| وته‌ی هه‌فته |
| لیبرالیزم |
|
|
|
|
نووسه‌ر ده‌یڤد به‌وز
|
|
|
ده‌ستپێك په‌رتوكی لیبرالیه‌ت 'Libertarianism: a primer' له نوسینی ده‌یڤد به‌وز، یه‌كێكه له تویژینه‌وه جدیه هاوچه‌رخه‌كانی بیری لیبرالیزم كه زۆرجار به مانیفێستۆی لیبرالیزم داده‌نرێت له ئه‌مه‌ریكا. وه‌رگێڕانی ئه‌م په‌رتوكه هه‌وڵێكه له‌پێناو ئاشناكردنی خوێنه‌ری كورد به ده‌ركه‌وته‌كانی ئه‌و بیره له ئه‌مه‌ریكا و له‌هه‌مان كاتیش‌دا گه‌شتێكه به‌نێو سه‌ره‌تاكانی سه‌رهه‌ڵدانی لیبرالیزمدا.
ئه‌وه‌ی له دوو تویی ئه‌م پهرتوكهدایه ته‌نها پێنج به‌شی په‌رتوكه ئینگلیزیه‌كه‌یه كه ئێمه له‌به‌ر گرنگی ئه‌و به‌شانه و په‌یوه‌ندی ههنوكهییان به ره‌وشی كومه‌ڵی كوردیه‌وه، بڕیارماندا كه ته‌نها ئه‌وانه وه‌ربگێڕین.
یه‌كێك له‌و خاڵه گرنگانه‌ی كه پێویسته خوێنه‌ر سه‌رنجی بدات وشه‌ی لیبریتاریانیزمه. ئه‌م وشه‌یه له‌لای كورد به‌ده‌گمه‌ن بیستراوه یاخود هه‌ر نه‌بیستراوه. زاراوه‌ی لیبرتاریانیزم دارشتهیهكی ئه‌مه‌ریكاییه بۆ زاراوه‌ی لیبرالیزم یاخود لیبرالیزمی كلاسیكی. لیبرالیزم له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا چه‌ندین شێوازی به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و و له‌م دواییانه‌شدا وشه‌ی لیبراڵ له ئه‌مه‌ریكا به واتای مه‌یلداری به‌لای چه‌پدا به‌كار ده‌هێنرێت. له ئینگلستان وشه‌ی لیبراڵ هاوتای ئه‌وه‌یه كه له ئه‌وروپا پێیده‌وترێت سۆشیال دیموكرات و له فه‌ره‌نساش وشه‌ی لیبراڵ وه‌ك تانه‌یه‌ك به‌كار ده‌هێنرێت. له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه و له پێناوی پاراستنی ره‌گوریشه‌ی بیری لیبرالیزمی كلاسیكیدا، بیرمه‌نده ئه‌مه‌ریكاییه‌كان وشه‌ی 'لیبرتاریانیزیم'یان دارشتوه كه بیڕوڕای به حكومه‌تی سنوردار و ئازادی بازرگانی و مافی تاكه‌كه‌س و ده‌سه‌ڵاتی یاسا هه‌یه.
به‌و پێیه‌ی زمانی كوردی به‌دوره له‌و ئاڵۆزیانه‌ی كه ئه‌م وشه‌یه له ئه‌ورپا و ئه‌مه‌ریكا به‌خۆیه‌وه بینیوه، بۆیه به چاكمان زانی وشه‌ی لیبراڵیه‌ت و لیبراڵیزم و لیبڕال به‌كار بهێنین له وه‌رگێرانی ئه‌م په‌رتوكه‌دا، هه‌رچه‌نده له هه‌ندێك شوێندا له‌به‌ر پێویستی سیاق و به‌كارهێنانی وشه‌كه، وشه‌ی لیبریتاریانیزم یاخود لیبیرتاریهنمان به‌كار هێناوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه كه هه‌ردوو زاراوه‌كه هه‌مان واتا ده‌گه‌یه‌نن.
یه‌كێكی دیكه له زه‌حمه‌تیه‌كانی كاری وه‌رگێڕانی په‌رتوكه‌كه و پێاداچونهوهی بریتیه له بێبه‌شی زمانی كوردی له‌م جۆره له نوسین و زۆر به كه‌میش تێكستی له‌م بواره‌دا به‌رهه‌مهێناوه، له‌به‌ر ئه‌وه ئیمه دوچاری چه‌ندین گرفت بووین له وه‌رگێران و دۆزینه‌وه‌ی زاراوه‌ی شیاو له زمانی كوردیدا كه هه‌مان ئه‌و مانایانه بگه‌یه‌نێت كه له زمانی ئینگلیزی‌دا به‌كارهاتوون و هه‌ندێكیش له‌و چه‌مك و زاراوانه هێنده نوێ و بێهاوتان له زمانی كوردیدا، ئێمه هه‌وڵمانداوه كه وشه‌ی نوێیان بۆ دابتاشین، بیگومان به گرتنه‌به‌ری سیسته‌می زمانه‌وانی كوردی، تاوه‌كو ئه‌و بیرۆكانه بگه‌ن به خوێنه‌ری كورد و له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌و وشانه ببنه بناغه‌یه‌ك بۆ كاری هاوشێوه.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌و پێنج به‌شه له‌به‌ر گرنگی ناونیشان و پێویستی ئاشنابوونی خوێنه‌ری كورده به‌و چه‌مكانه كه هه‌ندێكیان زۆر ته‌مومژاوین. چه‌مكێكی وه‌ك 'كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی' یه‌كێكه له‌و چه‌مكانه‌ی كه له چه‌ند ساڵی رابردوودا زۆر به‌كارهێنراوه، به‌ڵام زۆر زه‌حمه‌ته پیاناسهیهكی دیاری چه‌مكه‌كه له ناو رۆشنبیری كوردیدا بدۆزینه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌شی كه چالاكن له بواری بره‌ودان به‌كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیدا، به زحمه‌ت ده‌توانن سیما و خوسڵهتهكانی ئه‌و چه‌مكه ئاڵۆزه دیاری بكه‌ن. لێبورده‌یی یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و چه‌مكانه، (لێبورده‌یی كه له زمانی ئینگلیزی‌دا به تۆلهرهیشن ناسراوه، كه له جه‌وهه‌ردا به‌واتای په‌سه‌ندكردن و پێكه‌وه‌ژیان و قبوڵكردنی جیاوازی دێت) یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و چه‌مكه هه‌ره گرنگانه‌ی كه له‌ناو كه‌لتوری كوردیدا قسه‌ی كه‌می له‌سه‌ر كراوه و نه‌بۆته به‌شێك له په‌یامی رۆشنبیری و سیاسی گه‌لێك كه میژوویه‌كی درێژی هه‌یه له بهقوربانیبووندا، كه هه‌ندێك جار ئه‌و قوربانییبونه رێگریكردوه له بره‌ودان و گه‌شه‌كردنی چه‌مكی لێبورده‌یی كه یه‌كێكه له پێگه گشتی و گرنگه‌كانی ئازادی و مه‌رجێكی پێشوهختیشه بۆ گه‌شه‌ی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی.
ره‌نگه نمونه‌ی هۆڵه‌ندا له سه‌ده‌ی ١٧دا باشترین به‌ڵگه‌ی پێویستی هه‌بوونی ئه‌م چه‌مكه بێت كه كاتێك سه‌رجه‌م وڵاته مه‌زنه‌كانی ئه‌وكاته‌ی ئه‌وروپا به‌ده‌ست جه‌نگ و جوداییخوازیه ئاینیه‌كانه‌وه ده‌یانناڵاند، هۆڵه‌ندا وه‌ك وڵاتێكی لێبورده رێگه‌ی خۆشكرد بۆ پێكه‌وه‌ژیان و بازرگانیكردن له‌نێوان ئه‌ندامانی ئاین و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كاندا، كه له ماوه‌یه‌كی كورتدا هۆڵه‌ندا بوه وه‌ڵاتێكی بوژاوه و پیشكه‌وتوو و خۆشگوزه‌ران كه سه‌رنجی وڵاتانی درواسێی راكێشا و له هه‌مانكاتیشدا بازرگانی و سه‌رماییه‌ی كێشكرد بۆلای خۆی كه به‌شداریه‌كی گرنگیانكرد له بوژانه‌وه و پێشكه‌وتنی ئه‌و وڵاته‌دا.
یه‌كیكی دیكه له به‌شه گرنگه‌كان یاسا و ده‌ستوره. ئه‌م دوو چه‌مكه دوو چه‌مكی یهكجارگرنگن بۆ ئێستا و داهاتووی كورد. گرنگی یاسا له دیدی لیبرالیهوه له‌وه‌دایه كه ته‌نها ده‌قێك نیه نوسرابێت و به‌رده‌وام له‌لایه‌ن جێبهجێكارانیهوه پێشێلبكرێت، به‌ڵكو یاسا یه‌كێكه له پێگه پته‌وه‌كانی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵێكی ئازاد كه بتوانێت رێز له ئه‌ندامه‌كانی بگرێت و له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه كه مافه‌كانیان بپارێزێت. یه‌كسانی له‌به‌رده‌م یاسادا یه‌كێكه له زامنه گه‌وره‌كان بۆ گه‌شه‌ی ئابوری و خۆشگوزه‌رانی. ئه‌و كاته‌ی هاوڵاتیه‌كان دڵنیان له‌وه‌ی سه‌روماڵیان پارێزراوه، ده‌توانن بره‌و به كرداره ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان بده‌ن و ترسی ئه‌وه‌یان له دڵا نه‌بێت كه رۆژێك له رۆژان جه‌رده‌كان یاخود حكومه‌ت موڵكوماڵهكانیان داگیرده‌كات به پاساوی جۆراوجۆر. ده‌بێت یاسا پارێزه‌ری مافه‌كانی تاكه‌كه‌س بێت و به‌سه‌ر هه‌موواندا به‌یه‌كسانی پیاده‌بكرێت و له‌ژێر ده‌ستی حاكم و حكومه‌تی زۆرداردا نه‌بێت و پێشێلكارانی یاسا سزابدرێن. لێره‌وه گرنگی ده‌ستورێك كه توانای ئه‌وه‌ی تێدابێت بسه‌پێنرێت ده‌بێته چوارچێوه و بناغه‌ی كۆمه‌ڵێك كه تاكه‌كانی به‌ئازادی ژیانیان بگوزه‌رێنن. به‌شێكی زێدهگرنگی په‌رتوكه‌كه تایبه‌ته به كه‌رامه‌تی تاكه‌كه‌س. بێگومان میژووی مرۆڤایه‌تی به‌گشتی و مێژووی كورد به تایبه‌تی تۆمارێكی تاریكیان هه‌یه له سڕینه‌وه‌ی تاكه‌كه‌س و پێشێلكردنی مافه‌كانی و مامه‌ڵه‌كردنی وه‌ك دانه‌یه‌كی بێبه‌ها له كۆی مێگه‌لدا. بێگومان بیری ده‌سته‌جه‌معی هه‌میشه بێبایه‌خانه ته‌ماشای تاكه‌كه‌س و پێگه‌ی تاكه‌كه‌سی كردوه له كۆمه‌ڵدا و وه‌ك قۆچی قوربانی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ژیانی تاكه‌كه‌سدا كردوه و هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابووه روخسار و سیما تایبه‌ته‌كانی بسڕێته‌وه و هاوتای بكات له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا كه هه‌موویان پێكه‌وه وه‌ك یه‌كه‌یه‌ك ته‌ماشاده‌كران له كۆیه‌كی مه‌زن. ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی تاكه‌كانی ئازاد نه‌بن هه‌رگیز ناتوانێت خۆشی ئازاد بێت، چونكه ته‌نها مرۆڤی ئازاد ده‌توانێت ئازادی به‌ده‌ستبهێنێت و بیپارێزێت و رێزی بگرێت، كه مێژووی كورد هه‌میشه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م لۆژیكه‌وه كاریكردوه.
تاكه‌كه‌س كۆڵه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه و كۆمه‌ڵ به‌بێ تاكه پێكهێنه‌ره‌كانی هیچ بوونێكی نیه. ته‌نها بانگه‌شه‌کارانی بیری تۆتالیتاری و ده‌سته‌جه‌معی و ئاین وه‌ك ژماره ته‌ماشای تاك ده‌كه‌ن كه ئامرازێكه بۆ به‌دیهێنانی خواسته‌كانی كۆمه‌ڵ، سه‌ركرده، یاخود خوداوه‌ند. مێژووی دێرینی ئه‌و جۆره بیرانه هه‌زاران و ملیۆنان كه‌سیان راپێچی مه‌رگ كردوه له‌ژێر ناوی "چاكه‌ی گه‌وره" و "سه‌روه‌ری گه‌ل" و "خودا" و "سه‌رۆك" و چه‌ندین گوزارشتی له‌م جۆره كه سه‌رجه‌میان له ئه‌نجامدا به زیانی تاكه‌كه‌س و مرۆڤایه‌تی شكاونه‌ته‌وه.
له‌م روانگانه‌وه، هیوادارین ئه‌م په‌رتوكه (ئه‌و په‌رتوكانه‌ی له داهاتوودا بڵاویان ده‌كه‌ینه‌وه) ببێته هه‌وێنی داڕشتن و پته‌وكردنی پێگه‌ی تاكه‌كه‌س و چه‌سپاندنی پێگه‌كانی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵێكی مه‌ده‌نی به‌رمه‌بنای یاسا و لێبورده‌یی و په‌سه‌ندكردنی جیاوازی كه هه‌موو ئه‌مانه ده‌بنه بنه‌مای پته‌وی ئازادی و سه‌رفرازی و خۆشگوزه‌رانی.
پێشواز سه‌عدوڵڵا فه‌یزوڵڵا چرای ئازادی واشینتۆنی پایته‌خت ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا |
| < پێشتر | دواتر > |
|---|