| وته‌ی هه‌فته |
| یاساڕێژکردنی کۆمەڵگە و کێشە کارگێڕییەکان |
|
|
نووسه‌ر بەختیار کەریم
|
|
|
له ئه‌نجامی ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی له په‌رله‌مانه‌کانی پێشوو ده‌گیران لەبارەی ناکارایی و هیچنهکردنەوە، په‌رله‌مانی نوێی کوردستان لێبڕاوه بۆ یاساڕێژکردنی کۆمه‌ڵگا به چه‌ندین یاسا که دواجار ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن زیادده‌کات و هاوڵاتیانیش تووشی کێشه‌ده‌کات و دادگاکان سه‌رقاڵده‌کات به کێشه‌ی راڤه‌کردنی یاساییه‌وه.
لێره‌دا کاردانه‌وه‌ی په‌رله‌مان بۆ ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی ئاراسته‌ی کراون، کاردانه‌وه‌یه‌کی تووند و ڕه‌هایه، له‌جیاتی ده‌رنه‌کردنی یاسا و دەستپێکردنی گفتوگۆ، هه‌ر له چه‌ند مانگی یه‌که‌مدا په‌رله‌مان چه‌ند یاسایه‌کی ده‌رکرد و بڕیاره چه‌ند دانه‌یه‌کی دیکه بخرێته ده‌نگدانه‌وه. با بزانین کێشه‌ی ئه‌م یاساڕێژکردنهی کۆمه‌ڵگا چییه.
واچاکە سەرەتا ڕوونیبکه‌ینه‌وه مه‌به‌ستمان چییه له یاساڕێژکردن (over-legislation). مه‌به‌ست له یاساڕێژکردن ده‌رکردنی یاسای زۆره و کۆتکردنی کۆمه‌ڵگایه له‌ڕێگای چه‌ندین ڕێوشوینی یاساییه‌وه. ئه‌نجامی ڕاسته‌وخۆی یاساڕێژکردن بریتییه له قه‌ڵه‌وکردنی حکومه‌ت، واتا به‌خشینی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به لایه‌نی جێبه‌جیکار.
یەکەم پرسیاری گرنگ لەم پرۆسهیەدا رەنگە دووباره‌کردنه‌وه‌ی پرسیاره گرنگه‌که‌ی "هێربێرت سپێنسه‌ر" بێت کە دەپرسێت "ئایا حکومه‌ت ئه‌رکه ئاشکرا‌کانی خۆی جێبه‌جێکردوه تاوەکو ئێمه هه‌ستین به به‌خشینی چه‌ندین ئه‌رکی دیکه له‌ڕێگای ده‌رکردنی یاسای نوێوه، ئایا حکومه‌ت ئه‌رکه داراییه‌کانی خۆی، وه‌ک جێبه‌جیکردنی دروست و بێفێڵی بودجه، بێخهوشانه جێبه‌جێکردوه، تاوەکو ئێمه چه‌ندین ئه‌رکی دیکه و ده‌سه‌ڵاتی دارایی دیکه‌ی پێببه‌خشین. ئایا حکومه‌ت ئه‌رکه دادوه‌رییه‌کانی خۆی به‌جێهێنانه‌وه، به‌رله‌وه‌ی ئێمه ده‌سه‌ڵاتی سزادانی زیاتری پێببه‌خشین؟"
ئایا ڕه‌وا نییه په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌م پرسیارانه له‌خۆی بکات، به‌رله‌وه‌ی له‌ڕێگای یاسای نوێوه ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جیکردن و دارایی زیاتر ببه‌خشێت به حکومه‌ت؟
بێگومان هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین که په‌رله‌مان ده‌زگای یاسادارشتنە. به‌ڵام ئه‌مه هه‌رگیز به‌و واتایه نایه‌ت هه‌رکاتێک چه‌ند ڕۆژنامه‌نووسێک ڕه‌خنه‌یان ئاراسته‌ی شتێک کرد، په‌رله‌مان وه‌ک کاردانه‌وه یاسایه‌کمان بۆ قووتبکاتهوه. چونکه یاسا به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان بیریتیه له ڕێکخستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که هه‌ن، واتە له لایه‌نێکی ده‌سه‌نێته‌وه و ده‌یداته لایه‌نێکی تر.
سه‌رنجێکی خێرا له‌و کۆمه‌ڵه یاسایه‌ی که په‌رله‌مانی ئێستا ده‌ریکردوون یان بڕیاره ده‌ریانبکات، دهریدەخات که ئه‌نجامی ڕاسته‌وخۆی ئه‌م یاسایانه بریتییه له که‌ڵه‌که‌کردنی زۆرترین ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی یه‌که کارگێڕییه‌کان و وه‌زیره‌کاندا. جا ئایا په‌رله‌مان ئه‌مه به‌مه‌به‌ست ده‌کات یان به‌بێ مه‌به‌ست، هیچ له‌و ڕاستییه ناگۆڕێت که سیاسه‌تمه‌داران (تاوەکو رادەیەکی دیاریش سەرجەم کۆمەڵگە) تاوەکو ئێستاش پێیانوایه حکومه‌ت کلیله بۆ کردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رگاکان و ده‌رمانه بۆ چارەسەری هه‌موو ده‌رده‌کان.
ده‌رکردنی یاساگەلی وەک یاسای پاراستنی به‌کاربه‌ر، بیمه‌ی ژنی ماڵه‌وه، پاراستنی کێبه‌رکێ، کۆمه‌ڵێک ده‌سه‌ڵات ده‌به‌خشن به وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ره کارگێڕییه‌کان که له ڕاستیدا نابێت هه‌یانبێت. ئه‌گه‌ر بڕیاره حکومه‌ت له بازاڕ دووربخه‌ینه‌وه به ئومێدی ئازادکردنی بازاڕ، ئه‌وا به چ لۆجیکێک وه‌زیر ده‌توانێت بڕیاری کۆتایی بدات له لێکدانی دوو کۆمپانیا یان له‌وه‌ی چۆن ژنان سه‌ربه‌خۆیی دارایی ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن؟ له‌ڕاستیدا ئه‌م ڕێچکه‌یه پاشه‌کشێیه له بازاڕی ئازاد و کراوه نه‌ک ڕێخۆشکردن بۆی، چونکه ئه‌وکاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی کارگێڕی حکومه‌ت گه‌یشته هه‌موو که‌لێنه‌کانی بازاڕ و بازاڕگوزاری، ئه‌وا زه‌مینی گه‌نده‌ڵی له‌جیاتی ئەوەی به‌رته‌سک ببێتەوە، بەپێچەوانەوە به‌رفراوانتر ده‌بێت.
ئێمه پێویستمان به پاراستنی به‌کاربه‌ره له بازرگانی بەدکار، به‌ڵام ئه‌م پاراستنه هیچ پێویستی به یاسای کارگێڕی نییه، چونکه دەتوانرێت به یاساکانی تاوان ئه‌و بازرگانه بەدکارانە سزابدرێن که ژه‌هرمان به هه‌نگوین پێده‌فرۆشن. لێره‌دا ئێمه به‌و یاسایانه‌ی که هه‌مانه ده‌توانین ڕێگه بگرین له هێنانی کاڵای به‌سه‌رچوو، هاوکات به‌و یاسایانه‌ی که هه‌ن ده‌توانین بهکابهر له ده‌ستبڕین و فریودان بپارێزین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویستمانه ئیراده‌یه بۆ جێبه‌جێکردنی یاسا نه‌ک ده‌رکردنی یاسای نوێ.
کێشه‌یه‌کی دیکه‌ی سه‌رچاوه‌گرتوو له یاساڕێژکردنی کۆمه‌ڵگاوه، بریتییه له دروستکردنی کێشه‌ی کارگێڕی زۆر له‌نێوان هاوڵاتیان و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردندا. کێشه‌ی له‌وه‌ش گه‌وره‌تر ئه‌وه‌یه که تاوەکو ئێستاش ئێمه یاسای ئیداری پێگه‌یشتوو و دادگای ئیداری چالاکمان نییه بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان په‌نای بۆ به‌رن له‌کاتی دروستبوونی کێشه‌ی ئیداریدا. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته زۆرانه‌ی ده‌درێن به جێبه‌جێکاران بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر هه‌ندێک مه‌سه‌له‌ی بازرگانی بێچه‌ندوچوون ده‌سه‌ڵاتی یاسادانن. ئه‌و بڕیارانه‌ی جێبه‌جێکاران ده‌یده‌ن زۆرجار کارده‌که‌نه سه‌ر مافه بنه‌ڕه‌تی و ده‌ستورییه‌کانی هاوڵاتیان و هه‌میشه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که ئه‌م مافانه پێشێلبکرێن.
له‌کاتی ئه‌نجامدانی گفتوگۆی له‌م جۆره‌دا، ده‌سته‌به‌جێ پرسیاری ئه‌وه دێته پێشه‌وه که ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان یاسا ده‌رنه‌کات چی بکات؟ ئه‌مه هه‌مان تێڕامانی تاکڕه‌هه‌نده بۆ کاری په‌رله‌مانی. کاری په‌رله‌مان به‌ته‌نها یاسادانان نییه، له‌ڕاستیدا په‌رله‌مانی سه‌رکه‌وتوو ئه‌و په‌رله‌مانه‌یه که که‌مترین یاسا ده‌رده‌کات و زۆرترین چاودێری ده‌کات. په‌رله‌مان وه‌ک نوێنه‌ری خه‌ڵک پێویسته چاودێری حکومه‌ت بکات و بزانێت چۆن کاره‌کانی ده‌بات به‌ڕێوه، پێویسته چاودێری کۆمه‌ڵگا بکات و بزانێت خواست و چاوه‌ڕوانییه‌کانیان چییه. به‌ڵام هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه که کاتێک په‌رله‌مان هه‌ستی به‌وه کرد که له شه‌قامی کوردستاندا هۆشیارییه‌ک گه‌ڵاڵه بووه، بۆ نموونه، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که پاشکۆیی دارایی ژنان و وابه‌سته‌بوونی داراییان به‌پیاوه‌وه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو نههامتییهکانیانه، په‌رله‌مان ده‌ستبه‌جێ یاسایه‌ک ده‌ربکات که "بیمەی کارنەکردن" بدات به‌و ژنانه‌ی له ماڵه‌وه‌ن و کارناکه‌ن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی سووکایه‌تییه به‌ژنان، تێنه‌گه‌یشتنه له ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌که و ڕه‌گوڕیشه‌ی کێشه‌که. چونکه وه‌رگرتنی پاره له‌به‌رامبه‌ر هیچ نه‌کردندا ده‌بێته هۆی کوشتنی به‌هره و په‌راوێزخستنی زیاتری ژنان نه‌ک یه‌کسان کردنیان له‌گه‌ڵ پیاودا. ئه‌و ژنانه‌ی ئاستێک له سه‌ربه‌خۆیی داراییان ده‌سته‌به‌رکردوه له ئه‌نجامی ئه‌وه‌وە نییه که پاره‌یان ده‌ستده‌که‌وێت، به‌ڵکو له ئه‌نجامی ئهوهوەیه که شانازی به خۆماندووکردنیانەوە ده‌که‌ن له‌ڕێگای خزمه‌تکردنی خۆیان و خێزان و کۆمه‌ڵگادا.
ده‌بوایه هه‌نگاوی یه‌که‌می په‌رله‌مان چاودێریکردنی کاره‌کانی حکومه‌ت و دادگاکان بوایه، چاودێریکردنی جێبه‌جێکردنی بودجه بووایه. به‌ڵام په‌رله‌مان وه‌ک ئه‌وه‌ی له جه‌نگه‌ڵدا دروست بووبێت، پێیوایه پێویسته یاسا بۆ هه‌موو شتێک دابنرێت. ئه‌مه‌ش دووفاقییه‌کی گه‌وره‌یه و دواجار ده‌بێته هۆی شکستی سیاسی په‌رله‌مان. په‌رله‌مان له‌لایه‌که‌وه پارێزگاری له حکومه‌ت ده‌کات و که‌موکوڕییه‌کانی بۆ ده‌پۆشێت، له‌لایه‌کی تره‌وه گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌کات که حکومه‌ت نییه و یاسا نییه و پێویسته له سفره‌وه ده‌ست پێ‌بکات. ئه‌م بهدتێگهیشتنه له کاری په‌رله‌مانی به‌شێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌شاره‌زایی زۆرترین ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، هەروەها سەرقاڵبونیان بەو ئیمتیازاتانەی کە وەریدەگرن.
پێویسته په‌رله‌مان هه‌وڵ بدات له هه‌لومه‌رجی ئێستای کوردستان تێبگات به‌رله‌وه‌ی هه‌ر یاسایه‌ک ده‌ربکات. هیچ کام له کێشه‌کانی ئێمه یه‌ک ره‌هه‌ند و یه‌ک دیو نیین. هیچ کام له گرفته‌کانمان یه‌ک هۆکار و یه‌ک ئه‌نجامیان نییه. لێره‌وه گرنگه هه‌وڵ بدرێت له کۆی بارودۆخه‌که تێبگه‌ین، برینه‌کان ده‌ستنیشان بکه‌ین، ئه‌وجا هه‌وڵ بده‌ین چاره‌سه‌ریان بکه‌ین. قه‌ڵه‌وکردنی حکومه‌ت و به‌خشینی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به جێبهجیکاران، داواجار مه‌ودای گه‌نده‌ڵی به‌رفراوانتر ده‌کات و دەبێتە مایەی ئەوەی کاری سیاسی کوردستان ته‌نها له بازنه‌یه‌کی به‌تاڵدا بسووڕێته‌وه. حکومه‌ت ناتوانێت ئه‌و سوپا گه‌وره‌یه‌ی فه‌رمانبه‌ران، که زۆریان بێئیش و بێبه‌رهه‌من، لابەرێت یان کەمبکاتەوە. کاتێکیش په‌رله‌مان له‌ڕێگای یاسای نوێوە دەستبداتە دامەزراندنی بۆرد و ده‌زگا و دامه‌زراوه و په‌یمانگا و دیوان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و به‌ش و نووسینگه و ده‌سته‌ی نوێ، ئه‌وا کارکردنی حکومه‌ت قورس‌تر ده‌کات.
حکومه‌ت زیاد له پێویست گه‌وره بووە و تووشی قهڵهویهکی بهرچاوبووە، پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه چۆن بتوانین حکومه‌ت بگێڕینه‌وه بۆ قه‌باره تهندروستەکەی! |
| < پێشتر | دواتر > |
|---|