| وته‌ی هه‌فته |
| خیانه‌تی فێمینیزم |
|
|
نووسه‌ر ئه‌لێکسی تزڤێتکۆڤ
|
|
|
سه‌رۆکی پێشوی ولایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان جیمی کارته‌ر به دیده پێشکه‌وتوخوازه‌کانی ناسراوه. ئێمه لای خۆمانه‌وه ده‌کرێت به گومانه‌وه له‌م رایه بڕوانین یان وه‌ک خۆی وه‌ریبگرین، به‌ڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە راستیە. سه‌رباری ئه‌مه‌ش، کارته‌ر به‌وه ناسراوه که مه‌سیحیه‌کی دڵسۆزە، سەر بە پەیڕەوی باپتیست*.
پاش ئه‌وه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێبه‌خشرا، که له‌م ساڵانه‌ی دواییدا پێده‌چێت ته‌نها گوزارشتێکی باوی سه‌رزه‌نشتکردنی جۆرج بوش بێت، کارتەر تاڕادەیەکی زۆر له به‌رچاو ونبوو. ئه‌مه‌ش شتێکی چاوەڕوانکراوە چونکه چوه‌ته ساڵه‌وه. لەبەر ئەوە من یه‌کێک له دوا لێدوانهکانیم به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی تاوەکو له وتارێکی نوسه‌ر 'فرانسین پرۆز' دا خوێندمه‌وه له گۆڤاری لاپەم کوارته‌رلی – http://www.laphamsquarterly.org/essays/the-original-sin.php?page=all.
هاوینی رابردو، جیمی کارته‌ر رایگه‌یاند که واز لە کڵێسا‌ی باپتیست دەهێنێت، پاش ئەوەی 60 ساڵ ئەندامی بوو. هۆکارەکەشی هه‌ڵوێستی سه‌رکرده‌کانی گردبوونەوەی باپتیستی باشور (SBC)بوو له ئه‌مەریکا له‌باره‌ی ئافرەتەوە، که ئەو سەرکردانە به پشتبه‌ستن به ئینجیل گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە ژنان رۆڵێکی لاوه‌کیان هه‌یه له خێزان و ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا. به‌لای کارته‌ره‌وه، ئه‌م هه‌ڵوێسته له‌گه‌ڵ بۆچونه‌کانیدا نایه‌ته‌وه.
دیدی گه‌وره‌ترین کۆمه‌ڵی کڵێسا باپتیسته ئه‌مەریکیه‌کان گۆڕانێکی ریشه‌یی به‌سه‌ردا نه‌هاتوه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا و چونهدواوهیهکی ئه‌وتۆش به‌ره‌و بیروڕای دواکهوتوخوازانه روینه‌داوه. له‌لایه‌کی تریشه‌وه، که‌س نیه ستایشی ئازایه‌تی پیاوێکی به‌ساڵاچو نه‌کات که بڕیاری هەڵبژاردنی یەکێک لە پره‌نسیپه هه‌ره گرنگه‌کانی ژیانی ببێتەوە بەسەر پرەنسیپێکی دیکەدا. به‌ڵام پرسیاره‌که ئەوەیە: چ ئاینێک هه‌یه که کارته‌ر تیایدا توشی ئه‌م تهنگژهیە نه‌بێت؟
خانمی پڕۆز هه‌وڵده‌دات له وتاره‌که‌یدا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بداته‌وه و بەڵام ئه‌نجامه‌کانی دڵخۆشکه‌ر نین. هه‌رچه‌نده کارته‌ر به‌وه پاساوی بڕیارەکەی ده‌داته‌وه که به گوێره‌ی ئینجیل هه‌مو خه‌ڵک له به‌رده‌م خودادا یه‌کسانن، بەڵام زۆر ئاسانه که دیدێکی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه له دەقە پیرۆزه‌کاندا بدۆزینەوە کە وەهای پێشان دەدات خولقاندنی ئافرەت یه‌کێک نه‌بوه له کارە هه‌ره گرنگه‌کانی خودا. ئافرەت به ئاشکرا رۆڵێکی پاشکۆیانه‌ی هه‌یه هەروەها پێده‌چێت که هه‌مو ناشادییهکان کتومت به هۆی ئه‌وه‌وه هاتبنه دنیاوه – واته له قابیلیش تاوانبارتره.
پرۆز پێشینه‌ی جوله‌که‌ی خۆی بیردەکەوێتەوە که ئه‌ویش پشت به ده‌قه پیرۆزه‌کان ده‌به‌ستێت. پێڕەوی تەقلیدیانەی جولەکە وەها ده‌خوازێت که ژنان سه‌ریان بتاشن تاوەکو پیاوان فریونه‌ده‌ن. له که‌نیشته** شوێنێکی تایبەت جیاکراوه‌ته‌وه بۆ ژنان. هەر پیاوێکی جوله‌که‌ی له‌خواترس ده‌بێت هه‌موو رۆژێک سوپاسی خودا بکات که به ژن دروستی نه‌کردوە.
له ئاینه بتپه‌رسته‌کانی سه‌رده‌مه دێرینه‌کانیشدا شته‌کان له‌مه باشتر نه‌بوون. عاده‌ته‌ن له ئه‌فسانه یۆنانیه‌کاندا، ژن رۆڵی نێچیری سێکسی بینیوە لای هه‌ندێک له خوداکان و قاره‌مانه‌کان و جانه‌وه‌ره‌کانی دارستان، به هه‌مان شێوه بیانویه‌ک بووه بۆ به‌رپاکردنی جه‌نگی درێژخایه‌ن. پرۆز به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان چاوپۆشیدهکات له ئه‌فسانه‌ی پاندۆرا***، که دەقاودەق هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ ئه‌فسانه‌ی ئینجیل له‌باره‌ی فریودانەکەی حه‌واوه.
کاتێک دێینه سه‌ر پێگه‌ی ژن له دنیای ئیسلامی‌دا، پێویست ناکات زۆر دوور بڕۆین بۆ دۆزینەوەی نمونه‌ی ناخۆش. پرۆز باسی په‌لامارێکی قێزەون دەکات بەرامبەر چه‌ند کچێکی ئه‌فغانی لە رێگەی قوتابخانه، کاتێک چه‌ند که‌سێک – گوایه تاڵیبانن– تێزاب ده‌که‌ن به ده‌موچاویاندا. لەگەڵ ئه‌م به‌سه‌رهاته‌دا باسی چه‌ندین نمونه‌ی جۆراوجۆری لەم جۆره‌ی تاڵیبان و ئه‌و قه‌ده‌ره ناخۆشه دەکرێت که سه‌پاندویانه به‌سه‌ر ژنانی ئه‌فغانستان دا. کۆنه‌پارێزه‌کانی کۆمکاری باپتیستی باشور به سه‌د ئاو شۆراونه‌ته‌وه له چاویاندا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌رتاپای وتاره‌که‌ی پرۆز بەنزیکەیی به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت ته‌رخانکراوه بۆ رۆحیه‌تی دژه-فێمینیستی له ئاینه خۆرئاواییه‌کاندا، هه‌ر دوو مه‌زهه‌بی پڕۆتستانتی و کاسۆلیکی له مه‌سیحیه‌تدا و ئاینی جولەکە. هه‌روه‌ها روونیش نیه که ئاخۆ پێویستە لەسەرمان ئه‌و نمونانەی ئه‌فغانستان وه‌ک لادانی تراژیدی له نه‌ریته ئیسلامیه‌کان لێکبدەینەوە یان نا.
ئه‌مه‌ش پرسیارێک دێنێته ئاراوە، کە ئەمە یەکەم جاریش نیە ئەو پرسیارە دەکرێت. ئایا نوسه‌ر (هه‌روه‌ها ئه‌و ژنانه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌و بیرده‌که‌نه‌وه و دواتر ناویان دێت) چی بەلایەوە گرنگە؟ به‌راستی خه‌می چی دەخوات؟ دیدی هه‌ڵه‌ی هه‌ندێک له پیاوە ئاینییەکان یان ئازاری راسته‌قینه‌ی ژنان له دنیای راسته‌قینه‌دا؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ هەرچییەک بڵێت، ئه‌وانه مه‌سه‌له‌گه‌لێکن که لەڕووی ئاکارییەوە جیاوازن.
گومانی تێدانیه که ئاین به درێژایی مێژوو رۆڵێکی گه‌وره‌ی بینیوه له درێژه‌دان به رەوشی چەوساندنەوەی ئافرەتان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له دونیای مه‌سیحیدا، سه‌رباری مانه‌وه‌ی چه‌ند پیاوسالارێکی باپتیستی ئه‌مەریکی، رەوشەکە به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له 200 ساڵی رابردودا بەرەو باشتر چووە. ئێستا ژنان له په‌رله‌ماندان و پۆستی وه‌زیریان هه‌یه و بڕوانامه‌ی باڵا و ئه‌کادیمیان هه‌یه و له هه‌ندێک شوێن ژمارەیان لە نیوەی ئه‌وانه زیاترە کە لە خوێندنی باڵادان. له بواری پزیشکی و یاسادا کارده‌که‌ن و پۆستی به‌رزیان هه‌یه له کۆمپانیا گه‌وره نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا. مێژوی چه‌وساندنه‌وه‌ی رابردویان زۆر جێگەی داخه، به‌ڵام جەختکردن لەسەر ئەو رابردووە لەسه‌ر حسابی گرفته‌کانی ئه‌مڕۆ پەسەند نیە.
به‌داخه‌وه، تاوان له دژی ئافرەتان له دونیای ئیسلامی‌دا کورتنابێته‌وه بۆ کاره دڕنده‌کانی تاڵیبان له ئه‌فغانسان. له زۆر وڵاتی موسوڵماندا، ئافرەتان خاوەنی هەموو مافە مهدهنیەکان نین: مافی ده‌نگدانیان نیه، بۆیان نیه ئۆتۆمبیل لێ‌بخوڕن، بۆیان نیە بە ئارەزوی خۆیان جل بپۆشن و بچنه ده‌ره‌وه به بێ هاوەڵیکردنی نێرینه‌یه‌ک. ئه‌مه لانی کەمی گرفتەکانە. ئه‌مڕۆ ته‌نه‌نات له ناو موسڵمانه‌کانی ئه‌وروپاشدا، دیسان ئه‌وه‌ی پێیده‌ڵێن "کوشتنی شه‌ره‌ف" بۆتەوە بە باو. هه‌روه‌ها ده‌کرێت لێره‌دا ناوی کردەی نامرۆڤانه‌ی خه‌ته‌نه‌کردنی کچان بهێنین – که به زه‌روره‌ت نه‌ریتێکی ئیسلامی نیه، به‌ڵام له زۆر وڵاتی ئیسلامی‌دا پیاده‌ده‌کرێت. راستت ده‌وێت سه‌رده‌می سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا که‌متر قێزه‌ون ده‌رده‌که‌وێت به به‌راورد به‌م سوکایه‌تیپێکردنانه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ندێک له پێشکه‌وتوخوازه‌کانی خۆرئاوا پێیان باشتره به نه‌ریته له‌ناوچوه‌کانی رابردوی خۆیاندا بچنەخوارەوە، به‌ڵام ئەو سته‌مکارییه فه‌رامۆش بکه‌ن که به بهرچاویانەوە نه‌ختێک له‌ولا خۆیانه‌وه له‌م ساته‌دا ئه‌نجامده‌درێت.
رزگاربوونی ئافرەت له خۆرئاوا بووه بە حەقیقەت به‌زۆری به هۆی بزوتنه‌وه‌ی فێمینیستیه‌وه. هه‌موو سه‌رکرده‌کانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ئافرەت نه‌بوون (یه‌کێک له دیارترین که‌سایه‌تیه‌کان فه‌یله‌سوفی لیبراڵی به‌ناوبانگ و ئابوریناس 'جۆن ستیوارت میڵ'ە) و هه‌موو ئه‌و ژنانه‌شی که سه‌ر به‌م بزوتنه‌وه‌یه بوون هه‌مان به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شیان نه‌بوو. به‌ڵام به گشتی، ئه‌مڕۆ له دونیایه‌کدا ده‌ژین که یه‌کسانی جێنده‌ری وه‌ک به‌ڵگه‌نه‌ویستی لێهاتوه، سوپاس بۆ ئەو کەسانە. ره‌وایه که پێشبینی ئه‌وه بکه‌ین که میراتگره‌کانی ئه‌مڕۆی جۆن ستیوارت میڵ و سوزان بی ئه‌نتۆنی و بێتی فریدان رزگاکردنی خۆشکه‌کانیان له کۆیله‌یی باوکسالاری به گرنگترین به‌پرسیارێتی خۆیان بزانن، به‌تایبه‌ت که فێمینیسته ده‌گمه‌نه‌کان له جیهانی ئیسلامی رادیکاڵدا روبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام و هەنوکەیی ده‌بنه‌وه.
بێده‌نگی فێمێنیزمی هاوچه‌رخ له روی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئافرەتان له وڵاتانی کۆنه‌پارێزی موسوڵماندا– که یه‌کێکه له شەرمەزارترین لاپه‌ڕه‌کانی مێژوی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه – به کەسانی تاکوته‌را که ده‌وێرن هه‌ڵوێست وه‌ربگرن ئاوه‌ژو نابێته‌وه. جیمی کارته‌ر بۆ ماوەی 60 ساڵ شەڕی له دژی جیاکارییه پیاوسالاریەکانی کڵێساکەی خۆی کرد پێش ئه‌وه‌ی وازبێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لەبری ئه‌وه بێ پێچ و په‌نا، دڕنده‌یی و سته‌مکاری دژی ئافرەتانی جیهانی ئیسلامی ئیدانهبکردایه، ئەوکات دەیسەلماند که شایه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵهکهیهتی.
باپتیست (Baptist): رێبازێکی تایبه‌ته له‌ناو مه‌زهه‌بی پڕۆتستانتی مه‌سیحی دا. بڕوادارانی پێیانوایه که ده‌بێت سروتی له‌ئاوهه‌ڵکێشان (تەعمید) کاتێک ئه‌نجام بدرێت که که‌سەکە باڵق بێت و خۆی داوای بکات و له ماناکه‌ی تێبگات نەوەک بە منداڵی ئه‌نجام بدرێت وه‌ک باوه له ناو هه‌ندێک رێبازی دیکەی مه‌سیحی دا. باپتیزم بە مه‌زهه‌بێکی کۆنه‌پارێز داده‌نرێت.
**که‌نیشته: په‌رستگای جوله‌که‌کان.
***پاندۆرا: له ئه‌فسانه‌ی یۆنانیدا، پاندۆرا، که ژنێکی جوانه خوداکان چه‌ندین به‌هره‌ی جیاوازیان داوه‌تێ، سندوقێکیان دراوه‌تێ که پێیوتراوه نه‌یکاته‌وه، به‌ڵام خۆی پێناگیرێت و ده‌یکاته‌وه. هه‌مو شه‌ڕانگێزییه‌کان لەو سندوقە دێنه ده‌ره‌وه و بڵاوده‌بنه‌وه به دنیادا و مرۆڤایه‌تی گیرده‌خوات به‌ده‌ستیانه‌وه. کاتێک سندوقه‌که داده‌خات، ته‌نها "هیوا"ی له‌ناودا ماوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ ئەوەی مرۆڤ شتێکی هه‌بێت په‌نای بۆ ببات و پشتی پێببه‌ستێت له کاتی ته‌نگانه‌دا. ئه‌لێکسی تزڤێتکۆڤ – شاعیر و وتارنوسێکی روسیه |
| دواتر > |
|---|