| وتهی ههفته |
| نرخی ئازادی ڕادەربڕین لە ئێران چەندە ؟ |
|
|
نووسهر چرای ئازادی
|
|
|
ناونیشانی ئەم نوسینە سەیر دەردەکەوێت لەبەر ئەوەی رەنگە یهكهم پرسیار ئهوهبێت كه ئایا دهكرێت نرخ بۆ ئازادی دابنرێت؟ یاخود ئهو فاكتهرانه چین که ئهو نرخه دیاری دهکهن؟
بەڵام پێش ئهو پرسیارانه، پێویستە جیاکاری بکەین لە نێوان نرخ و بەها دا. نرخ ئەو بڕەیە ( لە پارە یاخود هەر شێوازێکی پهسهندی دیکه بۆ ئاڵوگۆڕ) کە دەیخەینە سەر هەر بابەتێک ئەگەر بمانەوێت بیفرۆشین.
بهڵام بهها بە گوێرەی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ئەو شتە بەدەست بهێنن یاخود بیپارێزن له گۆڕاندایه. لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هەندێک شت هێندە پڕ بەهان کە هەموو سامانی دنیا ناتوانێت بیانکڕێت، یەکێک لەوانەش ئازادیە.
بێگومان مهبهستی ئهم نوسینه قسهکردن نیه لهسهر بهڵگهنهویستی بههاباڵایی ئازادی، مەبەستی ئەم نوسینە ئاراستەیەکی تەواو جیاوازی هەیە، ئهویش بریتیه له پەیوەندی ئازادی رادەربڕین و پارە لە ئەمڕۆی ئێراندا. هەموو ئەمەش لەو هەواڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە رژێمی ئێران لە رۆژی ٨/١/٢٠١٠ هەموو ئەو پارە کاغەزانەی کە نوسینیان لەسەر نوسراوە لە کاردەخات و ئەو پارە کاغەزانە رادەکێشرێنەوە و چیتر مامەڵەیان پێوەناکرێت.
ئێران لەماوەی ٦ مانگی رابردوودا تەوژمێکی نەوەستاوەی ناڕەزایی سیاسی بەخۆوە دیوە کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیهوه هەڵگیرساون و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن. ئێرانیەکان وەک داهێنانێکی بێوێنە دەستیاکردوە بە نوسینی دروشمی دژە رژێم لەسەر پارەی کاغەز، یەکێک لەو دروشمانه بریتیە لە "برۆخێ دیکتاتۆریەت".
واتە لە هەر مامەڵەیەکی بازرگانیدا له ئێران، دوو کەرەستە ئاڵوگۆڕ دەکرێن، یەکێکیان ئەو شتەیە کە دەفرۆشرێت، و ئەودیشیان کە مەودایەکی رەمزی و بەهاداری هەیە، ئەویش ئازادی رادەربڕینە.
ئاشکرایە ئەم دیاردەیە دوو ڕووی هەیە. روویەکیان ئەوەیە کە ئازادی رادەربڕین لە ئێراندا لەژێر جەوری چەساندنەوەدا رۆژانە سەرکوتدەکرێت. بەڵام دیوەکەی دیکەی ئەوەیە کە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران هەرگیز کۆڵنادەن له دەرببڕینی رای خۆیان.
رژێمی ئێران هەوڵی بێوچان دەدات بۆ سەرکوتکردنی ئەو پانتاییە بچوکەی ئازادی رادهربڕی بەوەی کە بڕیاربدات ئەو پارانەی کە نوسینیان لەسەرە مامەڵەیان پێوە نەکرێت. بێگومان ئەمەش هەوڵێکی سەرنەکەوتووە چونکە خەڵکانی ئازادیخواز کە ئامادەبن ژیانیان بکەنە قوربانی لە پێناو ئازادیدا، ئەوا ئامادەشن ئەو پارانەی کە هەیانە بکەنە قوربانی لە پێناو گەیاندنی پەیامەکەیاندا.
مەگەر ئێران بەتەواوی خۆی بەدوربگرێت لە پارەی کاغەز تاوەکو بتوانێت رێگە بەو دیاردەیە بگرێت. رەنگە گەڕانەوە بۆ سەردەمە کۆنەکان و بەکارهێنانی پارەی کانزایی چارەسەر بێت. ئەوە تاقه رێگهیه بۆ دهربازبوونی رژێمی ئێرانی لهو جۆره له ناڕهزایی چونکە ئەم رژێمەی ئێستا ناتوانێت بە سیاسەتی سەرکوتکردنەوە هەنگاوبنێتە ناو ژیانی هاوچەرخ و کارتی بانکی بەکاربهێنێت. بۆیە گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمانەی کە تێیاندا مەوداکانی ئازادی بەرتەسکتربوون و هەر لەو سەردەمانەشدا خەڵکی پارەی کانزاییان بەکاردەهێنا بۆ ئاڵوگۆڕە بازرگانیەکانیان چونکە دەستەڵاتداران لهو سهردهمهدا رهنگه درکیان بهوه کردبێت که ئەگەر پارەی کاغەزیان هەبێت خەڵکی دروشمی دژە چەوسانەوەیان لەسەر دەنوسن و دهبێته گرفتێکی گهوره بۆیان. |
| < پێشتر | دواتر > |
|---|