| وته‌ی هه‌فته |
| بە سەربازیکردنی لەسەرخۆی ئابوری ئێران |
|
|
نووسه‌ر محه‌مه‌د جەهانپهروهر
|
|
|
له حوزه‌یرانی 2009 ه‌وه، راگه‌یاندنه‌کانی جیهان بایه‌خێکی ئێجگار زیاتریان داوه به هه‌ڵبژاردنه ساخته‌کانی ئێران و پرۆگرامه ئه‌تۆمییه پڕکێشمهکێشهکهی. له‌کاتێکدا ئاڕاسته‌یه‌کی جدیتر و پڕ مه‌ترسیدار له‌ئارادایه که به ته‌واوه‌تی به‌سه‌ر شاره‌زیان و لێکۆڵه‌رانه‌دا تێپه‌ڕێووه: ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی بزنس و کۆمپانیا بازرگانییه گشتیه‌کانی ئێران له‌لایه‌ن سوپاسی پاسدارانی شۆڕشی ئێرانیه‌وه. سوپای پاسداران بەئاشکرا رۆڵی خۆی سەپاندوە وه‌ك هێزێکی ئەمنی و سه‌ربازی. ئەم جوڵهیەی سوپای پاسداران چه‌ند به‌شێکی ئابوری وڵاتی بە تەواوی له چاودێره مه‌ده‌نیه ئێرانی و نێوده‌وڵه‌تیه‌کان قەدەغەکردوە. تێکەڵکردنی هێڵی جیاکەرەوەی نێوان دامەزراوە ده‌وڵه‌تی و دامەزراوە تایبه‌ته‌کان هه‌میشه شتێکی خراپه، به‌ڵام تێکەڵکردنی هێڵی جیاکەرەوەی نێوان سوپا و بزنس کارهساتێکە بۆ خۆی. له‌به‌رئه‌وه‌ی سوپای پاسداران مه‌یلی به‌لای هاریکاریکردنی رێکخراوه تیرۆریستیه‌کاندا هه‌یه، گرتنه‌ده‌ستی ئه‌و کۆمپانیایانه‌ی که ته‌کنه‌لۆجیای دوو مه‌به‌ست (سه‌ربازی و مه‌ده‌نی) به‌کاردێنن، ئه‌نجامی خراپی ده‌بێت.
له سه‌ره‌تای 2000 ه‌وه، 'بنکه‌ی خاتم ئه‌لئه‌نبیا' کارا بووه له گه‌ڕان و ده‌رهێنان و گرێبه‌ستن لە بواری هایدرۆکابۆندا بۆ دامەزراوەکانی ووزه. له‌م بواره‌دا مامه‌ڵه‌یه‌کی تایبه‌تیان له‌گه‌ڵدا کراوه و له ئه‌نجامدا توانیویانه به‌شێوه‌یه‌کی کاریگه‌ری ئه‌م که‌رته بۆخۆیان قۆرغبکه‌ن. دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیەکەی 2005 که مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی، کۆنە ئه‌ندامی پاسداران و تیوەگلاو لەگەڵ میلیشیای به‌سیج، خستە باڵاترین پۆستی مه‌ده‌نی له ئێران‌دا، سوپای پاسداران پشتگیری و هاندانی ئاشکرای حکومه‌تی بەدەستهێنا بۆ فراوانکردنی ئیمپراتۆریهتە بازرگانیەکەی. به پاڵپشتی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، سوپای پاسداران بڕێکی به‌رچاوی ئەملاکی له بواری گواستنه‌وه و به‌رهه‌مهێنانی گه‌ڕان به دوای نه‌وت و بونیادە دهریاییەکاندا کڕیوە و به‌م دواییانه‌ش پەیوەندیکردنی تەلەفۆنی. زۆربه‌ی ئه‌م دەستکەوتانەش به‌بێ چاودێریی یاسایی و به‌بێ هه‌بوونی تەندەری رکابه‌ر ئه‌نجامدراون. له‌ئه‌نجامدا حکومه‌تی ئێران، به‌بێ گرتنەبەری رێڕەوی یاسایی، خاوه‌ندارێتی ئه‌م کۆمپانیایانه‌ی گواستۆته‌وه بۆ پاسداران.
به تایبه‌ت فرۆشتنی کۆمپانیای سادرا (بونیادی نه‌وتی و ده‌ریایی) و کۆمپانیای ئێران تێلیکۆم (کۆمپانیای ته‌له‌فۆنی مۆبایل) ئه‌و کاته و ئێستاش لێوانلێون له لادان. دوای گرتنه‌ده‌ستی کۆمپانیای سادرا، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌ی که له لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه دانرابوون شکستیان هێنا له پرۆسەی گرتنەدەستی بەرپرسیارێتی کۆمپانیاکە و نه‌یانتوانی له مه‌سه‌له داراییەکانی کۆمپانیاکه‌دا سه‌رکه‌وتووبن. کاتێکیش که زەرەرەکان زیادیانکرد، سوپای پاسداران به‌ڕێوه‌به‌رانی پێشووی رەوانەی به‌رده‌م دادگای شۆڕشی ئیسلامی کرد به تۆمه‌تی خاپورکردنی ئه‌و پرۆژانه‌ی که په‌یوه‌ندیان به ئاسایشی نیشتمانیه‌وه هه‌بووە. لە مەسەلەی کۆمپانیای ئێران تێلیکۆمیشدا، چه‌ند کاتژمێرێك پێش ده‌رکردنی دوا بڕیار سه‌باره‌ت به فرۆشتنه‌که، ئه‌و تاقه تەندەرە رکابەرەی که له‌ئارادا بوو وەلانرا، گوایه له‌به‌رئه‌وه‌ی رکابه‌ره‌که پشکنینی ئاسایشی تێنهپهڕاندوە که له لایه‌ن باڵی هه‌واڵگیری سوپای پاسدارانه‌وه ئه‌نجامده‌درێت. بەو پێیەش، ته‌نانه‌ت یه‌ك تاقە تەندەری رکابەریش له‌ئارادا نه‌بوو بۆ فرۆشتنێکی 7.8 ملیار دۆلاری.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م فرۆشتنه به‌شێوه‌یه‌کی کاریگه‌رانه سوپای پاسداران ده‌کاته "خاوه‌ن" و هه‌ڵسوڕێنه‌ری سیستمی ته‌له‌فۆنی مۆبایل و ئینته‌رنێتی ئێران، مه‌ترسیه‌کی گه‌وره له‌نێوان چالاکوانە سیاسی و مه‌ده‌نیه‌کاندا له‌ئارادایه لەبارەی ئەگەری بەکارهێنانی ئەم دەستەڵاتە نوێیەی سوپای پاسداران لە سەرکوتکردنی نەیاراندا. له‌م بارەشدا، ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌تی (له‌شێوه‌ی خاوه‌ندارێتی سه‌ربازیدا) هەرەشەیە لەسەر ئازادیە تاکه‌که‌سی و بازرگانیەکان.
که‌س نازانێت له سه‌دا چه‌ندی 'تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیی' GDP' ئێران له‌لایه‌ن سوپای پاسداران یاخود گروپە خەیاڵیە روکەشە کۆنترۆڵکراوەکان لەلایەن پیاوانی ئاینیەوە، کۆنترۆڵکراوە. ئه‌م کۆمپانیایانەش، جا سه‌ربازی بن یاخود پیاوە ئاینیەکان خاوه‌نیان بن، لە باج سپێردراون، راپۆرت له‌سه‌ر فرۆشیهکانیان و قازانج و زیانه‌کانیان ناخەنەڕوو، له لایه‌ن ده‌زگا یاسایی و دهوڵهتیەکانەوە مامه‌ڵه‌ی تایبه‌تیان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت، و به مانای وشه‌ش رکابه‌ریی "وردوخاش" ده‌کات.
بۆ نمونه، کاتێك که وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی ئێران گرێبه‌ستێکی به‌خشی به کۆمپانیای 'تورك سێڵ' تورکیی بۆ پەیوەندیکردنی تەلەفۆنی تاوه‌کو سیستمی تێلیکۆمی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی نوێی تاران هه‌ڵبسوڕێنێت، سوپای پاسداران فڕۆکه‌خانه‌ی ناوبراوی به تانك و ئوتومبێلی سه‌ربازی داگیرکرد و فڕۆکه‌ی سه‌ربازی به‌کارهێنا بۆ رێچکهگۆڕینی فڕۆکه هاتووه‌کان بە ئاراستەی فڕۆکه‌خانه کۆنه‌که. هۆکاری ئه‌م نمایشی هێزه ئه‌وه بوو که باڵی ئاسایشی سوپای پاسداران ناڕازیبوو لەوەی کە موڵکایەتی یه‌کێك له "که‌رته گرنگه‌کان" بدرێت به کۆمپانیایه‌کی بیانی. تورك سێڵ پێشنیاریکرد کە به لە 15% که‌متر لەو نرخەی کە دواجار لەسەری رێککەوتوون، سیستەمەکە ببات بەڕێوە، و هه‌موو ئه‌و کۆسپانەی تێپه‌ڕاند که له‌لایه‌ن حکومه‌تی ئێرانه‌وه خرابوونە رێگەی. دواجار کۆمپانیایه‌کی پەیوەست به سوپای پاسدارانه‌وه ئۆپراسیۆنەکەی لە مامه‌ڵه‌یه‌کی نهێنیدا له ساڵی 2005 دا گرته‌ده‌ست.
ئێمه وه‌ك که‌سانی لیبێرل هه‌میشه خەمی ئەو پێشێلکاریانەمانە کە بەرامبەر بە ئازادیه‌کانی تاکه‌که‌س و بازرگانی ئازاد ئەنجام دەدرێن. ئه‌مه سیستمێکی "ده‌وڵه‌تگه‌را" نیه، وه‌ك له هه‌ندێك له وڵاته ئه‌وروپیه‌کاندا هه‌یه. هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تێکی سۆسیالیستی یان مارکس‌یش نیه، وه‌ك یه‌کێتی سۆڤیه‌تی جاران. له زۆر روه‌وه، کۆماری ئیسلامی ده‌وڵه‌تێکی فاشیی کلاسیکیه، بەلەبەرچاوگرتنی سەرکوتکردنی ٧٠ ملیۆن کەسی ئێرانی، و سیاسەتە دەرەکیەکەی و سەرچاوە بێشومارە هایدرۆکاربۆنیەکەی و رۆڵی ستراتیژی لە خۆرهەڵاتی ناوەند و سەرتاسەری جیهاندا، و دژایه‌تیکردنێکی ئاشکرای به‌ها لیبراڵیەکان، ئەمانە هەموو کێشه‌گه‌لێکن که ناکرێت پشتگوێ‌یان بخه‌ین. |
| < پێشتر | دواتر > |
|---|