| وته‌ی هه‌فته |
| لەبارەی ئازادیەوە |
|
|
|
نووسه‌ر جۆن ستیوارت میڵ
|
|
|
به‌شی یه‌که‌م
پێشه‌کى
بابه‌تى ئه‌م نوسینه بریتى نیه له‌وه‌ی پێیده‌وترێت ئازادى ئیراده، که به‌دبه‌ختانه پێچه‌وانه‌ى پێڕه‌وێکه که به هه‌ڵه ناونراوه پێویستى فه‌لسه‌فییانه، به‌ڵکو ئازادى مه‌ده‌نى، یان کۆمه‌ڵایه‌تییه. سروشت و سنوره‌کانى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى ده‌شێت به‌شێوه‌یه‌کى ڕه‌وا له لایه‌ن کۆمه‌ڵگاوه به‌سه‌ر تاکدا پیاده‌بکرێت. ئه‌مه‌ش پرسێکه به ده‌گمه‌ن باسکراوه‌و به‌شێوه‌یه‌کى گشتییش زۆر که‌م گفتوگۆى له‌باره‌وه کراوه. به‌ڵام له‌توێی ئاماده‌یی شاراوه‌یه‌وه زۆر به قووڵی کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ناکۆکییه کرده‌ییه‌کانى سه‌رده‌مه‌که‌مان هه‌یه و دو‌ریش نیه به‌م زوانه خۆى وه‌ک پرسی گرنگى ئاینده بناسێنێت.
پرسێکه زۆر دوره له‌وه‌ى که نوێ بێت، که به واتایه‌ک له واتاکان، هه‌ر له سه‌رده‌مه دێرینه‌کانه‌وه مرۆڤایه‌تى دابه‌شکردووه، به‌ڵام له‌و قۆناغى په‌ره‌سه‌ندنه‌ى که به‌شه زیاتر شارستانه‌که‌ى ره‌گه‌زى مرۆڤى پێگه‌یشتووه، بابه‌ته‌که خۆى له چه‌ند ره‌وشێکى نوێ‌دا ده‌خاته روو، پێویستیشى به مامه‌ڵه‌یه‌کى جیاواز و جه‌وهه‌رییانه‌تر هه‌یه.
ململانێی نێوان ئازادى و ده‌سه‌ڵات به‌رچاوترین خاسیه‌تى قۆناغه دیاره‌کانى مێژووه که ئێمه پێیان ئاشناین، به تایبه‌تى له یۆنان و رۆما و ئینگلته‌را. له سه‌رده‌مه دێرینه‌کاندا ململانێکه له‌نێوان ره‌عییه‌ت، یان هه‌ندێک چینى ره‌عییه‌ت، و حکومه‌تدا بووه. ئه‌وسا مه‌به‌ست له ئازادى بریتى بووه له پارێزران له سته‌مکاریی فه‌رمانڕه‌وا سیاسییه‌کان. فه‌رمانڕه‌وایان (جگه له هه‌ندێک حکومه‌تى میللی له یۆنان) وه‌ها ته‌ماشاده‌کران وه‌ک ئه‌وه‌ى به زه‌روره‌ت له پێگه‌ى دژایه‌تیدا بن له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی فه‌رمانڕه‌واییان ده‌کردن.
ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایانه یان یه‌ک که‌س یاخود هۆزێک یا ده‌سته‌یه‌کى فه‌رمانڕه‌وا بوون که ده‌سه‌ڵاتیان به میراتى بۆ مابوه‌وه یان داگیریان کردبوو. ئه‌وانه له هه‌موو بارێک‌دا به ئاره‌زوى ره‌عییه‌ت له‌و شوێنه نه‌بوون، پیاوه باڵاده‌سته‌کانیشیان سه‌رکه‌شیی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌کرد، یان له‌وانه‌یه ئاره‌زوویان نه‌کردبێت، به‌ربه‌ره‌کانى بکه‌ن، هه‌ر ته‌داره‌کێک گیرابێته‌به‌ر دژى کرده‌وه سه‌رکوتکه‌رانه‌کانى.
ده‌سه‌ڵاتیان وه‌ک پێویستى له‌قه‌ڵه‌مدراوه، له هه‌مانکاتیشدا زۆر مه‌ترسیدار. وه‌کو چه‌کێک دژى ره‌عییه‌ته‌کانى خۆیان به‌شێوه‌یه‌ک به‌کاریبهێنن که که‌متر نیه له‌وه‌ى دژى دوژمنه ده‌ره‌کییه‌کانیان به‌کاریده‌هێنن. بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌بگیرێت له‌وه‌ى ئه‌ندامه لاوازه‌کانى ناو جڤاک ببن به نێچیرى داڵه‌که‌رخۆره بێشوماره‌کان، بوونى گیانه‌وه‌رێکى دڕنده که له هه‌موو ئه‌وانیتر به‌هێزتر بێت و ئه‌رکه‌که‌شى پاوانکردنى دڕنده‌کانى تر بێت، شتێکى سودمه‌ند بووه.
به‌ڵام شاى داڵه‌که‌رخۆره‌کان له تێکشکاندنى مێگه‌لدا له هیچکام له دڕنده بچوکه‌کانى دى که‌متر نه‌بوو، بۆیه شتێکى خۆلێلانه‌دراو بوو هه‌رده‌م له ره‌وشى به‌رگریدا بن دژى ده‌نوک و چنگه‌کانى. به‌و پێیه‌ش ئامانجى نیشتمانپه‌روه‌ران دانانى سنورێک بووه بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى که فه‌رمانڕه‌وا رێگه‌ى پێدراوه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا پیاده‌ى بکات، مه‌به‌ستیشیان له ئازادى بریتی بووه له‌م سنوردارکردنه. به دوو رێگه‌ش هه‌وڵ بۆ ئه‌مه دراوه.
یه‌که‌م، له رێگه‌ى دانهێنان به چه‌ند حه‌سانه‌یه‌که‌دا، که پێیانوتراوه ئازادی سیاسى یان ماف، ئه‌وانه‌ى پێشێلکردنیان له‌لایه‌نى فه‌رمانڕه‌واوه به لادان له ئه‌رکى خۆى له‌قه‌ڵه‌مده‌درێت، ئه‌گه‌ر پێشێلیکردن، ئه‌وا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تایبه‌ت یان یاخیبوونى گشتى، پاساودراو ده‌بێت.
دووهه‌میش، که به‌شێوه‌یه‌کى گشتى پێویستییه‌کى دواتره، بریتى بووه له دامه‌زراندنى چاودێریکردنى ده‌ستوری، که به‌هۆیه‌وه ره‌زامه‌ندى کۆمه‌ڵ، یان هه‌رجۆره ده‌سته‌یه‌کى دى که وابڕیاره نوێنه‌رایه‌تى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى بکات، کراوته مه‌رجێکى گرنگ بۆ هه‌ندێک له کرده‌وه گرنگتره‌کانى ده‌سه‌ڵاتى فه‌رمانڕه‌وا.
به‌نیسبه‌تى ته‌رزى یه‌که‌مى ئه‌و سنوردارکردنانه‌وه، ده‌سه‌ڵاتى فه‌رمانڕه‌وا، له زۆربه‌ى وڵاته ئه‌وروپاییه‌کاندا، که‌م تا زۆر ناچارکراوه ملى بۆ بدات. به‌ڵام به‌نیسبه‌ت ته‌رزى دووهه‌میه‌وه وه‌ها نه‌بووه، به‌ڵکو له هه‌موو جێگایه‌کدا بۆ ئه‌وه‌ى به‌ده‌ستى بهێنن، یاخود کاتێک به پله‌یه‌ک له پله‌کان به‌ده‌ستهێنراوه‌و ویستراوه به ته‌واوه‌تیتر به‌ده‌ستبهێنرێت، بووه به بابه‌تى بنچینه‌یی ئاره‌زوومه‌ندانى ئازادى. مادام مرۆڤایه‌تى رازیبوه شه‌ڕى دوژمنێک به دوژمنێکى دیکه بکات، ویستوشیانه ئاغایه‌ک فه‌رمانڕه‌واییان بکات، به مه‌رجى ئه‌وه‌ى که‌م تا زۆر به شێوه‌یه‌کى کاریگه‌ر زه‌مانه‌تێکیان هه‌بێت له دژى سته‌مکارییه‌که‌ى، بۆیه له‌و خاڵه زیاتر بره‌ویان به ئاره‌زوه‌که‌یان نه‌داوه.
له ساتێکى په‌ره‌سه‌ندنى کاروبارى مرۆڤه‌کاندا سه‌رده‌مێک هاته پێشه‌وه، که تێیدا مرۆڤه‌کان چیدى بڕوایان به‌وه نه‌ما که پێویستیه‌کى سروشتییه که فه‌رمانڕه‌واکانیان ده‌سه‌ڵاتێکى سه‌ربه‌خۆ بن و له به‌رژه‌وه‌ندییدا پێچه‌وانه‌ى ئه‌مان بن. پێیان وابوو که باشتروایه فه‌رمانڕه‌وا جۆراوجۆره‌کانى ده‌وڵه‌ت کرێگرته یاخود نوێنه‌رى ئه‌مانبن، به‌ئاره‌زووى خۆشیان بتوانن لایان ببه‌ن. وادیاره، به ته‌نها له‌م رێگایه‌وه توانیویانه زه‌مانه‌تى ته‌واویان هه‌بێت له‌وه‌ى که ده‌سه‌ڵاته‌کانى حکومه‌ت به زیانى به‌رژوه‌ندییه‌کانى ئه‌وان به‌کارناهێنرێن.
ئه‌م داواکارییه نوێیه بۆ فه‌رمانڕه‌واى هه‌ڵبژێردراو و کاتى، به پله‌ى جیاواز، بوو به بابه‌تی سه‌ره‌کى تێکۆشانى پارتى جه‌ماوه‌ریی، له هه‌ر شوێنێک پارتێکى له‌و جۆره هه‌بووبێت، تا راده‌یه‌کى به‌رچاو جێگه‌ى هه‌وڵه‌کانى پێشووترى سنوردارکردنى ده‌سه‌ڵاتى فه‌رمانڕه‌کانى گرتۆته‌وه. له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونى ململانێ بۆ ئه‌وه‌ى وا بکرێت ده‌سه‌ڵاتى فه‌رمانڕه‌وا له هه‌ڵبژاردنى ناوبه‌ناوى گه‌له‌وه سه‌رهه‌ڵبدات، هه‌ندێک که‌وتنه بیرکردنه‌وه له‌وه‌ى زیاد له‌پێویست گرنگی دراوه به سنوردارکردنى خودى ده‌سه‌ڵات.
ئه‌وه‌ش (ده‌شێت وه‌ها ده‌ربکه‌وێت) سه‌رچاوه‌یه‌ک بوو دژى ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایانه‌ى که به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان به شێوه‌یه‌کى عاده‌تى دژى به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى میلله‌ت بوون. ئه‌وه‌شى که پێویستیبوو ئه‌و کات بکرێت بریتبوو له هاوتاکردنى فه‌رمانڕه‌وایان له‌گه‌ڵ میلله‌تدا. به‌وه‌ى که ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندى و ئیراده‌یان بریتى بێت له به‌رژه‌وه‌ندى و ئیراده‌ى وڵات. وڵات پێویستى به‌وه نه‌بوو له ئیراده‌ى خۆى بیپارێزێت.
هیچ ترسێک نه‌بوو له‌وه‌ى خۆى ببێت به سته‌مکارى خۆى. لێگه‌ڕێ با فه‌رمانڕه‌وایان به‌شێوه‌یه‌کى کارا لێی به‌رپرسیار بن، گه‌ل بتوانێت به‌خێرایی له‌سه‌ر کار لایانببات، ئیتر ده‌توانێت متمانه‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بدات به فه‌رمانڕه‌وایان که خۆى ده‌توانێت شێوازى به‌کارهێنانى به‌شێوه‌یه‌کى گونجاو دیاریبکات. ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وان جگه له ده‌سه‌ڵاتى نه‌ته‌وه به چڕکراوه‌یی شتێکى دیکه نیه، به‌شێوه‌یه‌ک که په‌یڕه‌وکردنى گونجاو بێت.
ئه‌م چه‌شنه له بیرکردنه‌وه، یاخود هه‌ستکردنه، له‌نێو دوایین نه‌وه‌ى لیبراڵیزمى ئه‌وروپاییدا باو بووه، که له به‌شى ئه‌وروپادا تا ئێستاش به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو باڵاده‌سته.
ئه‌وانه‌ى دانده‌نێن به بوونى سنوور بۆ ئه‌و شتانه‌ى حکومه‌ت ده‌توانێت بیانکات، جگه له حاڵه‌تى ئه‌و حکومه‌تانه‌ى که پێیانوایه نابێت بوونیان هه‌بێت، ئه‌وانه وه‌کو ئاوارته‌ى هۆشمه‌ند له‌نێوان بیرمه‌نده سیاسییه‌کانى ئه‌وروپادا ده‌رده‌که‌ون. له‌وانه‌یه ئاوازێک له سۆزى هاوشێوه له وڵاتى خۆمان بڵاوببوایه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و ره‌وشه‌ى که سه‌رده‌مانێک بره‌وى پێده‌دا به به‌نه‌گۆڕى بمایاته‌وه. به‌ڵام، له تیورییه سیاسی و فه‌لسه‌فییه‌کاندا، به‌هه‌مان شێوه‌ش له که‌سه‌کاندا، سه‌رکه‌وتن ئه‌و هه‌ڵه و لاوازییانه ده‌خاته‌ڕوو که ره‌نگه نوشوستیهێنان شاردبنیه‌وه.
ئه‌و بڕوایه‌ى که پێیوایه خه‌ڵک پێویستییان به‌وه نیه ده‌سه‌ڵاتى خۆیان به‌سه‌رخۆیاندا سنورداربکه‌ن، ره‌نگه به‌ڵگه‌نه‌ویست بوایه، کاتێک حکومه‌تى میللی ته‌نها خه‌ونێک بوایه یان له‌باره‌یه‌وه بخوێندرایه‌ته‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ى شتێک بێت له سه‌رده‌مانى دێریندا هه‌بوبێت.
لادانه کاتییه‌کانى وه‌ک ئه‌وه‌ى شۆڕشى فه‌ره‌نسى له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنانى، به زه‌روره‌ت نه‌بوون به هۆى له‌قکردنى ئه‌و بیرۆکه‌یه، خراپترینیشى کرده‌وه‌ى ده‌سته‌یه‌کى بچووکى داگیرکه‌ران بوو، که له هیچ بارێک‌دا سه‌ر به کارى هه‌میشه‌یی دامه‌زراوه میللییه‌کان نه‌بوون به‌ڵکو سه‌ربه‌ر شێوه‌یه‌ک بوون له هه‌ڵگیرسانی له‌ناکاوى گرژوتوندى دژى سته‌مکاریی شاهانشایى و ئه‌ریستۆکراتییانه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به تێپه‌ربوونى کات کۆمارێکى دیموکراسى هات بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێکى زۆرى رووى زه‌مین بگرێته‌وه، واشیکرد وه‌ک یه‌کێک له هه‌ره‌به‌هێزترینى ئه‌ندامه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى ده‌وڵه‌تان ته‌ماشابکرێت. هه‌روه‌ها حکومه‌تى هه‌ڵبژێردراو و به‌رپرس چوه ژێربارى چاودێرى و ره‌خنه‌وه که له خزمه‌تى راستییه‌کى مه‌زندان.
ئیتر توانرا درک به‌وه بکرێت که هه‌ندێک ده‌سته‌واژه‌ى وه‌ک "خود-حکومه‌تى" و "ده‌سه‌ڵاتى خه‌ڵکى به‌سه‌ر خۆیاندا" گوزارشت له ره‌وشى راسته‌قینه‌ى مه‌سه‌له‌که ناکه‌ن. چونکه ئه‌و "خه‌ڵکانه‌ى" موماره‌سه‌ى ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن هه‌میشه هه‌مان ئه‌وانه نین که ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ردا موماره‌سه ده‌کرێت، و ئه‌و "خود-حکومه‌تیه "ش که باس ده‌کرێت بریتى نیه له حکومه‌تى هه‌ر تاکێک له خۆیدا، به‌ڵکو هى هه‌ر یه‌کێک له‌لایه‌ن ئه‌وانیتره‌وه. زیاد له‌وه‌ش، له رووى کردارییه‌وه ئیراده‌ى خه‌ڵک ماناى ئیراده‌ى زۆرترین ژماره‌و چالاکتیرین به‌شى ناو خه‌ڵک ده‌گه‌یه‌نێت، واته زۆرینه یان ئه‌وانه‌ى سه‌رکه‌وتوو ده‌بن له‌وه‌دا که وه‌ک زۆرینه په‌سه‌ند بکرێن. ده‌رئه‌نجامیش، ره‌نگه خه‌ڵک ئاره‌زوو بکه‌ن به‌شێک له خۆیان سه‌رکوت بکه‌ن، بۆیه پێویستیشمان به رێوشوێنى پێشوه‌خت هه‌یه بۆ خۆپاراستن له‌م مه‌سه‌له‌یه به‌قه‌ده‌ر پێویستى خۆپاراستن له هه‌ر خراپبه‌کارهێنانێکى دیکه‌ى ده‌سه‌ڵات.
بۆیه، سنوردارکردنى ده‌سه‌ڵاتى حکومه‌ت به‌سه‌ر تاکه‌کاندا هیچ له بایه‌خى خۆى بزر ناکات کاتێک خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کان به‌رده‌وام به به‌رپرسیار داده‌نرێن له‌به‌رده‌مى کۆمه‌ڵگادا، واته له‌به‌رده‌م به‌هێزترین لایه‌ن له‌مه‌یداندا. ئه‌م تێڕوانینه بۆ شته‌کان که خۆى ده‌خاته روو به یه‌کسانى بۆ زرنگیی بیرمه‌ندان و نیهادى ئه‌و چینه گرنگانه‌ى ناو کۆمه‌ڵگاى ئه‌وروپایی، ئه‌وانه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه راسته‌قینه یان گریمانه‌کراوه‌کانیان له‌گه‌ڵ دیموکراسیدا ناته‌بان، دووچارى هیچ گرفتێک نه‌بۆته‌وه له گرتنى پێگه‌ى خۆیدا. هه‌روه‌ها له‌ناو تێڕامانى سیاسیش‌دا "سته‌مکاریی زۆرینه" له ئێستادا به‌شێوه‌یه‌کى گشتى ده‌چێته ناو ئه‌و خراپه‌کاریانه‌وه که ده‌بێت کۆمه‌ڵگا خۆى لێیان بپارێزێت.
سته‌مکاریی زۆرینه‌ش، وه‌ک شێوه‌کانى دیکه‌ى سته‌مکاریی، له‌سه‌ره‌تاداو، تا ئێستاش به‌شێوه‌یه‌کى بازاڕییانه، له‌سه‌ر بناغه‌ى ترس دامه‌زراوه، به‌شێوه‌یه‌کى سه‌ره‌کیش له هه‌ڵسوڕانیدا له توێی کرده‌کانى ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌کانه‌وه. به‌ڵام که‌سانى دانا درکیان به‌وه کردووه کاتێک خودى کۆمه‌ڵگا خۆى سته‌مکار بێت (کۆمه‌ڵگا به‌سه‌ریه‌که‌وه‌و به‌سه‌ر ئه‌و تاکه جیاجیایانه‌دا که پێکى ده‌هێنن) ئه‌وا ئامڕازه‌کانى سته‌مکاریکردن به‌و کردانه‌وه راناوه‌ستن که به ده‌ستى فه‌رمانبه‌ره‌کانی ده‌کرێن.
کۆمه‌ڵگا ده‌توانێت فه‌رمانه‌کانى جێبه‌جآ بکات و ده‌شیکات: خۆ ئه‌گه‌ر فه‌رمانى نادروستیش له‌برى فه‌رمانى دروست ده‌ربکات، یان هه‌ر فه‌رمانێک ده‌رباره‌ى مه‌سه‌له‌گه‌لێک که بۆى نیه ده‌ستیان تێوه‌ربدات، ئه‌وا موماره‌سه‌ى سته‌مکارییه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تى ده‌کات که له زۆرێک له جۆره‌کانى دیکه‌ى سه‌رکوتکردنى سیاسیى دژوارتره. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى، هه‌رچه‌نده‌یشه به شێوه‌یه‌کى گشتى له‌ڕێگه‌ى سزاى قورسه‌وه ناسه‌پێندرێت، به‌ڵام رێگه‌ى ده‌ربازبوونى که‌متر ده‌هێڵێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌کى زۆر قووڵتر ده‌چێته ناو ورده‌کارییه‌کانى ژیانه‌وه و خودى رۆح کۆیله ده‌کات.
بۆیه خۆپاراستن له سته‌مکاریی فه‌رمانڕه‌وا به‌س نیه. پێویست به پاراستن هه‌یه دژى سته‌مکاریی هه‌ست و راى باو. له دژى مه‌یلی کۆمه‌ڵگا له سه‌پاندنى بیرۆکه و موماره‌سه‌کانى خۆیدا، به وه‌سیله‌ى غه‌یره سزا مه‌ده‌نییه‌کان، وه‌ک رێساى ره‌فتار به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا که لێی ته‌وه‌لا ده‌بن. ئه‌ویش به کۆتکردنى گه‌شه‌ى، خۆ ئه‌گه‌ر بشکرێت، رێگه‌گرتن له پێکهێنانى هه‌ر تاکایه‌تیه‌ک که له‌گه‌ڵ شێوازه‌کانى ئه‌ودا ناسازێت، هه‌موو که‌سه‌کانیش ناچاربکات خۆیان له‌گه‌ڵ مۆدێله‌که‌ى ئه‌ودا بگونجێنن.
سنورێک هه‌یه بۆ ده‌ستێوه‌ردانى شه‌رعییانه‌ى راى ده‌سته‌جه‌مى له سه‌ربه‌خۆیی تاکه‌کاندا. دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و سنوره و پاراستنى له‌ده‌ستێوه‌ردان، به هێنده‌ى پێویستى پاراستن له‌دژى سته‌مکاریی سیاسی، پێویسته بۆ بارباٍشى مه‌سه‌له مرۆییه‌کان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که پێناچێت به‌شێوه‌یه‌کى گشتى کێشمه‌کێش له‌سه‌ر ئه‌م ته‌رحه هه‌بێت، به‌ڵام پرسیاره عه‌مه‌لییه‌که ئه‌وه‌یه سنوره‌کان له‌کوێدا دابنێین، چۆن هاوگونجاوى له نێوان سه‌ربه‌خۆیی تاک و کۆنترۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تیدا رابگرین، ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌که پێویستى به کارى زۆر هه‌یه.
هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى که واده‌که‌ن بوون به‌هاى هه‌بێت لاى هه‌ر که‌سیێک، پشتده‌به‌ستێت به سه‌پاندنى سنوردارکردن له‌سه‌ر کرده‌کانى خه‌ڵکانى دى. بۆیه هه‌ندێک رێساى ره‌فتارکردن ده‌بێت بسه‌پێنرێن، به‌پله‌ى یه‌که‌م له رێگه‌ى یاساوه، و له رێگه‌ى بیروڕاوه له زۆر شتى دیکه‌دا که بابه‌تى له‌بارنین بۆ هه‌ڵسوڕانى یاسا.
ئه‌و رێسایانه ده‌بێت چى بن، پرسیارى سه‌ره‌کیه له مه‌سه‌له مرۆییه‌کاندا، به‌ڵام هه‌ندێک له باره هه‌ره دیاره‌کانى لێده‌رچێت، ئه‌وا یه‌کێکه له ئه‌وانه‌ى که که‌مترین به‌ره‌وپێشچون به ئاراسته‌ى چاره‌سه‌رکردنیدا ئه‌نجامدراوه.
هیچ دوو سه‌رده‌مێک، و به ده‌گمه‌نیش دوو وڵات، وه‌ک یه‌ک بڕیاریان له‌سه‌ر نه‌داوه. هه‌روه‌ها بڕیارى هه‌ر سه‌رده‌مێک یان وڵاتێک له لاى سه‌رده‌م و وڵاتێکى دیکه شتێکى سه‌یره. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، خه‌ڵکى هه‌ر سه‌رده‌م یان وڵاتێک چیتر گومانیان نیه له‌وه‌ى که هه‌ر زه‌حمه‌تییه‌کى تێیدا بێت، وه‌ک ئه‌وه‌ى بابه‌تێک بوبێت که مرۆڤایه‌تى هه‌رده‌م له‌سه‌رى کۆک بوبێت.
ئه‌و ڕێسایانه‌ى له‌نێوا خۆیاندا کاریان پێکردوون وه‌ها دێنه پێشچاویان که به‌ڵگه نه‌ویستن و خۆیان پاساوى خۆیان ده‌ده‌نه‌وه. ئه‌م وه‌همه ناجیهانییه یه‌کێکه له نمونه‌کانى کاریگه‌ریی ئه‌فسوناوى نه‌ریت، که نه‌ک ته‌نها، وه‌کو په‌نده‌که ده‌ڵێت سروشتێکى دووهه‌مینه ، به‌ڵکو زۆرجار به‌هه‌ڵه به یه‌که‌مین داده‌نرێت.
کاریگه‌ریی نه‌ریت، له رێگه‌گرتن له هه‌ر به‌دگومانییه‌ک سه‌باره‌ت به رێساکانى ره‌فتار که مرۆڤایه‌تى به‌سه‌ر یه‌کترییدا سه‌پاندوویانه، کاریگه‌رییه‌کى ته‌واوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بابه‌ته‌که یه‌کێکه له‌و بابه‌تانه‌ى به‌شێوه‌یه‌کى گشتى وه‌ها ته‌ماشاناکرێت که پێویستبکات هۆکار بخرێته روو، ئینجا ئایا له‌لایه‌ن که‌سێکه‌وه بێت بۆ ئه‌وى تر یاخود له‌لایه‌ن که‌سه‌که خۆیه‌وه بۆ خۆى.
خه‌ڵکى راهاتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بڕوابهێنن و له‌و بڕواهێنانه‌شدا هاندراون له‌لایه‌ن که‌سانێکه‌وه که شه‌یداى که‌سایه‌تى فه‌یله‌سوفان بوون که هه‌سته‌کانیان، له‌باره‌ى بابه‌تى له‌م جۆره‌وه، باشترن له هۆکاره‌کان و به‌و پێیه‌ش هۆکاره‌کان به ناپێویست داده‌نرێن.
ئه‌و پره‌نسیپه کرده‌ییه‌ى رێنیشانده‌ریانه له بیروراکانیاندا له‌باره‌ى رێکخستنى ره‌فتارى مرۆیی‌دا، بریتیه له‌و هه‌سته‌ى له ئاوه‌زى هه‌ر یه‌کێکدایه که هه‌ر که‌سێک پێویسته به شێوه‌یه‌ک ره‌فتار بکات که پێیخۆٍشه ئه‌و که‌سانه‌ى که ئه‌م هاوسۆزیانه ره‌فتار بکه‌ن.
له راستیدا، که‌س نیه له‌گه‌ڵ خۆیدا دان به‌وه‌دا بنێت که پێوه‌رى حوکمدانه‌کانى بریتیه له حه‌زى خۆى. به‌ڵام هه‌ر بیرورایه‌ک ده‌رباره‌ى خاڵێکى ره‌فتارکردن، که پشت ئه‌ستور نه‌بێت به هۆیه‌کان، ئه‌وه ته‌نها به حه‌زپێکردنى تاقه که‌سێک داده‌نرێت. خۆ ئه‌گه‌ر هۆیه‌کانیش، له حاڵه‌تێکدا که خرانه روو، بریتى بوون له په‌سه‌ندیه‌ک که ئه‌وانیتر هه‌ستیپێده‌که‌ن، ئه‌وا هێشتاش هه‌ر کۆمه‌ڵێک که‌س حه‌زى پێده‌که‌ن نه‌ک یه‌ک تاکه که‌س.
به‌ڵام به نیسبه‌تى مرۆڤێکى ئاساییه‌وه، په‌سه‌ندییه‌کانى خۆى، که به‌مشێوه‌یه پشتیوانیلێکراون، به ته‌نها هۆیه‌کى به ته‌واوه‌تى قایلکه‌رانه نیه‌و به‌س، به‌ڵکو تاکه هۆیه که به‌شێوه‌یه‌کى گشتى هه‌یه‌تى بۆ هه‌ریه‌کیک له تێگه‌یشتنه‌کانى خۆى ده‌رباره‌ى ئاکار، زه‌وق یان نه‌زاکه‌ت، که به‌شێوه‌یه‌کى راشکاوانه له پێڕه‌وه ئاینییه‌که‌یدا تۆمار نه‌کراون، یاخود له رێبه‌ره سه‌ره‌کیه‌که‌یدا له لێکدانه‌وه‌ى ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌شدا (واته پێڕه‌وه ئاینیه‌که‌ى).
به‌مپێیه‌ش بۆچوونه‌کانى مرۆڤه‌کان ده‌رباره‌ى ئه‌وانه‌ى که شایسته‌ى ستایش‌کردن یان گازانده‌ن، ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و هۆکاره هه‌مه‌چه‌شنانه‌وه که کاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر ئاره‌زووه‌کانیان سه‌باره‌ت به ره‌فتارى ئه‌وانیتر، که ئه‌مانه‌ش هێنده‌ى ئه‌وانه زۆرن که ئاره‌زوه‌کانیان له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێکى دیکه دیاریده‌که‌ن. هه‌ندێکجار ئاوه‌زیان، هه‌ندێکجارى دیکه‌ش حوکمه پێشوه‌خته‌کانیان یان خورافه‌کانیان، زۆرجاریش سۆزى کۆمه‌ڵایه‌تییان، (که‌م نین ئه‌و جارانه‌ى که سۆزه‌کان ناکۆمه‌ڵایه‌تین)، ئیره‌یی و غیره‌کردنیان، له‌خۆباییبوونیان یان خۆبه‌زلزانینیان، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کى باوتر، ئاره‌زوو یان ترسه‌کانیان له‌باره‌ى خۆیانه‌وه – خودبه‌رژه‌وه‌ندى شه‌رعییانه یان ناشه‌رعییانه‌یان.
له‌هه‌رشوێنێک چینێکى باڵاده‌ست هه‌بێت، ئه‌وا به‌شێکى زۆرى ئاکاری وڵاته‌که له به‌رژه‌وه‌ندییه چینایه‌تییه‌کان و هه‌ستکردنى به باڵاده‌ستى چینایه‌تییه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرن. ئاکار له‌نێوان سپارتاییه‌کان و هیلۆته‌کاندا (مسکێنه‌کان له سپارتاى کۆن که نه کۆیله بوون و نه ئازاد)، له‌نێوان خاوه‌ن کۆیله و قوله‌ره‌شه‌کاندا، له‌نێوان میره‌کان و ره‌عییه‌ته‌کاندا، له‌نێوان خانه‌دانان و عه‌وامدا، له‌نێوان پیاوان و ژناندا، به‌شێکى زۆرى ده‌ستکردى ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندی و هه‌سته چینایه‌تییانه‌بووه: هه‌ستوسۆزه‌کان به‌مشێوه‌یه که‌وتونه‌ته‌وه‌و لاى خۆشیانه‌وه کاردانه‌وه‌یان هه‌بووه له‌سه‌ر هه‌سته ئاکارییه‌کانى ئه‌ندامانى چینى باڵاده‌ست، له په‌یوه‌ندییاندا له‌نێوان خۆیاندا.
له لایه‌کى تریشه‌وه، له‌و شوێنه‌ى که چینێک باڵاده‌ست بووبێت و ئه‌و باڵاده‌ستیه‌ى له‌ده‌ستیدابێت، یاخود له‌وشوێنه‌ى باڵاده‌ستییه‌که‌ى نه‌خوازراو بێت، ئه‌وا هه‌سته ئاکارییه تازه هه‌ڵقوڵاوه‌که زۆر جار مۆرکى ناحه‌زییه‌کى بێحه‌وسه‌ڵه‌ى دژى پێوه‌ده‌بێت باڵایبوون.
یه‌کێکى دیکه له پره‌نسیپى گه‌وره دیاریکه‌رى رێساى ره‌فتارکردن، له کرده‌وه و به‌رگه‌گرتنیشدا که له رێگه‌ى یاسا یان بۆچوونه‌وه سه‌پێنراوه، بریتیه له ملکه‌چبوونی مرۆڤایه‌تى بۆ په‌سه‌ندکارییه گریمانه‌کراوه‌کان یاخود رق و کینه‌یان له ئاغا کاتییه‌کانیان، یان له خواوه‌نده‌کانیان .
ئه‌م ملکه‌چییه، وێڕاى ئه‌وه‌ى له کرۆکیدا خۆپه‌رستانه‌یه، به‌ڵام دووڕوویی نیه. ده‌شبێته مایه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى هه‌ستگه‌لێکى ره‌سه‌نى قێزکردنه‌وه. واى له خه‌ڵکى کردووه جادوگه‌ر و گومڕاکان بسوتێنن. له‌نێوان ئه‌و هه‌موو کاریگه‌ریه بێه‌ها و ئاستنزمانه‌دا، بێ‌شک به‌رژه‌وه‌ندییه گشتى و ئاشکراکان ده‌ستیان هه‌بووه، ده‌ستێکى گه‌وره‌ش، به‌ئاڕاسته‌ى هه‌ستگه‌له ئاکارییه‌کاندا، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا که‌متر وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کى هزرى، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر حیسابی خۆیان، نه‌ک وه‌ک ده‌ره‌نجامێکى به‌زه‌یی و دوژمنگه‌رایى که له‌ناویاندا گه‌شه‌یان کردووه. به‌زه‌یی و دوژمنگه‌راییه‌ک که زۆر که‌م یان هیچ فڕێکی به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى کۆمه‌ڵگاوه نیه، وایانکردووه هه‌ستپێکراو بن له دامه‌زراندنی ئاکاره‌کاندا و هێزێکى مه‌زن.
بۆیه، حه‌زلێبوون و حه‌زلێنه‌بوونه‌کانى کۆمه‌ڵگا، یان به‌شێکى به‌هێزى، بریتین له‌و شته سه‌ره‌کییه‌ى که به‌شێوه‌یه‌کى پراکتیکى رێساکانى پابه‌ندوونى گشتى داڕشتوه، له سایه‌ى سزاکانى یاسا یان راوبۆچوونه‌وه. به‌شێوه‌یه‌کى گشتیش، ئه‌وانه‌ى له بیرکردنه‌وه‌و هه‌ستکردندا له پێش کۆمه‌ڵگاوه بوون، ئه‌م ره‌وشه‌ى شته‌کانیان مه‌بده‌ئیه‌ن وه‌ک خۆى جێهێشتووه بێ ئه‌وه‌ى هێرشبکه‌نه سه‌ریان، گه‌رچى له‌وانه‌یه له هه‌ندێک له ورده‌کارییه‌کانیدا تووشى کێشه‌ش بووبن له‌گه‌ڵیدا.
ئه‌وان خۆیان خه‌ریک کردبوو به پرسیارکردن و گه‌ڕان به‌دواى ئه‌وه‌ى که ده‌بێت کۆمه‌ڵگا حه‌ز له چ شتێک بکات یان نه‌یکات، له‌برى خۆخه‌ریککردن به پرسیارکردن له‌وه‌ى که ئایا پێویسته حه‌زلێبوون و حه‌زلێنه‌بوونه‌کانى (کۆمه‌ڵگا) ببنه یاسا بۆ تاکه‌کان. ئه‌وان پێیان باشبووه ئه‌رکى گۆڕینى هه‌سته‌کانى مرۆڤ له‌باره‌ى ئه‌و خاڵانه‌ى که ئه‌وان خۆیان گومڕابوون لێیان بگرنه ئه‌ستۆ، له‌برى ئه‌وه‌ى دۆزێکى هاوبه‌ش بخوڵقێنن بۆ داکۆکیکردن له ئازادى، بۆ گومڕایی به‌گشتى.
تاقه بارێک که له پێگه‌یه‌کى باڵاوه به شێوه‌یه‌کى مه‌بده‌ئى وه‌رگیرابێت و به هاوسازى هێڵرابێته‌وه، له‌لایه‌ن هه‌ر چه‌ند تاکێکه‌وه لێره‌و له‌وێ، بریتى بووه له باوه‌ڕى ئاینی: بارێک که له زۆر رووه‌وه رێنماییکه‌رانه‌یه، که‌مبایه‌خترینیان بریتى نیه له پێکهێنانى نمونه‌یه‌کى ده‌رکه‌وتوو ده‌رباره‌ى توانستى روودانى ئه‌وه‌ى پێیده‌وترێت هه‌ستکردنى ئاکارییانه به هه‌ڵه: چونکه رق وکینه‌ى ئاینى، لاى که‌سى ده‌مارگیرى دڵسۆز، یه‌کێکه له پرسه راشکاوه حاشاهه‌ڵنه‌گره‌کانى هه‌ستکردنى ئاکارییانه.
ئه‌وانه‌ى یه‌که‌مجارى کۆتى ئه‌وه‌ى ناوى له خۆى ناوه کڵێساى گه‌ردونیان له گه‌ردنى خۆیان داماڵی، ئه‌وانه به‌شێوه‌یه‌کى گشتى ئاماده‌گیان بۆ رێگه‌دان جیاوازى له بیرى ئاینیدا وه‌ک خودى ئه‌و کڵێسایه که‌م بوو. به‌ڵام کاتێک گه‌رمه‌ى ململانێکه کۆتایی هات، بێئه‌وه‌ى سه‌رکه‌وتن به‌نسیبی هیچ لایه‌ک بێت، هه‌ر کڵێسایه‌ک یان تایفه‌یه‌کى ناچارکرد ئاواته‌کانى بچوکبکاته‌وه بۆ هێشتنه‌وه‌ى ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ى له‌وه‌و پێش هه‌یبوه. که‌مینه‌کان دواى ئه‌وه‌ى درکیان کرد به‌وه‌ى که هیچ ده‌رفه‌تێکیان نیه بۆ ئه‌وه‌ى ببن به زۆرینه، وایان لێهات پێویستییه‌کى زۆریان هه‌بێت به پاڕانه‌وه له‌وانه‌ى که نه‌یانتوانیبوو له ئاینى خۆیان وه‌ریانبگێڕن، بۆ ئه‌وه‌ى بواریان بده‌ن جیاواز بن.
به‌وپێیه‌ش له‌م بوارى ململانێیه‌دا، تاراده‌یه‌کیش به‌ته‌نها له‌م بواره‌دا، بوو که مافه‌کانى تاک له به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵگا چه‌سپان له‌سه‌ر بناغه‌ى به‌رفراوانى پره‌نسیپ، هه‌روه‌ها به‌مافیخۆزانینى کۆمه‌ڵگا بۆ پیاده‌کردنى ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ناڕازییه‌کاندا به‌شێوه‌یه‌کى ئاشکرا به‌رپه‌رچدرایه‌وه.
ئه‌و نوسه‌ره گه‌ورانه‌ى که جیهان قه‌رزاریانه بۆ بوونى ئه‌و ئازادییه ئاینییه‌ى که هه‌یه‌تى، زۆربه‌ى جار ئازادى ویژدانیان وه‌ک مافێکى ده‌ستلێهه‌ڵنه‌گیراو داوه‌ته قه‌ڵه‌م، به ره‌هایی نکولییان کردووه له‌وه‌ى مرۆڤێک به‌رپرسیار بێت (لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا بکرێت) له‌به‌رده‌م ئه‌وانیتردا به‌هۆى باوه‌ڕى ئاینییه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، لێنه‌بورده‌یى ئه‌وه‌نده سروشتییه به‌لاى مرۆڤایه‌تیه‌وه، له‌هه‌ر شتێکدا که به‌ڕاستى جێگه‌ى بایه‌خیانه، که ئازادى ئاینى زۆر به‌ده‌گمه‌ن به‌شێوه‌یه‌کى کرده‌یی هاتۆته‌دی. ته‌نها له‌و باره‌دا نه‌بێت که بێباکى ئاینى، که حه‌زناکات شه‌ڕه‌قسه‌ى ئاینزایی هێمنیى بشێوێنێت، قورسایی خۆى خستۆته سه‌ر ته‌رازووه‌که.
تاراده‌یه‌ک هزرى هه‌موو که‌سه ئاینداره‌کاندا، ته‌نانه‌ت له لێبورده‌ترین وڵاتیشدا، ئه‌رکى لێبورده‌یی رێگه‌پێدراوه له‌گه‌ڵ ته‌حه‌فوزێکى بێده‌نگانه‌دا. که‌سێک ته‌حه‌موولى بیروڕاجیایى ده‌کات له کاروبارى حکومه‌تى که‌نیسه‌دا، به‌ڵام نه‌ک له شه‌ریعه‌تدا (کۆى سیسته‌مى بیروڕا و پێره‌وى ئاینێک). یه‌کێکى دیکه لێبورده‌یه له‌گه‌ڵ هه‌موواندا، جگه له که‌سى پاپایی (وشه‌یه‌کى ناشرینه به رۆمان کاسۆلیک ده‌وترێت) یان یه‌کتاخواز (کۆمه‌له‌یه‌کى ئاینیه له مه‌سیحیه‌ته‌وه هاتووه بڕواى وایه که خودا یه‌که و هه‌موو مرۆڤایه‌تیش رزگارى ده‌بێت و ژیرى و زه‌میر سه‌رچاوه‌ى باوه‌ڕ و ره‌فتاره). یه‌کێکى دیکه‌ش هه‌موو که‌سێک که باوه‌ڕى به ئاینێکى دابه‌زیوو هه‌بێت. که‌مێکیش مه‌رحه‌مه‌تیان تۆزێک زیاتر بڕده‌کات به‌ڵام له باوه‌ڕبوون به یه‌ک خودا و بارێکى داهاتوویدا ده‌وه‌ستێت.
له‌هه‌رشوێنێک سۆزى زۆرینه راسته‌قینه و به‌گوڕ بێت، ده‌بینرێت که که‌مێکى له به‌مافیخۆزانینى ئه‌وه‌ى که ده‌بێت گوێڕایه‌ڵیبکرێت که‌مکردۆته‌وه.له ئینگلته‌راو به‌هۆى ره‌وشى تایبه‌تى مێژووى سیاسیمانه‌وه، وێڕاى ئه‌وه‌ى که نیرى راوبۆچوون له‌سه‌ر ئه‌ستۆمان ره‌نگه قورس‌تر و نیرى یاسا سووکتر بێت له‌چاو زۆرینه‌ى وڵاته ئه‌وروپاییه‌کانى دیکه‌دا.
هه‌روه‌ها ئیره‌ییه‌کى به‌رچاویش هه‌یه له ده‌ستێوه‌ردانى راسته‌وخۆ، له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان یان جێبه‌حێکردنه‌وه له ره‌فتارى تایبه‌تدا، نه‌ک له هه‌ر رێزێکى دادپه‌روه‌رانه‌ى سه‌ربه‌خۆیی تاکه‌وه، به‌ڵکو له‌و خووه هێشتا زیندوه‌ى که وه‌ها ده‌ڕوانێته حکومه‌ت که نوێنه‌رایه‌تى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کى دژ به به‌رژه‌وه‌ندى گه‌ل ده‌کات.
هێشتا زۆرینه فێرنه‌بووه که هه‌ستبکات هێزى حکومه‌ت هێزى ئه‌وانه، رایه‌کانى راى ئه‌وانه. کاتێک هه‌ستیان به‌وه کرد، ئه‌وا ره‌نگه ئازادى تاکه‌که‌سى ده‌که‌وێته به‌ر داگیرکارى له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه، به‌هه‌مان شێوه‌ى که ئێستا دووچاریه‌تى له لایه‌نى راى گشتییه‌وه.
به‌ڵام، هه‌تا ئێستا، بڕێکى دیارى هه‌ست ئاماده‌یه که ئاراسته بکرێت له دژى هه‌ر هه‌وڵێکى یاسا بۆ کۆنتڕۆڵکردنى تاکه‌کان له‌و شتانه‌دا که تا ئێستا ئه‌وان (واته تاکه‌کان) رانه‌هاتوون ملکه‌چى کۆنترۆڵى ببن. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش له‌گه‌ڵ جیاکارییه‌کى زۆر که‌مدا له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ى ئایا مه‌سه‌له‌که ده‌که‌وێته ناو چوغزى ره‌واى کۆنترۆڵی یاساییه‌وه یان نا. تا ئه‌و راده‌یه‌ى که هه‌سته‌که، به‌گشتى زۆر سودبه‌خشه ، ره‌نگه به هه‌ڵه دانانى به‌قه‌ده‌ر بنه‌ماى بێت له باره تایبه‌ته‌کان جێبه‌جێکردنیدا.
له راستیدا پره‌نسیپێکى زانراو نیه که به‌پێی ئه‌و گونجاویی یان نه‌گونجاویی ده‌ستێوه‌ردانى حکومه‌ت به شێوه‌یه‌کى ئاسایى بپێورێت. خه‌ڵک به‌پێی په‌سه‌ندکارییه تایبه‌تییه‌کانى خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن.
هه‌ندێکیان هه‌رکاتێک بینیان چاکیه‌ک له ئارادایه و ده‌کرێت ئه‌نجامبدرێت یان خراپه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر بکرێت، به‌خواستى خۆیان هانى حکومه‌ت ده‌ده‌ن ئه‌وکاره بکات. له‌کاتێکدا هى تر هه‌ن که وایان پێباشه هه‌ر بڕێک له خراپه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى ته‌حه‌مول بکه‌ن، له‌برى ئه‌وه‌ى به‌شێک زیادبکه‌ن بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه مرۆییه‌کان که ملکه‌چى کۆنترۆڵی حکومه‌ت بێت.
مرۆڤه‌کان خۆیان له به‌رێکى مه‌سه‌له‌یه‌کى دیاریکراودا داده‌نێن، به‌گوێره‌ى ئاراسته‌ى گشتى سۆزه‌کانیان، یان به‌پێی پله‌ى ئه‌و سودمه‌ندییه‌ى له‌و شته دیاریکراوه‌دا هه‌ستى پێده‌که‌ن که پێشنیارى ئه‌وه ده‌کرێت که پێویسته حکومه‌ت بیکات، یاخود به‌گوێره‌ى ئه‌و بڕوایه‌ى که که‌یفیان پێیدێت که حکومه‌ت به‌وشێوه‌یه‌ى ئه‌وان پێیانباشه ده‌یکات – یان نایکات. به‌ڵام زۆر به ده‌گمه‌ن له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌ر بیروڕایه‌ک که ئه‌وان به‌رده‌وام پێوه‌ى وابه‌سته‌ن، له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى کامانه‌ن ئه‌و شتانه‌ى که گونجاون تا له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه بکرێن.
من وایده‌بینم، له ئه‌نجامى ئه‌م نائاماده‌گییه‌ى رێسا و پره‌نسیپدا، یه‌کێک له لایه‌نه‌کان له ئێستادا به‌قه‌ده‌ر جاره‌کان لایه‌نه‌که‌ى تر هه‌ڵه‌یه. ده‌ستێوه‌ردانى حکومه‌ت، به نزیکه‌ى به راده‌ى دووباره‌بوونه‌وه‌ى یه‌کسان، به‌شێوه‌یه‌کى نه‌شیاو هاندراوه و به‌شێوه‌یه‌کى نه‌شیاو مه‌حکومکراوه.
بابه‌تى ئه‌م نوسینه بریتیه جه‌ختکردن له‌سه‌ر یه‌ک پره‌نسیپى زۆر ساده، که مافى ره‌های حوکمکردنى مامه‌ڵکردنى کۆمه‌ڵگا هه‌بێت له‌گه‌ڵ تاکه‌که‌سدا له‌باره‌ى زۆرلێکردن و کۆنترۆڵکردنه‌وه، جا ئایا ئه‌و ئامرازانه‌ى به‌کارهێنراون هێزى فیزیکى بن له‌شێوه‌ى سزاى یاساییدا، یاخود ملپێکه‌چکردنى ئاکارییانه‌بن بۆ راى گشتى.
ئه‌و پره‌نسیپه‌ش، که تاکه ئامانجێک که مرۆڤایه‌تى رێگه‌یپێدراوه، چ وه‌ک تاک یان به کۆمه‌ڵ ده‌ستوه‌ربداته ئازادى کردارى هه‌ر چه‌ندێکیاندا بێت، بریتیه له خود-پارێزى. تاکه مه‌به‌ستێک که بتوانرێت تێیدا ده‌سه‌ڵات به شێوه‌یه‌کى ره‌وا موماره‌سه بکرێت به‌سه‌ر هه‌ر تاکێکى جڤاکێکى شارستانیدا، به دژى ئیراده‌ى خۆى، بریتیه له رێگه‌گرتن له ئازارگه‌یاندن به‌وانیتر. باشه‌ى خۆى، ئایا جه‌سته‌یى یان هزرى بێت، رێگه‌پێدانێکى کافی نیه.
چونکه ناتوانرێت به‌شێوه‌یه‌کى ره‌وا ناچار بکرێت کاربکات یان خۆى بگرێت، چونکه بۆ ئه‌و باشتره خۆى وا‌بکات، له‌به‌رئه‌وه‌ى کامه‌رانترى ده‌کات، له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌راى ئه‌وانیتر، کردنى کارێکى ئاوه‌ها دانایانه ده‌بێت، یان ته‌نانه‌ت دروستیش ده‌بێت. ئه‌مانه هۆى باشن بۆ ئه‌وه‌ى مشتومڕی له‌گه‌ڵ بکرێت، یان گفتوگۆی ژیرانه‌ى له‌گه‌ڵ بکرێت، یان قایل بکرێت یاخود که‌یفساز بکرێت، به‌ڵام نه‌ک بۆ ناچارکردنى، یان هه‌ر خراپه‌یه‌ک بهێنرێته رێگه‌ى ئه‌گه‌ر نه‌یکرد. بۆ پاساودانى ئه‌وه‌ش، پێویسته ئه‌و ره‌فتاره‌ى ده‌مانه‌وێت قه‌ده‌غه‌ى بکه‌ین، وه‌ها دابنرێت که خراپه به‌رهه‌مده‌هێنێت یاخود زیان به که‌سێکى دیکه ده‌که‌یه‌نێت. تاقه به‌شێک له ره‌فتارى تاک که تێیدا به‌رپرسیار ده‌بێت له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵگادا، ئه‌وه‌یه که په‌یوه‌ندى به ئه‌وانیتره‌وه هه‌یه. له‌و به‌شه‌دا که ته‌نها تایبه‌ته به‌خۆى، ئه‌وه سه‌ربه‌خۆییه‌که‌ى، به ماف، ره‌هایه. تاکه‌که‌س خۆى سه‌روه‌رى خود و له‌ش و هزرى خۆیه‌تى.
ره‌نگه پێویست به‌وه‌ش نه‌کات بڵیین که ئه‌م پێڕه‌وه ته‌نها به‌سه‌ر هه‌و مرۆڤانه‌دا پیاده‌ده‌کرێت که گه‌یشتون به کامڵبوونى عه‌قڵى. باس منداڵ ناکه‌ین و یان باسى لاوان ناکه‌ین که ته‌مه‌نیان له‌خوار ئه‌و ته‌مه‌نه‌وه بێت که یاسا دیاریکردوه بۆ پێگه‌شتوویى پیاوان و ژنان (له زۆربه‌ى کۆمه‌ڵگاکاندا ئه‌و ته‌مه‌نه 18 ساڵه. وه‌رگێڕ) ئه‌وانه‌ى هێشتا له بارێکدان که ده‌خوازێت له‌لایه‌ن ئه‌وانیتره‌وه خزمه‌تبکرێن، پێویسته بپارێزرێن له کرده‌کانى خۆیان و به هه‌مان شێوه‌ش له زیانى ده‌ره‌کی. له‌به‌رهه‌مان هۆش، ده‌کرێت ئه‌و حاڵه‌ته دواکه‌وتوانه‌ى کۆمه‌ڵگا له به‌رچاونه‌گرین که تێیدا ده‌شێت ته‌واوى ره‌گه‌زه‌که به‌ناکام له‌قه‌ڵه‌مده‌درێت.
سه‌ختییه سه‌ره‌تاییه‌کانى که رووبه‌ڕووى به‌ره‌وپێشچوونى بێبه‌رنامه‌یى ده‌بنه‌وه هێنده گه‌وره‌ن، که به ده‌گمه‌ن رێکده‌که‌وێت بژارده‌یه‌ک له شێوازه‌کانى زاڵبوون به‌سه‌ریاندا له ئارادابێت. فه‌رمانڕه‌وایه‌کى لێوان‌لێو له رۆحى باشترکردن سه‌رپشککراوه بۆ به‌کارهێنانى هه‌ر وه‌سیله‌یه‌کى شیاو که ئامانجێک ده‌هێنێته دى، که ره‌نگه به‌وه نه‌بێت نه‌یه‌ته دى.
سته‌مکارى ته‌رزێکى ره‌وای حکومه‌ته له مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ به‌ربه‌رییه‌کاندا، به‌و مه‌رجه‌ى ئامانجه‌که‌ى باشترکردنیان بێت، و وه‌سیله‌که پاساودراو ده‌بێت که به کرده‌وه کاربکاته سه‌ر ئامانجه‌که.
ئازادى وه‌ک پره‌نسیپێک قابیلی ئه‌وه نیه به‌سه‌ر شته‌کاندا پیاده‌بکرێت پێش ئه‌و کاته‌ى تێیدا مرۆڤایه‌تى توانستى باشتربوونى به‌ده‌ستهێنابێت له‌توێی گفتوگۆى ئازادى یه‌کسانه‌وه. هه‌تا ئه‌وکاته‌ش، هیچ شتێک له‌گۆڕى نیه جگه له گوێڕایه‌ڵی بێقه‌یدوشه‌رت بۆ ئه‌کبه‌رێک (ئیمبراتۆرى مه‌غۆله‌کان له 1556-1605 که زۆربه‌ى باکورى هیندستانى داگیرکرد و لێبورده‌یى ئاینى په‌یڕه‌وکرد) یان شارلمانێک (پاشاى فرانک 768-814، و دامه‌زرێنه‌رى یه‌که‌م ئیمبراتۆریه‌ت له ئه‌وروپاى خۆرئاوا پاش هه‌ره‌سى رۆم)، ئه‌مه ئه‌گه‌ر به‌ختیان هه‌بێت و یه‌کێکى وایان ده‌ستگیر ببێت.
به‌ڵام هه‌رئه‌وه‌نده‌ى مرۆڤایه‌تى بووه خاوه‌نى توانستى ئه‌وه‌ى رێبه‌ریبکرێت به‌ره‌و باشترکردنى خۆی له رێگه‌ى قایلکردن یان قه‌ناعه‌تپێکردنه‌وه (ئه‌مه‌ش ماوه‌یه‌که کاتێکى زۆرى پێچیوو تا هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ى پێویسته لێره‌دا بایه‌خیان پێبده‌ین، پێیگه‌یشتن)، ناچارکردن، جا ئایا به‌شێوه راسته‌وخۆکه‌ى یاخود ئازار‌و سزا له‌به‌رامبه‌رى پابه‌ندنه‌بووندا، چیتر بوارى پێ‌نادرێت وه‌ک وه‌سیله‌یه‌ک بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆى، ته‌نها پاساویشى بۆ ئاسایشى ئه‌وانیتره.
شتێکى گونجاوه بڵێم که من ده‌ستبه‌ردارى هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ک ده‌بم که ده‌شێت له ئه‌رگومێنته‌که‌مه‌وه بکه‌وێته‌وه که هه‌ڵهێنجرابێت له ئایدیاى مافى به‌رهه‌ست وه‌ک شتێکى به‌ده‌ر له سوودمه‌ندى. من سوود به دوایین بانگێشه داده‌نێم له هه‌موو مه‌سه‌له ئاکارییه‌کاندا. به‌ڵام ده‌بێت سوودمه‌ندى بێت به مانا گه‌وره‌ترینه‌که‌ى، که چه‌سپاوه له‌سه‌ر بناغه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه هه‌میشه‌ییه‌کانى مرۆڤ وه‌ک بونه‌وه‌رێکى گه‌شه‌سه‌ندوو.
ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ش، به ناره‌زاییه‌وه ده‌ڵێم، رێگه‌ده‌ده‌ن به‌وه‌ى خۆبه‌خۆیبوونى تاک بخرێته ژێررکێفى کۆنترۆڵی ده‌ره‌کیه‌وه، ته‌نها له‌و کرده‌وانه‌ى هه‌ریه‌کێک له‌و تاکانه که په‌یوه‌ستن به به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکانى دیکه‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌رکه‌سێک کارێک بکات ئازار به‌وانیتر بگه‌یه‌نێت، ئه‌وه بارێکى یه‌کڕاست هه‌یه بۆ سزادانى، له‌لایه‌ن یاساوه، یان، کاتێک که سزا یاساییه‌کان به‌شێوه‌یه‌ى سه‌لامه‌ت جێگه‌ى جێبه‌جێکردن نه‌بن، ئه‌وا له رێگه‌ى سه‌رزه‌نشت و مه‌حکومکردنى گشتییه‌وه. هه‌روه‌ها چه‌ندین کارى باشیش هه‌ن له به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌وانیتردا، که ده‌شێت ئه‌و به‌شێوه‌یه‌کى ره‌وا ناچاربکرێت بیانکات، وه‌ک دانى به‌ڵگه له دادگادا، یاخود پشکى گونجاوى خۆى له داکۆکى گشتیدا له‌ئه‌ستۆ بگرێت، یان له هه‌ر کارێکى هاوبه‌شدا دیکه‌دا که پێویسته بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ى که ده‌یپارێزێت. هه‌روه‌ها هه‌ندێک کرده‌وه‌ى لێبوه‌شێته‌وه که سودى تاکه‌که‌سییانه‌ى تێدابێت، وه‌ک رزگارکردنى ژیانی هاوبونه‌وه‌رێک، یان ناوبژیکردن بۆ پاراستنى بێده‌ره‌تان له خراپه‌کارى، ئه‌مانه شتگه‌لێکن که چه‌نده ئاشکرایه که ئه‌رکى سه‌رشانى مرۆڤه بیانکات، ره‌نگه‌به‌شێوه‌یه‌کى ره‌وا به‌رپرسیاربکرێت له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵگادا بۆ نه‌کردنیان.
ره‌نگه که‌سێک زیان به‌وانیتر بگه‌یه‌نێت، نه‌ک ته‌نها له‌توێی کرده‌کانیه‌وه، به‌ڵکو له‌رێگاى بێکرده‌یشه‌وه. له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌شدا به‌شێوه‌یه‌کى ره‌وا به‌رپرسیاره له زیانه‌که. حاڵه‌تى دووایین، راسته که پێویستى پیاده‌کردنێکى زۆر به‌ئاگایانه‌تر هه‌یه له چاو ئه‌وه‌ى پێشتردا. به‌رپرسیارێتى هه‌ر تاکێک له خراپه‌کردن به‌رامبه‌ر ئه‌وانیتر، رێسایه‌که‌یه. به‌رپرسیارکردنى له رێگه‌نه‌گرتنی له‌خراپه، به‌شێوه‌یه‌کى رێژه، ئاوارته‌که‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر حاڵه‌ت هه‌ن که به‌شى ئه‌وه روون و جدیین که پاساوى ئه‌و ئاوارته‌کردنه بده‌نه‌وه.
له هه‌موو ئه‌و شتانه‌دا که تایبه‌تن به په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌کییه‌کانى تاک، تاک به‌شێوه‌یه‌کى یاسایی به‌رپرسیاره له‌به‌رده‌م ئه‌وانه‌ى که به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان له گۆڕێیه، ئه‌گه‌ر پێویستیش بکات، ئه‌وا به‌رپرسیاره له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵگادا وه‌ک پارێزگاریکه‌ر له ئه‌وان. زۆرجار هۆى باش هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌رپرسیارێتى نه‌خرێته ئه‌ستۆى (واته تاکه‌که‌س)، به‌ڵام پێویست ده‌کات ئه‌و هۆیانه له به‌ڵه‌گه‌و به‌هانه‌ى تایبه‌ت به پرسه‌که‌وه هه‌ڵبقوڵێن: جا یان له‌به‌رئه‌وه‌ى جۆرێکه له حاڵه‌ت که به شێوه‌یه‌کى گشتى ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌یه باشتر ره‌فتار بکات ئه‌گه‌ر وازى لێبهێنرێت خۆى بڕیار بدات، وه‌ک له‌وه‌ى به‌هه‌ر شێوازێک کۆنترۆڵبکرێت که کۆمه‌ڵگا داویه‌تى به ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وان بۆ کۆنترۆڵکردنى ئه‌و، یاخود له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌وڵى موماره‌سه‌کردنى کۆنترۆڵکردن خراپه‌ى دیکه‌ى دێنێته به‌رهه‌م، که له‌وانه گه‌وره‌تره که ده‌کرێت رێگه‌یان لێبگرێت.
کاتێک هۆى له‌م جۆره ده‌بنه هۆى رێگه‌گرتن له‌جێبه‌جێکردنى به‌رپرسیارێتى، ئه‌وه پێویسته ویژدانى بکه‌ره‌که خۆى بچێته سه‌ر کورسی به‌تاڵی حوکمدان و ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی ئه‌وانى دى بپارێزێت که هیچ پاراستنێکى ده‌ره‌کییان نیه، حوکمى خۆشى به‌توندى بدات ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌که بوارى ئه‌وه نادات که ئه‌و به‌رپرسیارکراوه له حوکمدان به‌سه‌ر هاوبونه‌وه‌ره‌کانیدا.
به‌ڵام پانتاییه‌کى کردارکردن هه‌یه که تێیدا کۆمه‌ڵگا، که له تاک جیاکراوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ر مه‌یلێکى هه‌بێت ئه‌وا مه‌یلێکى ناراسته‌وخۆیه. سه‌رده‌رکردن له‌و هه‌موو به‌شه‌ى ژیان و ره‌فتارى مرۆڤێک که ته‌نها کاریگه‌ری له‌سه‌ر خۆى هه‌یه، یاخود، ئه‌گه‌ر کاریگه‌ریشى له‌سه‌ر ئه‌وانیتر هه‌بێت، ئه‌وا ته‌نها له رێگه‌ى ره‌زامه‌ندى سه‌ربه‌ستانه و خۆیستانه و فریونه‌دراو و به‌شداریکردنى خۆیانه‌وه ده‌بێت. که ده‌ڵێم ته‌نها خۆى، مه‌به‌ستم له‌وه‌یه به راسته‌وخۆ، و هه‌ر یه‌کسه‌ر: چونکه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى کاریگه‌رییان له‌سه‌ر خۆى هه‌یه له‌وانه‌یه رێگه‌ى خۆیه‌وه کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌وانیتریش هه‌بێت.
ئه‌و ناڕه‌زاییه‌ى که له‌م گریمانه‌کاریه ده‌کرێت، سه‌ره‌نجام بایه‌خى پێده‌درێت. که‌واته ئه‌مه هه‌رێمى شیاوى ئازادى مرۆڤه. که یه‌که‌م شت، بوارى ناوه‌کى هۆشیارى ده‌گرێته‌وه، داوای ئازادیی ویژدان ده‌کات، به گشتیترین ماناى وشه‌که، ئازادى هزرو هه‌ست، ئازادى ره‌هاى بیروڕا و سۆزدارى له هه‌موو بابه‌ته‌کاندا، پراکتیکی بێت یان ئه‌ندێشه‌یی، زانستى، ئاکاریى، یاخود ئاینزایى بێت.
له‌وانه‌یه وه‌ها بێته به‌رچاو که ئازادى گوزارشتکردن و بڵاوکردنه‌وه‌ى راوبۆچوون سه‌ر به پره‌نسیپێکى جیابن، به‌و پێیه‌ى سه‌ر به‌و به‌شه‌ى ره‌فتارى تاکه‌که‌سێکن که جێگه‌ى بایه‌خى خه‌ڵکانى دیکه‌یه. به‌ڵام به‌و پێیه‌ى که گرنگییه‌که‌ى تاڕارده‌یه‌کى زۆرى هه‌مان گرنگى خودى ئازادى بیرکردنه‌وه‌ى هه‌یه و به‌شێوه‌یه‌کى گه‌وره‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌مان هۆکارگه‌له به‌نده، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌کى کرده‌یی شتێکى لێکدانه‌بڕاوه لێى (واته له ئازادى بیکردنه‌وه). دووهه‌م، پره‌نسیپه‌که پێویستى به ئازادى زه‌وق و له‌سه‌رسوربوون ده‌کات، ئازادى داڕشتنى پلانى ژیانمان تا له‌گه‌ڵ که‌سێتیماندا بگونجێت، ئازادى کردنى ئه‌وه‌ى حه‌زمان لێیه‌تى، که بکه‌وێته ژێربارى ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ى که ره‌نگه لێیان بکه‌وێته‌وه، به‌بێ رێگریکردن له لایه‌ن هاوڕه‌گه‌زه‌کانمانه‌وه، تا ئه‌و راده‌یه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌یکه‌ین زیانیان پێناگه‌یه‌نێت هه‌رچه‌ندیشه ره‌نگه ئه‌وان وا هه‌ستبکه‌ن ره‌فتاره‌که‌مان شێتانه و قۆڕ و هه‌ڵه‌یه.
سێهه‌م، له ئازادى هه‌ریه‌ک له تاکه‌که‌سه‌کانه‌وه ئازادى ده‌سته‌کۆى نێوان تاکه‌کان سه‌رچاوه ده‌گرێت، له چوارچێوه‌ى هه‌مان سنوربه‌ندیدا. ئازادى یه‌کگرتن، بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێک که ئازار به ئه‌وانى تر نه‌گه‌یه‌نێت : که‌سه کۆبوه‌وه‌کان پێوسته ته‌مه‌نیان کامڵ بێت و زۆریان لێنه‌کرابێت و فریونه‌درابن.
هیچ کۆمه‌ڵگایه‌ک که به گشتى رێزى له‌م ئازادییانه نه‌گرتبێت، ئازاد نیه، ئیتر شێوه‌ى حکومه‌ته‌که‌ى هه‌رچۆنێک بێت. هیچ کامێکیشیان به‌ته‌واوه‌تى ئازاد نیه، ئه‌گه‌ر تیایاندا به ره‌هاییى و به‌ته‌واوه‌تى ئه‌وانه بونیان نه‌بێت. تاکه ئازادیه‌ک که شایسته‌ى ناوه‌که‌یه‌تى بریتیه له ئه‌وه‌ی که خۆمان به دواى باشه‌ى خۆمان بکه‌وین و به شێوازى خۆمان، تا ئه‌و راده‌یه‌ى که هه‌وڵنه‌ده‌ین ئازادیه‌کانى خه‌ڵکانى تر زه‌ود بکه‌ین، یاخود ببینه رێگر له‌به‌رده‌میاندا بۆ به‌ده‌ستهێنانى. هه‌ر یه‌کێک به‌رپرس و پارێزگاریکه‌رى شیاوى ته‌ندروستى خۆیه‌تى، جا جه‌سته‌یی بێت یان هزرى یاخود رۆحی.
مرۆڤه‌کان ده‌ستکه‌وتیان گه‌وره‌تر ده‌بێت به‌وه‌ى که وا بکه‌ن هه‌رکه‌سه به‌و شێوه‌یه بژى که خۆى به‌لایه‌وه باشه، له‌بره‌ى ئه‌وه‌ى هه‌ر یه‌کێک ناچاربکه‌ن به‌وشێوه‌یه بژی که به‌لاى سه‌رتاپاوه باشه.
گه‌رچى ئه‌م رێبازه هه‌موو شتێکه ته‌نها نوێ نه‌بێت، و له‌وانه‌یه، لاى هه‌ندێک که‌س، بۆنى به‌ڵگه‌نه‌ویستى لێبێت، به‌ڵام هیچ رێبازێک نیه له‌مه راسته‌وخۆتر و ڕاشکاوانه‌تر دژى مه‌یلى گشتى موماره‌سه و بیروڕاى باو بێت. کۆمه‌ڵگا به پڕاوپڕاى هه‌مان ره‌نجى داوه (به گوێره‌ى تێگه‌یشتنى خۆى) له هه‌وڵیدا بۆ ناچارکردنى خه‌ڵک به رازبوون و پابه‌ندبوون به چه‌مکه‌کانى له‌بارى باڵایى که‌سێتیه‌وه به‌هه‌مان شێوه‌ى باڵایى کۆمه‌ڵایه‌تى.
ده‌وڵه‌ت و میله‌ته دێرینه‌کان، فه‌یله‌سوفه دێرینه‌کانیش پشتیوانیانبوون، بڕوایان وابوو که مافى ئه‌وه‌یان هه‌یه پیاده‌ى رێسابه‌ندى سه‌رجه‌م به‌شه‌کانى ره‌فتارى تایبه‌ت بکه‌ن له‌توێی ده‌سه‌ڵاتى گشتییه‌وه، به‌رمه‌بناى ئه‌وه‌ى که ده‌وڵه‌ت به‌رژه‌وه‌ندییه‌کى قووڵی هه‌بوو له کۆى دیسپلینى جه‌سته‌یی و ئه‌قڵیی هه‌ر یه‌کێک له هاوڵاتییه‌کانیدا، ئه‌مه‌ش ته‌رزه بیرکردنه‌وه‌یه‌که که ره‌نگه له کۆماره بچووکه‌کاندا، ئه‌وانه‌ى چوارده‌وریان به دوژمنى به‌هێز گیراوه، که رووبه‌ڕووى مه‌ترسییه‌کى به‌رده‌وامى وێرانبوون ده‌بنه‌وه که له‌توێی هێرشێکى ده‌رکه‌ییه‌وه یان پشێوییه‌کى ناوخۆییه‌وه ئه‌نجامبدرێت، په‌سه‌ند بێت. به‌نیسبه‌تى ئه‌وانه‌وه ته‌نانه‌ت ماوه‌ى کورتى خاوبونه‌وه‌ى وزه‌کان و خودفه‌رمانده‌کردن ره‌نگه زۆر به‌سانایی کوشنده بێت، ته‌نانه‌ت ناشتوانن به‌رگه‌ى چاوه‌ڕوانکردنى کاریگه‌رییه هه‌میشه‌یی سودمه‌نده‌کانى ئازادى بگرن.
له جیهانى نوێ‌دا، قه‌باره‌ى گه‌وره‌ى چڤاکه سیاسییه‌کان، و له‌سه‌رووى هه‌موو شتێکیشه‌وه، جیاکردنه‌وه‌ى هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتى رۆحى و دونیایی (که ئاڕاسته‌ى ویژدانى خه‌ڵکى داوه‌ته ده‌ستى خه‌ڵکانێکى دیکه غه‌یرى ئه‌وانه‌ى کۆنترۆڵی کاروبارى دونیایان ده‌کردن)، رێگه‌یانگرتووه له ده‌ستێوه‌ردانى زۆرى یاسا له ورده‌کارییه تایبه‌تییه‌کانى ژیانى تایبه‌تیدا. به‌ڵام بزوێنه‌ره‌کانى سه‌رکوتکردنى ئاکارى، به‌شێوه‌یه‌کى به‌تینترو چالاک‌تر به‌کارهێنراون دژى لادان و دوورکه‌وتنه‌وه له بۆچوونى باڵا و کاریگه‌ر له خودبه‌رژه‌وه‌ندیدا، له‌چاو ته‌نانه‌ت کاروباره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا. ئایین، به‌هێزترینى ئه‌و پێکهاتانه‌ى به‌شدارییانکردووه له پێکهێنانى هه‌ستى ئاکارییدا، که تاڕاده‌یه‌ک هه‌میشه به‌ڕێوه‌براوه له‌لایه‌ن مه‌یلى به‌رزخوازى پله‌دارى ده‌سه‌ڵاته‌وه، که به‌شوێن کۆنتڕۆڵکردنى سه‌رجه‌م به‌شه‌کانى ره‌فتارى مرۆڤه‌وه‌بووه، یاخود له‌لایه‌ن رۆحى پیوریتانیزمه‌وه1. هه‌ندێک له‌و ریفۆرمیسته نوێیانه که خۆیان خستۆته به‌ره‌ى به‌هێزترین دژایه‌تیکردنى ئایینه‌کانى رابردووه‌وه، هیچ جیاوازیه‌کیان نه‌بووه له کڵێسا یان تایفه‌کان له بانگێشه‌ى مافداریاندا بۆ باڵاده‌ستى رۆحى. ئۆگه‌ست کۆمت2، به‌تایبه‌ت، که سیستمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ى خۆى که له کتێبى "سیستمى سیاسه‌تى وه‌زعى" دا روونکردۆته‌وه، ئامانجى دامه‌زراندنى سیستمێکى سته‌مکارى ده‌سه‌ڵاتخوازى کۆمه‌ڵگایه به‌سه‌ر تاکدا (به‌ڵام له‌توێی پابه‌ندبوونى ئاکارییه‌وه زیاتر له‌وه‌ى له‌توێی پابه‌ندبوونى یاساییه‌وه بێت)، سته‌مکاریی کۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر تاکدا، بۆڕى هه‌موو شتێکى دایه‌وه که تێڕامانی لێکرابێت له ئایدیاڵى سیاسى هه‌ره که‌له‌ره‌قترینى دیسپلینه‌خوازه‌کان له‌نێو فه‌یله‌سوفه دێرینه‌کاندا.
به‌ده‌ر له بڕواى سه‌یروسه‌مه‌ره‌ى هه‌ندێک له بیریاره‌کان، مه‌یلێکى روو له‌زیادبوونیش له‌سه‌راپاى جیهاندا هه‌یه به‌ره‌و په‌خشکردنى زیادڕۆیانه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کانى کۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر تاکدا، به هه‌ردوو هێزى راوبۆچوون و ته‌نانه‌ت هێزى یاسادارێژى. له‌کاتێکدا مه‌یلی هه‌موو ئه‌و گۆڕانکارییانه له‌جیهاندا رووده‌ده‌ن به‌ره‌و به‌هێزکردنى کۆمه‌ڵگادان، و ده‌سه‌ڵاتى تاک ده‌سڕنه‌وه، ئه‌م پێشێلکارییه یه‌کێک نیه له‌و خراپانه‌ى که خۆبه‌خۆ به‌ره‌و دیارنه‌مان ده‌ڕوات، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه‌ى زیاتر و زیاتر تۆقێنه‌رتر ده‌بن.
سته‌مکارى مرۆڤایه‌تى، چ وه‌ک فه‌رمانڕه‌وا بێت یان هاوڵاتى، به سه‌پاندنى راوبۆچوونه‌کانیان و مه‌یله‌کانیان وه‌ک رێساى ره‌فتارکردن به‌سه‌ر ئه‌وانیتردا، به‌شێوه‌یه‌کى زۆر کارا پشتگیریده‌کرێن له‌لایه‌ن به‌شێک له باشترین و به‌شێک له خراپترینى ئه‌و هه‌ستوسۆزانه‌ى به‌سه‌ر سروشتى مرۆڤایه‌تیدا هاتوون ، به‌جۆرێک که زۆر زه‌حمه‌ته توانرابێت به‌هیچ هۆکارێک له‌ژێر کۆنترۆڵدا بهێڵرێته‌وه، جگه له پێویستى بۆ ده‌سه‌ڵات. له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له داناکشاندا نیه، به‌ڵکو له گه‌شه‌دایه، هه‌تا ئه‌و کاته‌ى رێگرێکى به‌هێز له قه‌ناعه‌ته ئاکارییه‌کان قوتنه‌که‌ینه‌وه به‌ڕوى به‌دکاریدا، ئه‌وا، له‌بارودۆخى ئێستاى جیهاندا، پێویسته چاوه‌ڕوانى ئه‌وه بکه‌ین زیاتربکات. (واته ده‌سه‌ڵات)
شتێکى گونجاو ده‌بێت بۆ ئه‌رگیومێنته‌که‌مان، ئه‌گه‌ر، له‌برى ئه‌وه‌ى یه‌کسه‌ر بچینه سه‌ر تێزه گشتییه‌کان، سه‌ره‌تا خۆمان سنورداربکه‌ین به یه‌ک لقییه‌وه، که تێیدا ئه‌و پره‌نسیپه‌ى لێره‌دا خراوه‌ته روو، ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوییش نه‌بێت، ئه‌وه تا ئاستێکى باش، له‌لایه‌ن بیروبۆچوونى ئێستامانه‌وه دانپیادانراوه.
ئه‌و تاکه لقه‌ش بریتیه له ئازادى هزر: مه‌حاڵیشه بتوانین ئازادى قسه‌کردن و نوسینیش لێی جیابکه‌ینه‌وه که له بنه‌ڕه‌ته‌وه به‌شێکن لێى. وێڕاى ئه‌وه‌ى که تا ئاستێکى باش ئه‌م ئازادییانه، به‌شێکى ئاکارى سیاسی هه‌موو ئه‌و وڵاتانه پێکده‌هێنن که بانگه‌شه‌ى لێبورده‌یى ئاینى و دامه‌زراوه‌ى ئازاد ده‌که‌ن، ئه‌و زه‌مینه فه‌لسه‌فى و پراکتیکییه‌ى له‌سه‌رى راوه‌ستاون، تا راداه‌یک به ئاوه‌زى گشتى ئاشنا نین، ته‌نانه‌ت له لایه‌نى زۆرێک له سه‌رکرده‌کانى راوبۆچوونه‌وه باش نه‌نرخێنراون، وه‌ک لێیان پێشبینى ده‌کرا.
ئه‌و زه‌مینانه، کاتێک به دروستى لێیان تێده‌گه‌ین، بوارى جێبه‌جێکردنى زۆر به‌رینتریان هه‌یه له‌وه‌ى ته‌نها به‌سه‌ر یه‌ک به‌شى بابه‌ته‌که‌دا بێت، هه‌روه‌ها لێوردبوونه‌وه‌یه‌کى قووڵی ئه‌م به‌شه‌ى پرسه‌که، ده‌بێته باشترین پێشه‌کى بۆ ئه‌وه‌ى ماوه. هیوادارم ئه‌وانه‌ى که هیچ شتێک له‌وانه‌ى من ده‌یانڵێم نوێ نیه به‌لایانه‌وه، ده‌کرێت و هیوادارم، بمبه‌خشن، ئه‌گه‌ر ده‌رباره‌ى بابه‌تێک گفتوگۆ بکه‌م که له‌ماوه‌ى سێ سه‌ده‌ی رابردوودا زۆرجار گفتوگۆى له‌سه‌ر کراوه، من بوێریی ده‌که‌م و جارێکى تریش گفتوگۆى له‌سه‌ر بکه‌م.
1-پیوریتانیزم: به‌ڕێبازى ئه‌و پرۆتستانتانه ده‌وترێت که له سه‌ده‌ى شازده‌دا له کڵێساى ئینگلیزى سه‌ریانهه‌ڵدا و داواى ئاسانکاریان ده‌کرد له مه‌راسیمى ئاینیدا و سه‌پاندنى رێسا و دیسپلینى توندتر. 2-ئۆگوست کۆمت (1798-1858) دامه‌زرێنه‌رى زانستی كۆمه‌ڵناسی و فه‌لسه‌فه‌ى وه‌زعى. |
| < پێشتر | دواتر > |
|---|