| وته‌ی هه‌فته |
| كورد و ئازادی |
|
|
|
|
نووسه‌ر پێشواز سه‌عدوڵڵا فه‌یزوڵڵا
|
|
|
ره‌نگه كه‌م میله‌ت هه‌بن له مێژوودا به‌هێنده‌ی كورد وشه‌ی 'ئازادی' یان به‌كارهێنابێت. به‌ڵام ئایا ئازادی خۆی چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ ئایا ئازادی ته‌نها یه‌ك ره‌هه‌ندی هه‌یه؟ یان چه‌مكێكه و چه‌ندین مه‌غزای جۆراوجۆری له‌ناو خۆیدا هه‌ڵگرتوه؟
به‌كارهێنانی وشه‌ی ئازادی هێنده به‌ربڵاوه له مێژووی كورددا، گه‌یشتۆته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی له نه‌ستی ده‌سته‌جه‌معیدا بووه به به‌شێك له ژیان و خه‌باتی مرۆڤی كورد. به‌كارهێنانی ئه‌م وشه‌یه ته‌نها له ئه‌ده‌بیاتی ره‌وتێكی سیاسی‌دا قه‌تیسی نه‌خواردوه، به‌ڵكو سه‌رجه‌م ته‌رز و ئاراسته‌كانی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كوردی گرتۆته‌وه له نه‌ته‌وه‌گه‌راییه‌وه بۆ بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ و سۆشیالیستی تاوه‌كو ده‌گاته ره‌وته ئیسلامیه‌كانیش. ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی سه‌رنجه، به‌كارهێنانی وشه‌ی ئازادی له‌لای سه‌رجه‌م ئه‌و كارا سیاسیانه و ته‌نانه‌ت له‌لای خه‌ڵكیش مانایه‌كی زۆر دیاریكراو و له قاڵبدراوی وه‌رگرتوه. 'ئازادی' به‌گوێره‌ی ئه‌و تێڕوانینه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه ته‌نها به واتای 'رزگار بوون له' یاخود 'ئازاد بوون له' به‌كارهێنراوه و راڤه‌كراوه. له هاوكێشه‌یه‌كی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییدا كه له‌لایه‌ك كورد ژێر دهستهبووه و چه‌وسێنراوه‌ته‌وه و مافه‌كانی زهودكراون، له‌لایه‌كی تر داگیركه‌رێك مافه‌كانی كوردی زهودكردوه، بۆ پارسهنگكردنهوهی ئه‌و هاوكێشه‌یه كورد پێویستی به "ئازاد بوون له" داگیركه‌ر هه‌بووه.
ئه‌م واتایه‌ی 'ئازادی'، بێگومان به‌شێكه له چه‌مكی ئازادی. ئازادی خۆی له خۆیدا به‌هایه‌كی مرۆییه كه به‌درێژایی بوونی مرۆڤ بوونی هه‌بووه و هه‌میشه له هه‌ڵكشان و داكشاندا بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه نه‌گۆڕه ئه‌وه‌یه كه مرۆڤه‌كان به سروشت بونه‌وه‌ری ئازادن و هیچ ده‌سه‌ڵاتێك نابێت و ناتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی ره‌وا تاكه‌كان ناچاربكات به ملكه‌چبوون بۆ ویسته‌كانی خۆی.
له میژووی كورددا خه‌بات له پێناوی 'ئازاد بوون له' هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌ڵاتانه‌ی كه له نه‌ستی ده‌سته‌جه‌معی و فیكری كوردیدا داگیركه‌ر و چه‌وسێنه‌ر و سته‌مكاربوون هه‌میشه سێبه‌ری خۆی كێشاوه به‌سه‌ر هه‌ست و فیكری مرۆڤی كورددا، هه‌ر ئه‌م سێبه‌ره‌ش وایكردوه كه تێگه‌یشتن له چه‌مكی 'ئازادی بوون له خۆدا' واتایه‌كی لاوه‌كی و نادیار بێت.
ساته‌وه‌ختێكی وه‌ك ئێستا كه یادی ١٨ ساڵه‌ی راپه‌ڕینی كوردستانی عێراقه ره‌نگه كاتێكی شیاوبێت بۆ تێڕامان له كاریگه‌ری ئه‌و دوو تێگه‌یشتنه له چه‌مكی ئازادی: 'ئازاد بوون له' به‌رامبه‌ر به 'ئازاد بوون له خۆدا'. ساته‌وه‌ختی راپه‌ڕینی ١٩٩١ ته‌قینه‌وه‌ی گڕكانی ئه‌و ناڕهزاییهبوو كه هه‌ست و هزری سیاسی و میللی كورد له عێراقدا ده‌ریبڕی له دژی سته‌مكاری. بێگومان راپه‌ڕین گوزارشته له هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له‌دژی سته‌مكاری و ره‌تكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كۆتوبه‌نده‌كانی و سه‌رجه‌م شێوازه‌كانی سه‌ركوتكردن و ملكه‌چكردن.
ئه‌م ساته مێژووییه دوو هه‌ست و خه‌یاڵی له‌لای تاكی كورد خوڵقاند. هه‌ست و خه‌یاڵێكی كاتی، له‌گه‌ڵ هه‌ست و خه‌یاڵێكی دور مه‌ودا. هه‌ست و خه‌یاڵی كاتی بریتی بوو له ساته پڕچیژهكانی رزگاربوون له سته‌مكاری و سه‌ركوتكردن و كوشتن و تۆقاندن. ئه‌و ساته‌ی كه كورد به تێكڕا بڕیاری 'ئازاد بوون له' داگیركه‌ری دا، ساته‌وه‌ختێك كه تێیدا هه‌موو رێساكانی گه‌مه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و شارستانی هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه و له جێگایان رێسای نوی دانران. ئه‌و ساته روناكی به‌خشیه خه‌یاڵی كوردی و جارێكی دیكه ئاشتیكرده‌وه له‌گه‌ڵ مرۆڤبوون و زیندووبوندا.
به‌ڵام له هه‌مان كاتدا، ئه‌و ساته نه‌شئه‌به‌خشه كورتانه ده‌ڕه‌ونه‌وه، و مرۆڤ ناتوانێت بۆ هه‌تاهه‌تایه له باری ئاهه‌نگگێران و نه‌شئه‌دا بژی. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه تاكی كورد رویكرده بیركردنه‌وه و تێڕامان له ره‌هه‌ندی دوومی چه‌مكی ئازادی: 'ئازاد بوون له خۆدا'.
'ئازاد بوون له خۆدا' ئه‌و باره‌یه كه تێیدا مرۆڤی كورد چیتر خه‌می 'ئازاد بوون له' داگیركه‌ری نه‌ما، چیتر مه‌ترسی فه‌رمانڕه‌وا و پیاوانی رژێمی سه‌ركوتكه‌ری نه‌بوو. مرۆڤی كورد له ساتێك‌دا ده‌ژیا كه تێیدا سه‌رجه‌می پێكهاته و جومگه‌كانی ژیان و گوزه‌رانی له‌ژێر ركێفی خۆیدا بوو. ئیراده‌یه‌كی به‌هێزی هه‌بوو له مانه‌وه و به‌رگریكردن به رووی سه‌ختیه‌كانی ژیاندا كه له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كاندا ئابڵوقه‌ی ئابوری و سستی ئابوری كوردستان سه‌ختترین تاقیكردنه‌وه بوون كه ئیراده‌ی كورد توانی به‌سه‌ریاندا زاڵ بێت. به‌ڵام دیسانه‌وه كورد وه‌ك مرۆڤ، تاكه‌كان وه‌ك خه‌باتگێڕی درێژخایه‌ن له پێناوی ئازادی‌دا شێوازی خه‌باتیان له 'ئازاد بوون له' گۆڕی بۆ 'ئازاد بوون له خۆدا' چونكه دركیان به گرنگی بهئازادیژیان كرد، دركیان به‌وه‌كرد كه مرۆڤ ناتوانێت بۆ ماوه‌یه‌كی بێكۆتا له نه‌شئه‌ی شۆڕشدا بژی.
هه‌ر زوو ده‌ركه‌وت كه هه‌وڵدان بۆ 'ئازاد بوون له خۆدا' هیچی كه‌متر نیه له خه‌باتی 'ئازاد بوون له'. تاكی كورد دركی به‌وه كرد كه ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به كه‌رامه‌ت و سه‌ربه‌رزی بژی، پێویستی به‌وه هه‌یه ئازاد بێت له خۆدا. ئه‌و باره‌ش به ئاسانی نه‌هاته‌دی.
پێش راپه‌ڕین هه‌موو كورد بڕوای وابوو كه 'ئازاد بوون له' یه‌كسانه به 'ئازاد بوون له خۆدا'. به‌ڵام پاش ره‌وینه‌وه‌ی ئاهه‌نگێڕان و نه‌شئه‌ی راپه‌ڕین و روبه‌رووبونه‌وه‌ی سه‌ختیه راسته‌قینه‌كانی ژیان و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی و به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری ده‌وڵه‌تی، ورده ورده ئه‌و سه‌رابه ره‌ویه‌وه كه بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ ئه‌و وه‌همه‌ی له‌لای تاكی كورد دروستكردبوو كه 'ئازاد بوون له' یه‌كسانه به 'ئازاد بوون له خۆدا'.
پاش چه‌ند ساڵێكی كه‌م شه‌ڕوكوشتار له نێوان پارته سیاسیه‌كانی كوردستان ده‌ركه‌وت كه بۆ ماوه‌یه‌ك هزری تاكی كوردیان داگیركرد و زۆر جار تاكه‌كانی ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ بیركردنه‌وه له 'ئازاد بوون له' دوژمن كه له‌و ساته‌دا دوژمنێكی ناوخۆیی بوو، كه پارته سیاسیه‌كانی كورد زۆر لێزانانه و به‌بێ شه‌رم سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی خۆیانیان كردبووه ئامراز بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی ژه‌هراوی له‌باره‌ی ئه‌ویتر، ئه‌وی دوژمن. به‌كۆتایی هاتنی شه‌ڕو كوشتار و ئاشتبونه‌وه‌ی برا یهكتركوژهكان، ئاراسته‌ی بیری تاكی كورد دیسانه‌وه گه‌ڕایه‌وه بۆ لای بیركردنه‌وه له 'ئازاد بوون له خۆدا'.
تاوه‌كو ساته وه‌ختی ئێستامان، ده‌سه‌ڵاتی كوردی له هه‌رێمی كوردستانی عێراق له توانایدا نیه له‌وه تێبگات كه خه‌بات له پێناو 'ئازاد بوون له خۆدا' به‌مانای دژایه‌تیكردنی ده‌سه‌ڵاتی كوردی نایه‌ت به‌ڵكو هه‌وڵێكه بۆ پیاده‌كردنی ئازادی كه مافێكی سروشتی تاكه‌كانه. ده‌سه‌ڵات ناتوانێت له‌وه تێبگات كه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ئاسمانی نیه یاخود میراتێك نیه له باوباپیرانی شاهانشاییهوه بۆی مابێته‌وه.
ئه‌م به‌شه گرنگه‌ی چه‌مكی ئازادی كه خۆی له 'ئازاد بوون له خۆدا' ده‌بینێته‌وه، خه‌می زۆرێك له‌و مرۆڤه ئازادانه‌یه كه ناتوانن ئه‌وه له بیر بكه‌ن كه مرۆڤ به سروشت ئازاده و ناشتوانن بڕوا به‌و وه‌همه بهێنن كه بانگێشه‌ی ئه‌وه ده‌كات "ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی سته‌می كرد، ئه‌وا سته‌مه‌كه‌ی ره‌وایه."
مرۆڤه ئازاده‌كان چیتر بڕواش به‌و وه‌همه ناهێنن كه ده‌سه‌ڵات له هه‌موو بۆنه‌كاندا ده‌یدات به گوێی خه‌ڵكدا "ئێمه ئازادیمان پێبهخشیوهن." ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه نه‌ك هه‌ر هه‌ڵه‌یه، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر گریمان ئه‌و گریمانه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌دا ده‌ریده‌بڕێت راست بێت و ده‌سه‌ڵات ئازادی به‌خشیبێت به خه‌ڵك، ئه‌وا مانا شاراوه‌كه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه یاخود لێكدانه‌وه‌كه‌ی به دیوێكی دیكه‌دا بریتی ده‌بێت له "بۆیه ده‌توانین ئازادیتان لێوه‌ربگرینه‌وه".
ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی به‌رده‌وام ده‌دات بۆ شه‌رعیه‌تدان به سته‌مكاری و پێشلكاری ئازادی و مافه‌كانی خه‌ڵك و لهبهرامبهریشیدا مرۆڤه ئازاده‌كان و خه‌ڵك به‌ره‌نگاری ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار ده‌بنه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خۆشیان ده‌سه‌ڵاتیان به‌خشیبێته ئه‌و حكومه‌ته‌ی كه فه‌رمانڕه‌واییان ده‌كات. ئه‌گه‌ر وانه‌یه‌ك له مێژووه‌وه فێربووبین ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵات هه‌رگیز ناتوانێت بۆ هه‌تاهه‌تایه سته‌مكاری بكات و خه‌ڵكیش ئه‌و هێزه‌ن كه ده‌توانن حكومه‌ته‌كانیان بگۆڕن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خۆماڵیش بن.
|
| < پێشتر | دواتر > |
|---|