| وته‌ی هه‌فته |
| تێگه‌یشتن ناسه‌پێنرێت |
|
|
|
|
نووسه‌ر جۆن لۆک
|
|
|
له‌سه‌روو هه‌موو شتێکه‌وه، من به‌پێویستی ده‌زانم که جیاکاریه‌کی ورد بکرێت له‌نێوان کاری حکومه‌تی مه‌ده‌نی و کاری ئاییند، هه‌روه‌ها دانانی سنورێکی ره‌وا له نێوان هه‌ردووکیاندا. ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌کرێت، ئه‌وا هه‌رکیز کۆتاییه‌ک نابێت بۆ ئه‌و مشتومڕه‌ی که له نێوان ئه‌وانه‌دا سه‌ر هه‌ڵده‌دات که بایه‌خده‌ده‌ن، یاخود وا خۆیان پیشان ده‌ده‌ن که بایه‌خ ده‌ده‌ن، به سوده‌کانی رۆحی مرۆڤ، له لایه‌ک، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی که بایه‌خ ده‌ده‌ن به کۆمینوێڵس (واته وڵات) له لایه‌کی تره‌وه.
کۆمۆنوێڵس به‌لای منه‌وه بریتیه له کۆمه‌ڵه‌ی پیاوان (مرۆڤه‌کان) که دامه‌زراوه ته‌نها له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنان و پاراستن و به‌ره‌وپێشبردنی به‌رژه‌وه‌ندییه مه‌ده‌نیه‌کانی خۆیان. مه‌به‌ستم له سوده مه‌ده‌نییه‌کانیش ژیان و ئازادی و له‌ش ساغی و به‌دوربوون له ئازاری جه‌سته‌یه؛ هه‌روه‌ها موڵکداریکردنی ئه‌و شتانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤن وه‌ک پاره، زه‌وی، خانوو، که‌لوپه‌لی ناوماڵ شتی دیکه.... بایه‌خدان به رۆح ناکرێت ئیشی خاوه‌نشکۆ بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی ئه‌و ته‌نها له شته ده‌ره‌کیه‌کان پێکهاتووه. به‌ڵام ئاینی راسته‌قینه و رزگارکردن پێکهاتووه له بڕواهێنانی هزر له‌ناخی خۆیدا، که به‌بێ ئه‌وه هێچ شتێک په‌سه‌ند نابێت له‌لای خودا. ئه‌مه‌ش سروشتی تێگهیشتنهکهیه که ناکرێت له رێگه‌ی هیچ هێزێکی ده‌ره‌کیه‌وه بسه‌پێندرێت به‌سه‌ر بڕوابووندا به هه‌رشتێک.
لایه‌نێکیان پێویستی به بڕواپێهێنان هه‌یه و ئه‌وی دیکه‌شیان پێویستی به فهرمانپێکردنه. یه‌کێکیان له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆوه ده‌سه‌پێنرێت ئه‌وی دیکه‌یان له‌ڕێگه‌ی سزاوه. ئه‌مه‌ش ته‌نها هێزی مه‌ده‌نی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌نجامی بدات؛ بۆ ئه‌وه‌ی دیکه‌شیان، نیه‌تباشی به‌سه بۆ سه‌پاندنی. هه‌موو مرۆڤێک ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی پێدراوه که که‌سێکی دیکه ئاگاداربکاته‌وه و ئامۆژگاری بکات و بڕوایپێبهێنێت له باره‌ی هه‌ڵه‌یه‌که‌وه که کردویه‌تی، هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆی عه‌قڵییه‌وه ئه‌و که‌سه رابکێشێت به‌ره‌و راستی. به‌ڵام ده‌رکردنی یاسا و گوێڕایه‌ڵکردن و سه‌پاندن به شمشێر، هه‌موو ئه‌مانه ئه‌رکی که‌س نین بێجگه له خاوه‌نشکۆ.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌مه‌ش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌مه‌وه که ده‌سه‌ڵاتی خاوه‌نشکۆ ناگاته ئه‌و شوێنه‌ی که هه‌ر یاسایه‌کی تایبه‌ت به باوه‌ڕ یان شێوازی په‌رستن له‌ڕێگه‌ی هێزی یاساکانییه‌وه ده‌ربکات.
ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی یاساکان هیچ هێزیکییان نابێت به‌بێ سزادان، سزاکانیش له‌م باره‌دا به‌ڕه‌هایی قێزه‌ونن، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌بارنین بۆ بڕواهێنان به عه‌قڵ....
بائێستا باس له‌وه بکه‌ین کڵێسا چییه. من وه‌ها ته‌ماشای کڵێسا ده‌که‌م که کۆمه‌ڵه‌یه‌کی خۆویستانه‌ی مرۆڤه‌کانه، که پێکه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای رێککه‌وتن کۆبوونه‌ته‌وه له پێناوی په‌رستنی خودادا به ئاشکرا.
من ده‌ڵێم کۆمه‌ڵه‌یه‌کی خۆویست و سه‌ربه‌سته. هیچ که‌س له کاتی له دایکبونیدا سه‌ر به هیچ کڵێسایه‌ک نیه. ئه‌گه‌ر وابوایه ئاینی باوان ده‌گوازرایه‌وه بۆ وه‌چه‌کان به‌هه‌مان شێوه‌ی مافی میراتگیری موڵکوماڵ. ئه‌وکات هه‌موو که‌سێک باوه‌ڕی خۆی به‌هه‌مان ئه‌و شێوه‌یه‌ی که موڵکداری زه‌وییه‌کی پێده‌کات، ده‌پاراست. له‌م باره‌شدا هیچ شتێک نایه‌ت به خه‌یاڵدا له‌مه بێماناتربێت....
یه‌که‌م، پێموایه هیچ کڵێسایه‌ک وابهستهنیه له‌به‌ر ئه‌رکی لێبوردهیییهوه که‌سێکی له‌و جۆره بهێڵێته‌وه له ئامێزی خۆیدا، پاش ئه‌وه‌ی هۆشیارکردنه‌وه به‌شێوه‌یه‌کی کۆنترۆڵنه‌کراو به‌رده‌وامده‌بێت له‌سه‌ر پێشێلکاری له‌دژی یاساکانی کۆمه‌ڵگا....
دووه‌م: هیچ تاکه که‌سێک هیچ مافی ئه‌وه‌ی نیه، و به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک بێت، که حوکمی پێشوه‌خت بدات به‌سه‌ر که‌سێکی دیکه‌دا له‌باره‌ی مافه مه‌ده‌نییه‌کانییه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه سه‌ر به کڵێسا یان ئاینێکی دیکه‌یه...
به‌و پێیه‌ش هیچ که‌سێک، به کورتییه‌که‌ی، نه تاکه که‌سه‌کان و نه کڵێسا‌کان، نه‌خێر، نه ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تیش، هیچ مافێکی ره‌وای ئه‌وتۆیان نیه که به‌ناوی ئایینه‌وه هه‌ڵبکوتنه سه‌ر مافه مه‌ده‌نییه‌کان و شتومه‌که دنییاییهکانی یه‌کدی.
ئه‌وانه‌شی که بڕوایه‌کی جیاوازییان هه‌یه له‌وه‌ی که وتم، وا چاکه له‌گه‌ڵ خۆیاندا بیرله‌وه بکه‌نه‌وه که تۆوی شه‌ڕانگێزی و ناکۆکی چه‌نده کوشنده و وێرانکه‌ره، چه‌ند به‌هێزه له وروژاندنی رق و کینه‌ی بێکۆتا و زهودکردن و کوشتاردا، که ده‌رئه‌نجام بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌نێنه‌وه.
به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاشتی و ئاسایش، هه‌رگیز، ناتوانن به‌رقه‌راربن و بپارێزرێن له نێو مرۆڤه‌کاندا ئه‌گه‌ر بێت ئه‌و بڕوایه سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت که پێیوایه "پاوانکردن فه‌زیله‌ته و ده‌بێت ئایین به زه‌بری چه‌ک ته‌شه‌نه‌بکات." پێشتر ئه‌وه‌مان سه‌لماند که بایه‌خدان به رۆح ئه‌رکی خاوه‌نشکۆ نیه. ئه‌وه بایه‌خێکی خاوه‌نشکۆیی نیه، ئه‌گه‌ر بتوانم وا ناویبهرم، که پێکهاتوه له ده‌ستنیشانکردن به یاسا و ناچارکردن به سزا.
به‌ڵام بایه‌خدانێکی خێرخوازیانه، که پێکهاتووه له فێرکاری و ئامۆژگاری و بڕواپێهنان، ناکرێت ئه‌مانه له هیچ که‌سێک بێبه‌ری بکرێن. به‌م پێیه‌ش بایه‌خدان به رۆحی که‌سێک ته‌نها ئه‌رکی ئه‌و که‌سه خۆیه‌تی، و پێویستیشه ئه‌و ئه‌رکه جێبهێڵرێت بۆ که‌سه‌که خۆی. به‌ڵام ئه‌ی ئه‌گه‌ر بایه‌خدانی به رۆحی خۆی پشتگوێخست؟ منیش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێم، ئه‌ی ئه‌گه‌ر بایه‌خدان به ته‌ندروستی و موڵکه‌کانی خۆی پشتگوێخست، کام له‌مانه په‌یوه‌ندی نزیکتره له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ی خاوهنشکۆوه؟
ئایا خاوه‌ن شکۆ ده‌توانێت یاسایه‌کی خێرا دابنێت که بڵێت نابێت ئه‌و که‌سه نه‌خۆشبکه‌وێت یان هه‌ژاربێت؟ یاساکان، هه‌تا ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌گه‌ری تیایه، موڵکوماڵ و له‌شساغی بابه‌ته‌کانیان ده‌پارێزن له بریندارکردن و فرتوفێڵ و توندوتیژی که‌سانی دیکه، به‌ڵام نایانپارێزن له که‌مته‌رخه‌می و پشتگوێخستنی خاوه‌نه‌کانیان.
ناکرێت زۆر له هیچ مرۆڤێک بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند و ته‌ندروست بێت، ئینجا ئه‌گه‌ر ببێت یان نا. نه‌خێر، ته‌نانه‌ت خودا خۆشی مرۆڤه‌کان رزگارناکات به‌دژی ویستی خۆیان...
پاش ئه‌وه‌ش: به‌وپێیه‌ی که خاوه‌ن شکۆ هیچ ده‌سته‌ڵاتێکی نیه له رێگه‌ی یاساکانییه‌وه هه‌ر مه‌راسیم و رێوره‌سمێک بسه‌پێنێت به‌سه‌ر هه‌ر کڵێسایه‌کدا. به‌و پێیه‌ش هیچ ده‌سته‌ڵاتێکی نیه له قه‌ده‌غه‌کردنی مه‌راسیم و رێوره‌سمی له‌وجۆره که دانراون و په‌سه‌نکراون و پیاده‌کراون له‌لایه‌ن هه‌ر کڵێسایه‌که‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، ئه‌گه‌ر وا بکات، ئه‌وا خودی کڵێساکه وێرانده‌کات، که ئامانجی دامه‌زراندنی ته‌نها بۆ خوداپه‌رستییه به شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌ستانه، و به‌و شێوازی که خۆی هه‌یه‌تی. ره‌نگه بڵێیت، به‌گوێره‌ی ئه‌م رێسایه، ئه‌گه‌ر هاتو ده‌سته‌یه‌کی ئاینی ویستییان کۆرپه بکه‌ن به قوربانی، یاخود، وه‌ک ئه‌وه‌ی به ناره‌وایانه مه‌سیحییه به‌راییه‌کانی پێتاوانبار ده‌کرا که گوایه چێژیان له‌وه بینیوه که چلکن و بۆگه‌ن بن، یاخود په‌یڕه‌وی کاری قێزه‌ونی له‌و جۆره بکه‌ن، ئایا خاوه‌نشکۆ ناچاره لێبورده‌بێت به‌رامبه‌ریان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان پابه‌ندن به کۆمه‌ڵه‌یه‌کی ئاینییه‌وه؟
من له وه‌ڵامدا ده‌ڵێم: نه‌خێر. ئه‌و شتانه نه یاسایین له رێره‌وی ئاسایی ژیاندا و نه له هیچ ماڵێکدا. به‌وپێیه‌ش ئه‌وان به‌و شێوه‌یه نه خودا په‌رستی ده‌که‌ن، و نه له کۆبونه‌وه‌یه‌کی ئاینیدان.
به‌ڵام، له‌راستیدا، ئه‌گه‌ر هه‌ر کۆمه‌ڵه که‌سێک له‌ده‌وری ئاینێک کۆبونه‌وه، و ویستی ئه‌وه‌یانکرد گوێره‌که‌یه‌ک بکه‌نه قوربانی، ئه‌وه من نکوڵی له‌وه ده‌که‌م که ئه‌م شته له‌ڕێگه‌ی یاساوه قه‌ده‌غه‌بکرێت.
ئه‌گه‌ر که‌سێک بیه‌وێت پێویسته به یاسایی رێگه‌ی بدرێت گوێره‌که‌که‌ی له‌ماڵه‌وه سه‌رببڕێت، و هه‌ر به‌شێکی به گونجاوزانی بیسوتێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م کرده‌یه نابێته مایه‌ی بریندارکردنی هیچ که‌سێک، و هیچ کاریگه‌ریشی نابێت له‌سه‌ر موڵکی که‌سێکی دیکه. له‌به‌ر هه‌مان هۆکاریش بۆی هه‌یه گوێره‌که‌که‌ی له کۆبونه‌وه‌یه‌کی ئاینیدا سه‌رببڕێت. ئینجا ئایا ئه‌م کرده‌یه خودا خۆشحاڵ ده‌کات یان نا، ئه‌وه له‌سه‌ر خۆیانه ئه‌وه دیاریبکه‌ن.
ئه‌رکی خاوه‌نشکۆ ته‌نها ئه‌وه‌یه که ئاگاداری وڵات بێت له‌وه‌ی ئازاری پێنه‌گات، و ئاگاداری ئه‌وه‌بێت که هیچ مرۆڤێک بریندار نه‌بێت، ئینجا ژیانی بێت یان موڵکوماڵی....
به‌ڵام هه‌ندێک که‌س ده‌ڵێن بتپه‌رستی گوناهه، بۆیه پێویسته لێبورده‌یی نه‌بێت به‌رامبه‌ری. ئه‌گه‌ر بێت بیانوتایه ده‌بێت خۆمانی لێبهدوربگرین، ئه‌وه باشتر ده‌بوو. به‌ڵام بێمانه‌یه، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوناهه، وا پێویست بکات له‌لایه‌ن خاوه‌ن شکۆوه سزابدرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی نابێت خاوه‌نشکۆ شمشێره‌که‌ی به‌کاربهێنێت بۆ سزادانی هه‌ر شتێک که ئه‌و به گوناهی بزانێت له‌دژی خودا.
ته‌ماحکاری و کۆمهکنهکردن و ته‌مبه‌ڵی و چه‌ندانی دیکه‌ش هه‌موویان گوناهن، به‌گوێره‌ی رێکه‌وتنی هه‌موو مرۆڤه‌کان له‌سه‌ریان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا ئێستا هیچ که‌سێک نه‌یوتوه ده‌بێت سزابدرێن له‌لایه‌ن خاوهنشکۆوه. هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌یه که ئه‌وانه نه زیان ده‌گه‌یه‌نن به مافی خه‌ڵکانی دیکه و نه ده‌بنه مایه‌ی تێکدانی ئاشتی گشتی کۆمه‌ڵگا...
له‌وه‌ش زیاتر، پێویست ناکات خاوه‌نشکۆ هه‌ر جۆره خوتبهدانێک و بانگه‌شه‌یه‌کی بیروڕای ئه‌ندێشه‌یی له هیچ کڵێسایه‌ک یاساغ بکات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان نیه به مافی مه‌ده‌نییه‌کانی که‌سه‌کانه‌وه.
ئه‌گه‌ر که‌سێکی سه‌ر بهکڵێسای رۆمانی به‌راستی بڕواوی به‌وه هه‌بوو که ئه‌وه‌ی له کڵێساکه‌دا ده‌یخه سه‌ر زمانیان، لاشه‌ی مه‌سیحه، له‌کاتێکدا خه‌ڵکی تر ته‌نها وه‌ک نان ته‌ماشای ده‌که‌ن1، ئه‌و کات ئه‌و که‌سه هیچ ئازارێکی نه‌گه‌یاندوه به دراوسێکه‌ی. ئه‌گه‌ر جووله‌که‌یه‌ک بڕوای وانه‌بوو په‌رتوکی نوێ2 وته‌ی خودا بێت، به‌و کرداره‌ی هیچ شتێک ناگۆڕێت له مافه مه‌ده‌نییه‌کانی مرۆڤ. ئه‌گه‌ر که‌سێکی بێ‌دین، گومانی له هه‌ردووکیان هه‌بوو (ته‌ورا و ئینجیل)، نابێت ئه‌و که‌سه سزابدرێت وه‌ک هاوڵاتییه‌کی شه‌رانگێز و وێرانکه‌ر. پێویسته ده‌سته‌ڵاتی خاوه‌نشکۆ و باری خه‌ڵک به یه‌کسانی پارێزراو بن، ئینجا ئایا هه‌ر که‌سێک بڕوای به‌م شتانه هه‌بێت یان نا. من ده‌ڵێم که ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وانه هه‌ڵه و پوچن، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌رکی یاسا نییه راستی بیروڕا دیاریبکات، به‌ڵکو ئه‌رکییه‌تی سه‌لامه‌تی و ئاسایشی وڵات و هه‌روه‌ها سه‌ر و ماڵی خه‌ڵکیش بپارێزێت.
هه‌رکه‌سێک بۆی هه‌یه هه‌رچی پێخۆشه له به‌ڵگه و پاساو به‌کاری بهێنێت له پێناوی رزگارکردنی (به واتا ئاینییه‌که‌ی) که‌سێکی دیکه‌دا، به‌ڵام هه‌موو جۆره‌کانی هێز و زۆرلێکردن پێویسته قه‌ده‌غه‌بکرێن...
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر ورده‌کاری. ئه‌وا ده‌ڵێم، هه‌ر بیروڕایه‌ک که ناکۆک بێت له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا، یاخود ناکۆک بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و رێسا ئاکارییانه‌ی که پێویستن بۆ هێشتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، نابێت له‌لایه‌ن خاوهنشکۆوه لێبورده‌یی هه‌بێت به‌رامبه‌ریان.
له‌وانه‌ش هه‌ندێک نمونه‌ی دانسقه هه‌ن له‌باری کڵێساوه. ناکرێت هیچ ده‌سته‌یه‌ک بگاته ئه‌و راده‌یه له شێتیی، که وای به باشی بزانێت، ئه‌و جۆره له رێنمایی ئاینی بڵاوبکاته‌وه که به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ده‌بێته مایه‌ی هه‌ره‌سهێنانی بناغه‌ی کۆمه‌ڵگا، به‌و پێیه‌ش له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تییه‌وه مه‌حکوم ده‌کرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سود و ئاشتی و ناوبانگ و هه‌موو شتێکیان ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه.
یه‌کێکی دیکه له شه‌ڕانگێزییه نهێنییه‌کان، به‌ڵام مه‌ترسیدارتر له‌سه‌ر وڵات، ئه‌وه‌یه کاتێک هه‌ندێک که‌س ماف به خۆیان و هه‌ندێک ئه‌ندامی خێڵه‌که‌یان ده‌ده‌ن که له‌ژێر سایه‌ی وه‌زیفه‌یه‌کی به‌رزدا قسه‌ی پروپوچ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر بکه‌ن که کاریگه‌ری ئه‌و قسانه له‌دژی مافه مه‌ده‌نییه‌کانی کۆمه‌ڵه. بۆ نمونه: ناتوانین خێڵێک بدۆزینه‌وه که به ئاشکرا و راسته‌خۆ بانگێشه‌ی ئه‌وه بکات که ئه‌ندامه‌کانی ناچارنین به‌ڵێنه‌کانیان بپارێزن، یاخود ده‌کرێت میره‌کان له‌لایه‌ن ئه‌وکه‌سانه‌وه له‌سه‌ر عه‌رش لاببرێن که سه‌ر به ئاینێکی جیاوازن، یاخود دهستهڵاتبهرزی به‌سه‌ر هه‌موو شته‌کاندا ته‌نها بۆ خۆیان ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌بنین که که‌سانێک هه‌ن هه‌مان شت ده‌ڵێن له‌ژێر ناوی دیکه‌دا....
به‌و پێیه‌ش ئه‌مانه، هاوشێوه‌کانیشیان، که خۆیان به بڕوادار و ئاینی و ئۆرتۆدکس3 ده‌زانن، که به‌شێوه‌یه‌کی ئاشکرا ئه‌و ماف و ده‌سه‌ڵاته به‌خۆیان ده‌به‌خشن که له‌سه‌رو ئاکار و بایه‌خه مهدهنییهکانهوهیه، یان ئه‌وانه‌ی به‌ناوی ئایینه‌وه به‌ره‌نگاری هه‌موو جۆرێکی ده‌سه‌ڵات ده‌بنه‌وه که په‌یوه‌ست نیه پێوه‌یان، له‌باره‌ی ئه‌مانه‌وه ده‌ڵێم: هیچ مافێکیان نیه له لێبورده‌یی خاوه‌نشکۆ، به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌وانه‌ی که نه‌خاوه‌ن و نهبانگێشه بۆ ئه‌رکی لێبورده‌یی به‌رامبه‌ر مرۆڤ ده‌که‌ن له‌و مه‌سه‌لانه‌ی که په‌یوه‌سته به ئاینه‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ی رێبازی ئه‌مانه ئاماژه‌یه که ئه‌مان ره‌نگه، یاخود ئاماده‌ن، هه‌لێک بقۆزنه‌وه بۆ داگیرکردنی حکومه‌ت و هه‌روه‌ها ده‌ستبگرن به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانی هاوه‌ڵه‌کانیاندا. دیسانه‌وه، ئه‌و کڵێسایه هیچ مافێکی نیه له لێبورده‌یی خاوهنشکۆدا، کڵێسایه‌ک که له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ک دامه‌زرابێت که ئه‌وانه‌ی ده‌چنه ناوی ده‌یانه‌وێت خزمه‌تی میرێکی دیکه بکه‌ن و له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه بپارێزرێن.*
1-له کڵێسا‌ی کاتۆلیکیدا و له کاتی هه‌ندێک مه‌راسیمدا، قه‌شه‌ی کڵێساکه هه‌ندێک پارچه نان ئاماده‌ده‌کات و پیرۆزیان ده‌کات و پاشان ئه‌ندامانی کڵێساکه ده‌یخه‌نه سه‌ر زمانیان و ده‌یخۆن و بڕوایان وایه که ئه‌وه به‌شێکه له لاشه‌ی عیسا، هه‌روه‌ک چۆن ئه‌و شه‌رابه تایبه‌ته‌ی که قومی لێده‌ده‌ن بڕوایان وایه که خوێنی عیسایه. 2-په‌رتوکی نوێ (new testament) و په‌رتوکی کۆن (old testament) هه‌ردوو ئه‌وه پێکده‌هێنن که پێی ده‌وترێت ئینجیل که په‌رتوکی پیرۆزی ئاینی مه‌سیحیه. 3-ئۆرتۆدۆکس (orthodox) واته باوهڕوبوونی پڕاوپڕ و ته‌واوه‌تی به ده‌قی بنه‌ڕه‌تی ئاینێک یان فه‌لسه‌فه‌یه‌ک یان ئایدۆلۆجیایه‌ک. *جۆن لۆک لێره‌دا مه‌به‌ستی له‌وانه‌یه که سه‌ر به کلێسای رۆمان کاسولیکن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ڤاتیکانه‌وه ده‌برێت به‌ڕێوه و به‌لای ئینگلیزه‌کانه‌وه ئه‌مه شتێکی نانیشتمانیه. هه‌ر بۆیه ئینگلته‌را کڵێسا‌ی خۆی هه‌یه که کڵێسا‌ی ئه‌نگلیکانه (کڵێسا لێره‌ده به مانای ئه‌و بڕوا تایبه‌ته دێت له مهسیحهتدا که گروپێکی تایبه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای راڤه‌کردنیان بۆ ئینجیل یاخود وه‌ک له باری ئینگلته‌رادا له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتمانی بنیات ده‌نرێت) به‌و پێیه‌ی ده‌قه‌که‌ی لۆک له ئه‌ورپای زۆرینه مه‌سیحیدا نوسراوه بۆیه زۆربه‌ی نمونه و به‌ڵگه‌کانی له‌سه کڵێسان، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها کڵێسا ناگرێته‌وه به‌ڵکو هه‌موو باوه‌ڕ و ئاینێک که به هه‌مان شیواز ره‌فتار ده‌کات و بانگێشه بۆ باوه‌ڕ ده‌کات.
|
| < پێشتر | دواتر > |
|---|