| ئابوری بە زمانی سادە |
|
|
|
ده‌ستپێک
ئابوری یه‌كێكه له كۆڵه‌كه گرنگه‌كانی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵ و وڵات. تێگهێشتنیش له ئابوری و ئابوریناسی رێگهخۆشدهكات له‌به‌رده‌م تاكه‌كانی كۆمه‌ڵدا تاوه‌كو بتوانن تێگه‌یشتنی باشتریان هه‌بێت بۆ ئه‌و شتانه‌ی له چوارده‌وریان گوزه‌ر ده‌كات و په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ و رۆژانه‌ی هه‌یه به ژیان و داهاتوویانه‌وه. كتێبخانه‌ی كوردی له‌م بواره‌دا تاراده‌یه‌كی زۆر هه‌ژاره و زۆربه‌ی ئه‌و كارانه‌ی پێشتریش كراون له یه‌ك دیدی دیاریكراوه‌وه ده‌ڕواننه ئابوریناسی كه ئه‌ویش دیدێكی سۆشیالیستیه.
له ئه‌زمونه‌كانی سه‌د ساڵی رابردووی ئابوری سۆشیالیستیدا ده‌ركه‌ووتوه كه ئه‌و سیسته‌مه ناتوانێت ئابوریه‌كی سه‌قامگیر و پته‌و بێت و له‌وه‌ش زیاتر ده‌ركه‌وتوه كه ناتوانێت ئه‌و خۆشگوزه‌رانیه بهێنێته دی كه به‌ڵێنی هێنانه‌دی دابوو. ئه‌مه‌ش راستیه‌كه سه‌د ساڵی رابردووی ئه‌زمونه‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات سه‌لماندیان. وڵاتێكی وه‌ك چین تاوه‌كو له ڕووی ئابوریه‌وه نه‌كرایه‌وه، نه‌یتوانی ببێته هێزێكی ئابوری گه‌وره‌ی جیهانی. ئه‌گه‌ر به‌راورد بكه‌ین له نێوان كۆریای باكور و كۆریای باشوردا، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه چۆن كۆریای باشور به ماوه‌ی په‌نجا ساڵ له وڵاتێكی هه‌ژاره‌وه گه‌یشته ئاستی یه‌كێك له ئابوریه دیاره‌كانی دنیا و ئاستی گوزه‌رانی كۆریاییه باشوریه‌كان به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌ره‌وپێشچوو. له كاتێكدا كۆریای باكور له ئێستادا یه‌كێكه له هه‌ژارترین وڵاته‌كانی دنیا كه هاوڵاتیه‌كانی به‌ده‌ست بێ خۆراكیه‌وه ده‌ناڵێنن و بێبهشیشن له هه‌موو ئه‌و كه‌ره‌سته و پێویستیانه‌ی كه خۆشگوزه‌رانی دابینده‌كه‌ن.
ئابوری بازاڕ كه له نێوه‌ندی رۆشنبیری و سیاسی كوردیدا چه‌مكێكی نوێیه و زۆرجاریش له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه سیفاتی شه‌یتانی ده‌درێته پاڵ و له دواجاردا وه‌ها وه‌سفده‌كرێت كه ئه‌مه بڵاوكردنه‌وه‌ی شێوازی ئه‌مه‌ریكاییه و گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن، به جۆرێك له حه‌قیقه‌تیشه‌وه، كه له ئه‌نجامدا وڵاتانی دواكه‌وتوو ده‌بنه قوربانی وڵاتانی گه‌شه‌كردوو و چه‌ندین قسه‌ی له‌م جۆره كه هیچ كامێكیان بناغه‌ی زانستیان نیه و پشتئهستوریش نین به زانیاری و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی.
ئابوری بازاڕ زۆر به شێوه‌یه‌كی ساده له‌سه‌ر بنه‌مای هانده‌ر كارده‌كات. هانده‌ر ئه‌و هێزه‌یه كه به‌رهه‌مهێن والێده‌كات ئه‌و شتانه به‌رهه‌مبهێنێت كه كڕیار له بازاڕدا ده‌یانخوازێت و كڕیاریش حه‌ز و ئاره‌زوه‌كانی خۆی له ڕێگه‌ی كڕینی به‌رهه‌مه‌كانه‌وه ده‌گه‌یه‌نێته به‌رهه‌مهێن. ئه‌گه‌ر كڕیار ئاماده‌بوو ١٠ دۆلار بدات به جوتێك پێڵاوی دیاریكراو، ئه‌وكات به‌رهه‌مهێنی ئه‌و پێڵاوه هانده‌ری ئه‌وه‌ی ده‌بێت كه پێڵاوی زیاتر به‌رهه‌م بهێنێت و واز له به‌رهه‌مهێنانی، بۆ نمونه، نه‌عل بهێنێت، به‌و پێیه‌ش پێڵاوی باشتر به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
ئابوری بازاڕ له‌سه‌ر بنه‌مای ئیراده‌ی ئازادی تاكه‌كان ده‌ڕوات به‌ڕێوه. كڕیار و به‌رهه‌مهێن به‌هه‌ردوولایان بڕیار له‌سه‌ر جۆر و بڕی به‌رهه‌م ده‌ده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی هێزێكی سهرووخۆیان، جا ئه‌و هێزه ده‌سته‌یه‌ك بێت یاخود سه‌رجه‌می ده‌وڵه‌ت، بڕیار بدات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كڕیار ده‌بێت چی بكڕێت و به‌رهه‌مهێنیش ده‌بێت چی به‌رهه‌م بهێنێت.
پرۆسه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی حكومه‌ت له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و سه‌رجه‌می ئابوری‌دا به پلانڕێژی ناوه‌ندی ناسراوه كه تێیدا ده‌سه‌ڵاته باڵاكانی ده‌وڵه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كانی پیشه‌سازی و بازرگانی بڕیار ده‌ده‌ن له‌سه‌ر بڕ و چۆنێتی و چه‌ندایه‌تی به‌رهه‌م. ئه‌م شێوازه‌ش سه‌ركه‌توو نابێت له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ك ئابوریناسی ناودار و خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبێل فرێدریش هایاك ده‌ڵێت ئه‌و ده‌سته و وه‌زاره‌تانه هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌یان له‌به‌رده‌ستدا نیه كه پهویوهستن به نرخ و خواسته‌وه، به‌و پێیه‌ش بڕیاره‌كانیان ناته‌واو ده‌رده‌چن.
بازاڕ ئه‌و ناوه‌نده‌یه كه هه‌موو زانیاریه‌كانی تێدا ئاڵوگۆڕ ده‌كرێت و له ڕێگه‌ی نرخ و خواسته‌وه به‌رهه‌مهێنه‌ران و به‌كاربه‌ران به شێوه‌یه‌كی ناراسته‌خۆ له‌گه‌ڵ یه‌ك په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن و به‌و پێیه‌ش پرۆسه‌ی گه‌شه‌ی ئابوری به‌ره‌و پێش ده‌ڕوات و سامانی وڵات زیاد ده‌كات و له ئه‌نجامیشدا ئاستی گوزه‌رانی خه‌ڵك باشتر ده‌بێت.
ئه‌م په‌رتوكه‌ی له‌به‌رده‌ستاندایه، په‌رتوكێكی سه‌ره‌تاییه و به زمانێكی ساده نوسراوه. په‌رتوكێك كه ده‌كرێت خوێندكارانی به‌شی ئابوری كۆلیژه‌كان و مامۆستاكانیان به‌هه‌مان شێوه‌ی خوێنه‌رێكی ساده سودی لێببینن و بتوانن له ڕێگه‌یه‌وه له پرۆسه‌كانی بازاڕ و نرخ و خواست و خستنه‌ڕوو و قازانج و سه‌رمایه و به‌رهه‌مهێنان و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی دیكه‌ی ئابوری تێبگه‌ن.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌م په‌رتوكه ته‌نها له به‌ر ساده‌یی شێواز و زمانه‌كه‌ی نیه. به‌ڵكو بهدێوێكی دیكه‌شدا خستنه ڕووی ئه‌و دیوه‌ی زانستی ئابوری كه تاوه‌كو ئێستا له‌نێو رۆشنبیری كوردیدا په‌رده‌پۆشكراوه و هه‌ر هه‌وڵێكیش بۆ باسكردنی دوچاری سه‌ركوتكردنی له‌شكری ئه‌و رۆشنبیر و ئابوریناسانه ده‌بێته‌وه كه به‌راسته‌وخۆو ناراسته‌وخۆ داكۆكی له سیسته‌مێكی ئابوری ده‌كه‌ن كه مێژووی سه‌د ساڵی رابردوو سه‌لماندویه‌تی كه سیسته‌مێكه خۆشگوزه‌رانی لێناكه‌وێته‌وه و له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه كه سیسته‌مێكه ناتوانێت له‌سه‌ر پێی خۆی رابوه‌ستێت.
بۆ نمونه زۆر جار كه قسه له‌سه‌ر هه‌ره‌سی بلۆكی سۆشیالیستی و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ده‌كرێت، زۆر كه‌س به شێوه‌یه‌كی سۆزدارانه ده‌یانه‌ویت شیكاری ره‌وشه‌كه بكه‌ن و راسته‌وخۆ ده‌ڵێن كه یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به پیلانگێڕی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری هه‌ره‌سی هێنا. به‌بێ ئه‌وه‌ی جورئه‌تی ئه‌وه بكه‌ن كه ته‌ماشایه‌كی مێژووی ئه‌و سیسته‌مه بكه‌ن و چاوێك بخشێنن به‌و زانیاریه ئابوریانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان كه پیشانی ده‌ده‌ن چۆن سیسته‌مێكی هێنده گه‌وره و زه‌به‌لاح نه‌یتوانی له‌ڕووی ئابوریه‌وه خۆی بگرێت و له كۆتاییدا ناچاربوو ملبدات بۆ شکستهێنانی سیسته‌مه ئابوریه‌كه‌ی كه وڵاتی به‌ره‌و ئیفلاسبوون برد و هاوڵاتیهكانیشی به‌ره‌و برسێتی و هه‌ژاری وبێبهشی له خۆشیه‌كان و پێداویستیه‌كانی ژیان برد.
كرانه‌وه‌ی ئابوری و به‌رفراوانبوونی ئازادیه تاكه‌كه‌سیه‌كان و به‌رقه‌رابوونی میدیای ئازاد و باشبوونی گوزه‌رانی خه‌ڵك و گه‌شه‌ی ئابوری و زیادبوونی سامانی وڵات هه‌موویان وابه‌سته‌ن به ئازادی ئابوریه‌وه. وابه‌سته‌ن به موڵكایه‌تی تایبه‌ت و بیرۆكه و پرۆژه نوێیه‌كانی ئهنترۆپهنۆرهكانهوه، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كه‌ن له هێنانه كایه‌ی پرۆژه و كاری نوێ‌دا كه ئه‌نجامه‌كانیان بۆ هه‌مووان به قازانج ده‌شكێته‌وه.
ئه‌گه‌ر نمونه‌یه‌كی بچوك وه‌ربگرین ئه‌م خاڵه‌مان بۆ روون ده‌كاته‌وه. كۆمپانیای ته‌له‌فۆنی مۆبایل، كه پرۆژه‌یه‌كی بازرگانیه و خاوه‌نی بیرۆكه‌كه به‌مه‌به‌ستی قازانجی خۆی و زیادكردنی سه‌رمایه‌كه‌ی ئه‌نجامیداوه. به‌ڵام بێگومان مه‌سه‌له‌كه لێره‌دا ته‌واو نابێت، به‌ڵكو قۆناغی دووه‌می پرۆسه‌كه لێره‌وه ده‌ستپێده‌كات، ئه‌مه‌ش ئه‌و به‌شه‌یه كه زۆرێك له سیاسه‌تمه‌داران و ته‌نانه‌ت ئابوریناسانیش نایانه‌وێت بیبینن یاخود ده‌ریبخه‌ن. خاوه‌نی كۆمپانیایه‌كی مۆبایل به مه‌به‌ستی قازانجی شه‌خسی خزمه‌تگوزارییه‌ك داده‌مه‌زرێنێت، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئه‌و خزمه‌تگوزایه قازانجێكی گه‌وره به خه‌ڵكی ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌و سوده‌ی كه به‌خه‌ڵكی ده‌گات یه‌كێكه له ده‌ركه‌وته‌كانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی كه له سه‌ره‌تاوه به‌مه‌به‌ستی قازانجی شه‌خسی دروستكراوه. لێره‌وه له‌و راستیه تێده‌گه‌ین كه ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌وڵی زیادكردنی سه‌رمایه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن، به ناراسته‌خۆ سه‌رمایه‌ی خه‌ڵكانی دیكه‌ش زیاد ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پرۆژه‌كانیان هه‌لی كاركردن بۆ ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك دابین ده‌كه‌ن و سه‌رباری ئه‌و خزمه‌تگوزاریه‌ی كه ده‌بێته یاریده‌ده‌رێكی به‌هیز بۆ باشتركردنی كار و بازرگانی كه‌سانی دیكه و به‌م شێوه‌یه‌ش كاریگه‌ریه‌كان بڵاوده‌بنه‌وه له شێوه‌ی شه‌پۆلی بازنه‌ییدا نه‌وه‌ك به ئاراسته‌ی تیرێكی راستڕه‌و.
دواجار پێویسته ئاماژه به‌وه بده‌ین که ئێمه به‌پێویستمان زانی ناونیشانی کتێبه‌که له(Conmmon Sense Economics)ه‌وه بگۆڕین بۆ (ئابوری به زمانی ساده)، چونکه ئه‌وه شیاوترین ناونیشان بوو بۆ ناونیشانه ئینگلیزییه‌که که وه‌رگێڕانی یان مه‌حاڵه یان به‌دتێگه‌یشتن دروست ده‌کات.
تێبینی: بۆ خوێندنەوەی هەموو پەرتوکەکە، تکایە کرتە لەسەر ئەو هێمایەی مایکرۆسۆفت وۆرد بکە لە سەرەوە بۆ داگرتنی فایلەکە.
|
| دواتر > |
|---|