێت له ده‌ستێوه‌ردان له روناکی ده‌ستکرددا له ئینگلستان. له ساڵانی 1840 کاندا، په‌یوه‌ندی فەرەنسا و ئینگلیستان جارجار زۆر کرژ ده‌بوو.
|
| < پێشتر | دواتر > |
|---|