| دوو تەوراسەکە |
|
|
نووسه‌ر فرێدریک باستیا
|
|
|
یاداشتی جاك بۆنۆم١، دارتاش، بۆ جەنابی کەنین-گریدین٢، وه‌زیری بارزگانی جەنابی خاوەنکارگە و وه‌زیر:
من دارتاشێکم، وه‌ك حەزرەتی عیسا، تەوراس و ته‌شوێ به‌کاردێنم بۆ خزمه‌تکردنی تۆ. له‌کاتێكدا که له دهمهوبەیانهوه تاوه‌کو ئێواره سه‌رقاڵی بڕینه‌وه و پارچه‌پارچه‌کردن بووم لەسەر عەرزی خودا، ئه‌وه‌م به خه‌یاڵدا هات که کاره‌که‌ی من وەك کاره‌که‌ی تۆ به‌شێکه له پیشه‌سازی ناوخۆییمان. له‌و کاته‌وه نەمتوانیوە هیچ هۆکارێك بدۆزمەوە کە بۆچی پاراستنخوازی دارتاشخانەکەی منیش ناگرێته‌وه وه‌ك چۆن کارگه‌که‌ی تۆ ده‌گرێته‌وه. تۆ قوماش دروستدەکەیت و من سه‌قف دروستده‌که‌م. ئێمه هه‌ردووکمان به‌ڕێگه‌ی جیاواز کڕیاره‌کانمان له سه‌رما و باران ده‌پارێزین.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، من دەبێت بکەومە دوای کڕیاره‌کانم، له کاتێکدا کڕیاره‌کانی تۆ خۆیان دەکەونە دوات. تۆ رێگه‌یه‌كت دۆزیوه‌ته‌وه تاوەکو ناچاریان بکەیت بکەونە دوات، ئەویش بەوەی رێگەت لێ‌گرتوون لەوەی لە شوێنێکی دیکە بۆخۆیانی دابینبکەن، له‌کاتێکدا موشتەریەکانی من ئازادن لەوەی رووبکەنە هەرکەسێك کە بیانەوێت.
سه‌رسوڕهێنه‌ری ئه‌مه له چیدایه؟ جەنابی کونین، وه‌زیری حکومەت، جەنابی کونین، بەرهەمهێنەری قوماشی له‌یادنه‌چۆته‌وه: ئه‌مه‌ش شتێکی سروشتیە. به‌ڵام، به‌داخه‌وه که پیشه خاکیه‌که‌ی من وه‌زیری نه‌به‌خشیوه به فه‌ره‌نسا، هه‌رچه‌نده که پەیامبەرێکی به‌خشیوه به جیهان. هه‌روه‌ها له پەیامە نهمرەکەیدا کە ئەم پەیامبەرە بۆ مرۆڤی جێهێشتووه، هیچ ئاماژه‌یه‌ك نیه که نیشانه‌ی ئه‌وه بێت دارتاشه‌کان بتوانن له‌سه‌ر حسابی ئه‌وانی دیکه خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی که تۆ ده‌یکه‌یت.
ته‌ماشایه‌کی بارودۆخه‌که‌ی من بکه. من رۆژانه ٣٠ سو (دراوێکی کۆنی فه‌ره‌نسایه-و) په‌یدا ده‌که‌م، جگه له یه‌کشه‌ممان و رۆژانی پشوو. ئه‌گه‌ر من بەهەمان شێوەی دارتاشێکی فلاندەر٣ خزمه‌تگوزاریه‌که‌ی خۆمت پێشکه‌ش بکه‌م و ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاماده‌بێت به یه‌ك سو که‌متر له من کاره‌که بکات، ئه‌وا تۆ ئه‌و په‌سه‌ند ده‌که‌یت.
به‌ڵام وای دانێ که من ده‌مه‌وێت قاتێك بۆ خۆم بکڕم؟ ئه‌گه‌ر پیشه‌سازێکی قوماشی به‌لجیکایی به رکابه‌ری له‌گه‌ڵ تۆدا قوماشه‌که‌ی خۆی بخاته بازاڕه‌وه، ئه‌وا تۆ خۆی و قوماشه‌که‌ی له‌م وڵاته وەدەردەنێیت. بەوپێیەش، من بەناچاری دێمه دوکانه‌که‌ی تۆ، هه‌رچه‌نده که نرخه‌که‌ی گرانتره، ئه‌مه‌ش مانای وایه که له راستیدا ٣٠ سوه داماوه‌که‌ی من ته‌نها به‌های ٢٨سویان هه‌یه.
ئه‌وه من ئه‌ڵێم چی! بگره به‌هاکه‌ی له ٢٦ زیاتر نیه، له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پیشه‌سازه بهلجیکاییەکه له‌سه‌ر حسابی خۆت وەدەرنێیت (ئه‌مه‌ش که‌مترین شتە که تۆ ده‌توانیت بیکه‌یت)، تۆ من ناچار ده‌که‌یت که پاره بۆ ئه‌و خه‌ڵکه بده‌م که تۆ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆت راوتناونهتهوه ده‌ره‌وه.
هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له یاسادانهرە هاوهڵەکانت، که به‌باشی له‌یه‌کتری تێده‌گه‌ن، هه‌ریه‌که‌یان یه‌ك دوو سو لەمن دەبەن -یه‌کێك به پاساوی پاراستنخوازی بۆ ئاسن، ئه‌وی دیکه، خه‌ڵوز، ئه‌میان، نه‌وت، و ئه‌وی دیکه‌شیان، گه‌نم- له ئه‌نجامدا، دوای له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو ئه‌مانه، ئه‌وه‌م بۆ ئاشکرا ده‌بێت که توانیومه له ٣٠ سوهکه تەنها ١٥ی لە تاڵانی رزگاربکه‌م.
بێگومان تۆ پێمده‌ڵێیت که ئه‌م سوه کەمانە، که بێ قهرهبوودانهوه له گیرفانی منه‌وه دێنه گیرفانی تۆوه، بژێوی که‌سانی ده‌وروبه‌ری کۆشکه‌که‌ت دابینده‌که‌ن و رێگه‌ت پێده‌ده‌ن که به‌و شێوازە باڵایە گوزەرانبکەیت. رێگهمپێبده که وه‌ڵامی ئه‌وه بده‌مه‌وه و بڵێم ئه‌گه‌ر بوارت بدایه ئه‌و پاره‌یه له‌لای من بمایایه‌ته‌وه، ئه‌وا ده‌بوو بە هۆی دابینکردنی بژێوی که‌سانی ده‌روبه‌ری من.
با لەوە گەڕێین، جەنابی وه‌زیر و پیشه‌ساز، له‌به‌رئه‌وه‌ی من ده‌زانم ئه‌گه‌ر داوای لابردنی ئه‌و پاراستنخوازیە بکه‌م که به‌سه‌ر کڕیاره‌کانتدا سهپاندوته، به‌باشی په‌سه‌ند ناکرێت، بۆیه ئه‌و داواکاریه له تۆ ناکه‌م، هه‌رچه‌نده مافی ته‌واوه‌تی ئه‌وه‌شم هه‌یه که داوای بکه‌م، له‌جیاتی ئه‌وه پێم باشه که دوای نه‌ریتی باو بکه‌وم و داوای که‌مێك پاراستنخوازی بۆ خۆم بکه‌م. لێره‌دا، تۆ رێگریهكم بۆ دێنیته پێشه‌وه و پێم ده‌ڵێیت "هاوڕێم، من زۆر حه‌ز ده‌که‌م که پاراستنی ئابوری بۆ تۆ و کەسانی دیکە له پیشه‌که‌ی تۆدا دابینبکه‌م، به‌ڵام چۆن بتوانین سودی گومرگ له کاری دارتاشی دابتاشین؟ ئایا ده‌بێت رێگه له هاورده‌کردنی خانوو بگرین له‌رێگه‌ی ده‌ریایی و وشکانیه‌وه؟"
دیاره ئه‌مه زۆر بێ‌مانا ده‌بێت. به‌ڵام، پاش تێڕامانێکی زۆر له مه‌سه‌له‌که، رێگه‌یه‌کی دیکه‌م دۆزیوه‌ته‌وه بۆ سودبه‌خشین به کوڕانی پیر جۆزێف٤ (واتە دارتاشەکان)، و هیوادارم که تۆش بهئامادهباشیهوه پێشوازی لێبکه‌یت له‌به‌رئه‌وه‌ی که به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جیاوازی نیه له‌گه‌ڵ ئه‌و رێگایانه‌دا که تۆ گرتونەتتەبەر بۆ پاراستنی ئه‌و ئیمتیازەی که ساڵانه خۆت ده‌نگی بۆ ده‌ده‌یت.
ئه‌و رێگا نایابه‌ی که من له مێشکمدایه بریتیه له قه‌ده‌غه‌کردنی به‌کارهێنانی تەوراسی تیژ له فه‌ره‌نسادا.
باوه‌ڕم وایه که ئه‌م قه‌ده‌غه‌کردنه به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و شێوازە نامه‌نتیقی تر و هه‌ڕه‌مه‌کی تر نیه که تۆ گرتوتەتەبهر به‌رامبه‌ر به ئێمه له حاڵه‌تی قوماشهکەی خۆتدا.
بۆچی تۆ بهلجیکاییەکان وەدەردەنێیت؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان له تۆ هەرزانتر ده‌فرۆشن. ئایا بۆچی ئه‌وان له تۆ هه‌رزانتر ده‌فرۆشن؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌کان له تۆ باڵاترن له پیشه‌سازی قوماشدا.
جیاوازی له‌نێوان تۆ و بهلجیکاییەکدا کتومت هه‌مان جیاوازیه له‌نێوان تەوراسێکی کول و تەوراسێکی تیژدا. هه‌روه‌ها تۆ من ناچار ده‌که‌یت -منێکی دارتاش- که به‌رهه‌می تەوراسێکی کول لە تۆ بکڕم.
تهماشایەکی فه‌ره‌نسا بکه وەک کرێکارێك کە هەوڵدەدات له‌رێگه‌ی هێزی کاری خۆیه‌وه هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌سته‌به‌ربکات که پێویستی پێیانە، به قوماشیشهوه.
دوو رێگا هه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌مه: یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که خۆی خوریه‌که بهۆنێتەوە و بیڕێسێت.
دووه‌م ئه‌وه‌یه که شمه‌کی دیکه دروست بکات –وه‌ك کاتژمێر، کاغه‌زی دیوار، یان مەی- و له‌گه‌ڵ بهلجیکاییەکاندا ئاڵ‌وگۆڕیان پێ‌بکات به‌رامبه‌ر به قوماش. له‌م دوو رێوشوێنەدا، ئه‌وەیان که ئه‌نجامێکی باشتری ده‌بێت وه‌ك ئەوە وایە کە تەوراسێکی تیژ بێت، ئه‌وه‌ی دیکه‌ش وه‌ك ئەوەی تەوراسێکی کول بێت.
تۆ نکوڵی له‌وه ناکه‌یت که له ئێستادا له فه‌ره‌نسا، به‌ده‌ستهێنانی پارچه‌یه‌ك قوماش راسته‌خۆ له تەونەکەی خۆمانه‌وه (تەوارەسە کولەکە) هێزی کاری زیاتری پێویسته له به‌ده‌ستهێنانی ناڕاسته‌وخۆی له رهزهکانمانهوه (تەوراسە تیژەکە). تۆ هێندە دوریت لە نکوڵیکردن لەمهوه کە کتومت له‌به‌رئه‌م زەحمەتکێشانە زیادهیەیە ( کە بەلای تۆوە سامان لەمە پێك دێت) که داوای ئه‌وه ده‌که‌یت، نه‌ك داواکردن، بگره دەیسەپێنیت، کە خراپترینی ئەو جوتە تەوراسە بەکاربهێنرێت.
ئێستاش، لانی که‌م چوونیه‌ك به، بێلایه‌ن به، و ئه‌گه‌ر ده‌شته‌وێت دادپه‌روه‌ر بیت، ئه‌وا هه‌مان ئه‌و مامه‌ڵه‌یه له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی دارتاشی هه‌ژاردا بکه که له‌گه‌ڵ خۆتدا ده‌یکه‌یت.
یاسایەکی لەم جۆرە دەربکە:
"هیچ که‌سێك نابێت ئەو شاتیر و کاریتانە به‌کاربهێنێت که به ته‌شوێی کول دروستنەکراون." بیر له به‌ره‌نجامی کتوپڕی ئه‌مه بکه‌ره‌وه.
له‌کاتێکدا ئێمه ئێستا سه‌د جار ته‌شوێکه ده‌وه‌شێنین، له به‌ره‌نجامی ئەو یاسایەدا پێویست دەبێت سێ سه‌د جار بیوهشێنین. ئه‌وه‌ی که لە ئێستادا به یه‌ك کاتژمێر ده‌یکه‌ین ئه‌و کاته سێ کاتژمێری پێده‌چێت. چ وزه‌یه‌کی به‌هێز ده‌به‌خشێت به کارکردن! تازهفێربووان، کرێکاری رۆژانه و وه‌ستاکان، هه‌مووان ده‌چنه‌سه‌ر کار. ئه‌و کاته داواکاریمان له‌سه‌ر ده‌بێت و له‌ئه‌نجامیشدا پاره‌ی باشمان ده‌درێتێ. هه‌ر که‌سێك بیه‌وێت سه‌قفێك دروست بکات ناچار ده‌بێت که مه‌رجه‌کانمان په‌سه‌ند بکات، به‌هه‌مان شێوەی که چۆن ئه‌مڕۆ هه‌ر که‌سێك بیه‌وێت قوماش بکڕێت ناچاره مه‌رجه‌کانی تۆ په‌سه‌ند بکات.
پاشان ئه‌گه‌ر رۆژێك له رۆژان لایه‌نگرانی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی ئازاد وێرایان گومان له سودی ئه‌م پێوەرە بکه‌ن، ئه‌و کاته زۆر به‌باشی ده‌زانین له کوێدا وه‌ڵامێکیان بۆ بدۆزینه‌وه کە تەختیان بکات. له راپۆرتی په‌رله‌مانی ساڵی 1843دا. ئه‌و کات ده‌توانین ئەو راپۆرتە بکێشین بەسەریاندا، له‌به‌رئه‌وه‌ی لەو راپۆرتەدا داکۆکیەکی نایابت پێشکه‌شکردووه به‌ناوی پاراستنخوازان و تەوراسە کوله‌کانه‌وه، که هه‌ردووکیان به ساده‌یی دوو دیوی هه‌مان دراون. ١- نازناوی مسکێنی فهرهنسیە وەك چینێك. ٢- لۆرێن کونین-گریداین (1778-1859)، پیشه‌سازی قوماش، بریکاری وه‌زیری بازرگانی، و لایه‌نگرێکی سه‌رسه‌ختی سیاسه‌تکاری پاراستنخوازی. ٣- فلاندەر: کەسێکی هەرێمی فلاندەر که باکوری ئێستای وڵاتی بهلجیکایە. ٤- پیر جۆزێف، ئاماژەیە بە جۆزێفی مێردی مریەمی پاکیزە کە دارتاش بووە. |
| < پێشتر | دواتر > |
|---|