| له‌باره‌ی حکومه‌ت و سهروماڵهوه |
|
|
|
|
نووسه‌ر جۆن لۆک
|
|
|
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زه‌وی و هه‌موو بونه‌وه‌ره پله‌نزمه‌کان موڵکی سه‌رجه‌م مرۆڤه‌کانن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مرۆڤ مافی موڵکایه‌تیکردنی خودی خۆشی هه‌یه. له‌مه‌شدا هیچ که‌سێک هیچ مافێکی تێیدا نیه بێجگه له خۆی. ده‌کرێت بڵێین ره‌نجی شان و ده‌ستکرده‌کانی به‌شێوه‌یه‌کی شیاو موڵکی ئه‌وکه‌سه‌ن. گه‌ر که‌سێک هه‌رشتێک وه‌ده‌ستبهێنێت که سروشت بۆی دابینکردوین یان له سروشتدایه و هێزی بازوی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و شته تێکه‌ڵکرد، و شتێکی خسته پاڵی که هی خۆیه‌تی، به‌و پێیه ده‌یکاته موڵکی خۆی. ئه‌وه به‌هۆی ئه‌و که‌سه‌وه‌یه که شته‌که له‌باری سروشتی خۆیه‌وه، له‌ڕێگه‌ی ره‌نجه‌وه که شتێکی بۆ زیاد ده‌کات، شته‌که ده‌گوڕێت و به‌و پێیه‌ش مافی هاوبه‌شی هیچ مرۆڤێکی تری به‌سه‌ره‌وه نامێنێت.
له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌نج موڵکێکی بێچه‌ندوچونی ره‌نجده‌ره، هیچ که‌سێک بێجگه له‌خۆی هیچ مافێکی نیه به‌سه‌ر ئه‌وشته‌ی که ئه‌م شتێکی خۆی داوه‌ته پاڵ، به‌تایبه‌تی له کاتێکدا که بڕێکی زۆر له‌و شته فه‌راهه‌م بێت و ئه‌م به‌شێکی زۆری بۆ خه‌ڵکانی دیکه جێهێشتبێت.
ئه‌و که‌سه‌ی که به‌ڕوویه‌ک له‌ژێر داربه‌ڕوویه‌کدا هه‌ڵده‌گرێته‌وه، یان سێوێک هه‌ڵده‌گرێته‌وه له ناو داره‌کانی دارستانێکدا، ئه‌وه بێگومان کردونیه‌ته موڵکی تایبه‌تی خۆی.
که‌س ناتوانێت نکوڵی له‌وه بکات که ئه‌و ده‌ستکه‌وته هی خۆیه‌تی. من ده‌پرسم: ئه‌و به‌رهه‌مانه له چ بارێک‌دا ده‌بنه موڵکی ئه‌و که‌سه؟ کاتێک که هه‌رسی ده‌کات؟ یان کاتێک که ده‌یخوات؟ یان کاتێک ده‌یکوڵێنێت؟ یان کاتێک ده‌یانباته‌وه ماڵه‌وه؟ یاخود کاتێک که هه‌ڵیان ده‌گرێته‌وه؟
شتێکی ئاشکرایه، ئه‌گه‌ر هه‌ڵگرتنه‌وه‌یان و کۆکردنه‌وه‌یان بۆ یه‌که‌مجار نه‌یانکاته هی ئه‌و، ئه‌وا هیچ شتێکی تر ناتوانێت بیانکات. رهنجپێوهکێشان جیاکارییه‌ک ده‌کات له‌نێوان ئه‌وانه‌ی که موڵکی ئه‌و که‌سه‌ن و له‌نێوان ئه‌وانه‌ی که هاوبه‌شن. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئه‌و که‌سه شتێکی بۆ ئه‌و بابه‌تانه زیادکردوه زیاتر له‌وه‌ی که دایکه سروشت کردویه‌تی. به‌و پێیه‌ش ده‌بنه مافی تایبه‌تی خۆی.
ئه‌گه‌ر هاتوو که‌سێک وتی ئه‌و زه‌لامه مافی نیه به‌سه‌ر ئه‌و به‌ڕوو و سێوانه‌وه که کۆیکردونه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی هه‌موو مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر نیه؟ ئایا به‌و پێیه ده‌بێته دزی کاتێک که‌سێک وایدابنێت شتێک هی خۆیه‌تی له کاتێکدا موڵکی هاوبه‌شی هه‌مووانه؟
ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندی له‌و جۆره پێویست بوایه، مرۆڤ له‌برسا ده‌مرد، سه‌رباری ئه‌و هه‌مووه‌ی که خودا پێیداوه. له‌و شتانه‌ی که هاوبه‌شن، که‌به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌مێننه‌وه، له کاتێکدا به‌شێک له‌و هاوبه‌شه ده‌به‌ین، له‌و باره‌ی خۆی ده‌خه‌ین که سروشت پێیداوه، که ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای موڵکایه‌تییه، که به‌بێ ئه‌مه هاوبه‌ش هیچ سودێکی نیه.
بردنی ئه‌م یان ئه‌و به‌ش پێویستی به ره‌زامه‌ندی خێرای هه‌موو ئه‌و که‌سانه نیه که به‌شدارن له‌و هاوبه‌شانه‌دا. به‌و پێیه‌ش، ئه‌و گیایه‌ی ئه‌سپه‌که‌م ده‌یخوات، یاخود ئه‌و گیایه‌ی که خزمه‌تکاره‌که‌م بڕیویه‌تی، یاخود ئه‌و به‌رده به‌نرخه‌ی که من له شوێنێک ههڵمکهندوه که مافی هاوبه‌شی به‌سه‌ره‌وه‌یه، ده‌بێته موڵکی من، به‌بێ رازیبون و بڕیاردانی هیچ که‌سێک.
ئه‌و ره‌نجه‌ی که من داومه، له‌وه‌ی که ئه‌و شتانه‌م له‌باری هاوبه‌شی سروشتییان ده‌رهێنانه، مافی موڵکداری من بۆ ئه‌و شتانه جێگیر ده‌کات...
له‌باره‌ی سه‌ره‌تای کۆمه‌ڵگا سیاسییه‌کانه‌وه
مرۆڤه‌کان، وه‌ک هه‌یه و وتراوه، به سروشت سه‌ربه‌ست و یه‌کسان و سه‌ربه‌خۆن. نابێت هیچ که‌سێک له باری سروشتیی خۆی بێبهریبکرێت و بخرێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی که‌سێکی دیکه‌وه به‌بێ ره‌زامه‌ندی خۆی. تاقه رێگه‌یه‌ک که به‌هۆیه‌وه هه‌رکه‌سێک خۆی بێبهریبکات له ئازادی سروشتی خۆی و خۆی پاپه‌ندی پێوه‌نده‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بکات، له‌ڕێگه‌ی رازیبونییهوه ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی دیکه‌دا یه‌کبگرن له جڤاتێکدا، له پێناوی سه‌لامه‌تی و ئیسراحه‌ت و ژیانی ئاشتییانه پێکه‌وه، له بارێک‌دا که چێژ له موڵکاوماڵهکانی خۆیان ببینن، و بۆ خۆپاراستن.
ئه‌مه‌ش ده‌کرێت هه‌ر ژماره‌یه‌ک له مرۆڤه‌کان بگرێته‌وه ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زیانناگهیهنێت به سه‌ربه‌ستی ئه‌وانی دیکه. ئه‌وان له هه‌مان ئه‌و بارهده ده‌مێننه‌وه که ئازادی سروشتی خۆیانه. کاتێک هه‌ر ژماره‌یه‌ک له‌و مرۆڤانه رێکده‌که‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌ک جڤات و یه‌ک حکومه‌ت پێبهێنن، به‌و پێیه ئه‌وانه تێکه‌ڵ ده‌بن و یه‌که‌یه‌کی سیاسی پێکده‌هێنن که تێییدا زۆرینه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌نگاو بنێت و له‌بری هه‌مووان بگاته ئه‌نجامه‌کان.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاتێک که ژماره‌یه‌ک له مرۆڤه‌کان، له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌زامه‌ندی تاکه‌کان، جڤاتێک پێکده‌هێنن، به‌و پێیه ئه‌و جڤاته ده‌که‌نه یه‌ک یه‌که که ده‌سته‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه وه‌ک یه‌ک یه‌که کرداربکات، که ته‌نها له رێگه‌ی ئیراده و سوربوونی زۆرینه‌وه ده‌بێت.
ئه‌وه‌ی جڤاتێک به‌ڕێوه ده‌بات، که به ته‌نها بریتییه له ره‌زامه‌ندی تاکه‌که‌سه پێکهێنه‌ره‌کانی، و پێویستیشی به‌وه هه‌یه وه‌ک یه‌ک جه‌سته به یه‌ک ئاراسته‌دا بڕوات، مه‌رجه ئه‌و جه‌سته‌یه به‌و ئاراسته‌یه‌دا بڕوات که هێزه مه‌زنه‌که ئاراسته‌ی ده‌کات. ئه‌و هێزه‌ش بریتییه له ره‌زامه‌ندی زۆرینه، ئه‌گه‌ر نا رێگه‌ی تێناچێت بتوانێت وه‌ک یه‌ک جه‌سته و یه‌ک جڤات کاربکات. ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی که ره‌زامه‌ندی هه‌ریه‌که له‌و تاکانه‌ی له‌سه‌ره که له‌و جه‌سته‌یه‌دا یه‌کیانگرتووه، رێککه‌وتون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که به‌و شێوه‌یه بێت، به‌و پێیه‌ش هه‌مووان پابه‌ندن پێوه‌ی له‌رێگه‌ی ئه‌و ره‌زامه‌ندییه‌وه که له‌لایه‌ن زۆرینه‌وه پێییگهیشتوون.
له‌باره‌ی کۆتایی کۆمه‌ڵگای سیاسی و حکومه‌ته‌وه
ئه‌گه‌ر مرۆڤ له باری سروشتی‌دا هێنده سه‌ربه‌سته، وه‌ک ده‌وترێت. ئه‌گه‌ر خۆی خاوه‌نی ره‌های خودی خۆی و موڵک و ماڵه‌که‌یه‌تی، ئه‌گه‌ر مرۆڤ یه‌کسانه و پابه‌ندی که‌س نیه، بۆچی ده‌ستبه‌رداری سه‌ربه‌ستی خۆی ده‌بێت؟ بۆچی واز له‌و ئیمبراتۆریه‌ته ده‌هێنێت و خۆی ده‌کاته به‌ر باڵاده‌ستی کۆنترۆڵی ده‌سته‌ڵاتێکی دیکه‌وه؟ وه‌ڵامه‌که ئاشکرایه: هه‌رچه‌نده له باری سروشتی‌دا مافی له‌و جۆره‌ی هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چێژوه‌رگرتنی له‌و مافه دڵنیایی تێدانیه و به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ر داگیرکاری ئه‌وانی دیکه‌دایه.
ئه‌گه‌ر هه‌موو بونه‌کانی تر وه‌ک ئه‌و پاشا بن، هه‌موو مرۆڤه‌کان یه‌کسان، و به‌شه مهزنترهکهش نه‌توانێت پێوه‌ری دیاریکراوی هه‌بێت بۆ چاودێریکردنی یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری، چێژبینین له‌و موڵکوماڵهی که هه‌یه‌تی زۆر سه‌لامه‌ت و پارێزراو نابێت.
ئه‌مه وایلێده‌کات له‌و بارودۆخه بێته‌ده‌ره‌وه، هه‌رچه‌نده سهربهستیشه، که پریه‌تی له ترس و مه‌ترسی به‌رده‌وام. ئه‌مه‌ش بێ هزر نیه که ده‌یه‌وێت ده‌ربازیبێت و ویستمهندیشه په‌یوه‌ندی بکات به کۆمه‌ڵگایه‌که‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه‌دا که پێشتر یه‌کیانگرتوه، یاخود له بیری ئه‌وه‌دان یه‌کبگرن بۆ پاراستنێکی ده‌سته‌جه‌معی له ژیان و ئازادی و موڵکه‌کانیان، که من به گشتی به هه‌موویان ده‌ڵێم: سه‌روماڵ.
به‌و پێیه‌ش، ئامانجی مه‌زن و سه‌ره‌کی له کۆبونه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان له ده‌وڵه‌تێکی یه‌کگرتودا و خۆخستنه ژێر ده‌ستی حکومه‌ت، له پێناوی پاراستنی سهروماڵدایه. که له باری سروشتی‌دا زۆر که‌موکورتی هه‌یه.
یه‌که‌م: پێویستى هه‌بوونى یاسایه‌کى دامه‌زراوى چه‌سپاوى زانراو که له‌لایه‌ن ره‌زامه‌ندبوونى خه‌ڵکه‌وه رێگهپێدرابێت و په‌سه‌ندکرابێت تا ببێته پێودانگێک بۆ جیاکردنه‌وه‌ى راست و هه‌ڵه هه‌روه‌ها ببێته پێوه‌رێکى باو بۆ ساغکردنه‌وه هه‌موو ناکۆکییه‌کانى نێوانیان. سه‌ربارى ئه‌وه‌ى که یاساى سروشت یاسایه‌کى رون و دانایانه‌یه بۆ سه‌رجه‌م بونه‌وه‌ره عه‌قڵانیه‌کان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چونکه مرۆڤه‌کان له‌به‌ر قازانجى خۆیان لایه‌نگیر ده‌بن هه‌ره‌وه‌ها بێ‌ئاگا له‌به‌ر نه‌خوێندنى، بۆیه له‌بار نابن بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ک یاسایه‌کى مامه‌ڵه‌ى بکه‌ن که په‌یوه‌ستبن پێوه‌ى له جێبه‌جێکردنیدا به‌سه‌ر باره تایبه‌ته‌کانى خۆیاندا.
دووه‌م: له بارى سروشتدا پێویست به هه‌بوونى دادوه‌رێکى ناسراو و بێلایه‌ن هه‌یه که ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌ى هه‌بێت هه‌موو جیاوازییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌ماى یاسایه‌کى چه‌سپاو یه‌کلایی بکاته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌و باره‌دا (واته بارى سروشت) هه‌مووان له هه‌مان کاتدا دادوه‌ریش و جێبه‌جێکه‌رى یاساى سروشتن، ئه‌و مرۆڤانه‌ى که به‌لاى خۆیاندا دایده‌تاشن زۆر ئاسانه که حه‌ز و تۆڵه بیانبات به‌ڕێوه، سه‌ربارى هه‌بوونى حه‌ماسى زۆر له‌و که‌یسانه‌ى که تایبه‌تن به خۆیان. به هه‌مان شێوه‌ش که‌مته‌رخه‌مى و بێباکى که وایان لێبکات هه‌ر گوێنه‌ده‌نه هى که‌سانى دیکه.
سێهه‌م: له بارى سروشتدا، هه‌میشه پێویستى هه‌بوونى ده‌سه‌ڵاته هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى پشتیوان و پشتگیرى سزابێت کاتێک که راسته، و هه‌روه‌ها وه‌ک پێویست جێبه‌جی بکات. ئه‌وانه‌ى که به‌هۆى هه‌ر نا عهدالهتییهکهوه زیانیان پێگه‌یشتوه زۆر به ده‌گمه‌ن سه‌رنه‌که‌وتوو ده‌بن، ئه‌گه‌ر بتوانن به هێز ئه‌و ناعه‌داله‌تییه راستبکه‌نه‌وه. ئه‌م جۆره له به‌ربه‌ره‌کانى زۆر جار واده‌کات سزاکه مه‌ترسیداربێت و زۆربه‌ى جاریش وێرانکه‌ر بۆ ئه‌وانه‌ى که هه‌وڵى ده‌ده‌ن.
به‌و پێیه، مرۆڤایه‌تی، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو ده‌ستکه‌وت و باشییانه‌ی باری سروشت، به‌ته‌نها له‌به‌ر بونیان له‌بارێکی خراپ‌دا (که ده‌کرێت له‌و باره‌دا بمێننه‌وه) زۆر به‌خێرایی به‌ره‌و ناو کۆمه‌ڵگا ده‌چن. لێره‌شه‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که زۆر به ده‌گمه‌ن کۆمه‌ڵێک له‌و مرۆڤانه ده‌بینین که پێکه‌وه له‌م باره‌دا بژین. ئه‌و ناجۆرییانهی که له‌وێدا روبه‌ڕوی ده‌بنه‌وه له‌ڕێگه‌ی په‌یڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی نارێکوپێک و ئه‌و دڵنیانهبونهی که هه‌موو مرۆڤه‌کان تێیدا ده‌ژین له سزادانی ئازاردان و هێرشکردنه سه‌ر ئه‌وانی دیکه، وایان لێده‌کات په‌نابه‌رنه به‌ر یاسای دامه‌زراوی حکومه‌ت له‌پێناوی پاراستنی سهروماڵیاندا.
ئه‌مه‌شه وایان لێده‌کات هه‌ریه‌که‌یان به ویستی خۆیان ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی سزادانه‌ی که هه‌یه‌تی بداته ئه‌و که‌سه‌ی که له‌نێو کۆمه‌ڵگادا رێکده‌که‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه کێبێت. له‌مه‌شدا مافی بنه‌ڕه‌تیمان هه‌یه له سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ردوو ده‌سته‌ڵاتی یاسادانان و به‌ڕێوه‌بردندا، به‌هه‌مانشێوه‌ی مافی هه‌بوون و سه‌رهه‌ڵدانی حکومه‌ت و کۆمه‌ڵگا خۆیان. هه‌رچه‌نده کاتێک مرۆڤه‌کان ده‌بنه به‌شێک له کۆمه‌ڵگا، ده‌ستبه‌رداری ئه‌و یه‌کسانی و ئازادی و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنه ده‌بن که له‌باری سروشتی‌دا هه‌یانه و ده‌یده‌نه ده‌ست کۆمه‌ڵگا بۆ ئه‌وه‌ی بکه‌وێته ژێر ده‌سته‌ڵاتی یاسادانانه‌وه له‌پێناوی چاکه‌ی کۆمه‌ڵگادا، به‌ڵام سه‌رجه‌م تاکه‌کان نییهتیانه به‌شێوه‌یه‌کی باشتر خۆیان و ئازادی و موڵکه‌کانیان بپارێزن. (له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌پێی لۆژیک، هیچ بونه‌وه‌رێک نیه ئه‌و باره‌ی که تییدا ده‌ژی بگۆڕێت بۆ خراپتر.) ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵگا و ئه‌و ئه‌نجومه‌نی یاسادانانه‌ی که له‌سایه‌یدا دامه‌زراوه، هه‌رگیز ناکرێت ده‌سه‌ڵاتی له‌وه تێپه‌ربکات که چاکه‌ی هاوبه‌شه، به‌ڵام ئه‌رکی سه‌رشانییه‌تی که سه‌روماڵی هه‌مووان بپارێزێت له‌ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌و سێ کهموڕتییهی که پێشتر باسمانکرد، که وایکردبوو باری سروشت هێنده نا سه‌لامه‌ت و زه‌حمه‌ت پێت.
به‌م پێیه‌ش، هه‌رکه‌سێک ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان یان باڵای هه‌بێت له هه‌ر وڵاتێک‌دا، پابه‌نده به فه‌رمانڕه‌واییکردن له‌ڕێگه‌ی یاسای چه‌سپاوه‌وه، که ئاشکراو زانراو بێت له‌لای خه‌ڵک، نه‌وه‌ک له‌ڕێگه‌ی رێسای له‌ناکاوه‌وه. له‌ڕێگه‌ی دادوه‌ری ره‌وا و بێلایه‌نه‌وه، که ده‌توانن ناکۆکییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و یاسایانه ساغبکه‌نه‌وه، و بتوانن هێزی کۆمه‌ڵگا به‌کاربهێنن به‌ته‌نها له‌پێناوی سه‌پاندنی ئه‌و یاسانه له ناوخۆ و له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش بۆ رێگه‌گرتن یاخود ره‌تکردنه‌وه‌ی زهرهپێگهیاندنی بیانی، هه‌روه‌ها پاراستنی چڤات له هێرش و داگیرکاری. هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌ته‌نها له‌پێناوی یه‌ک ئامانجدا به‌کاربهێنرێن ئه‌ویش پاراستنی ئاشتی و سه‌لامه‌تی و چاکه‌ی گشتی خه‌ڵکه.
له‌باره‌ی سنوری ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌وه
ئامانجی گه‌وره له بون به به‌شێک له کۆمه‌ڵگا له‌لای مرۆڤ بریتییه له چێژوه‌رگرتن له سه‌روماڵیان له سایه‌ی ئاشتی و سه‌لامه‌تیدا، و مه‌زنترین ئامراز و شێواز بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌وه بریتییه له یاسا چه‌سپاوه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا. یه‌که‌م و سه‌ره‌کیترین یاسای ئاشکرای سه‌رجه‌م وڵات بریتییه له چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان. وه‌ک سه‌ره‌کیترین و یه‌که‌مین یاسای سروشتی که بتوانێت ته‌نانه‌ت فه‌رمانڕه‌وایی خودی یاسادانانیش بکات بریتییه له پارێزگاریکردن له کۆمه‌ڵگا و (تا ئه‌و راده‌یه‌ی که چاکه‌ی گشتی ده‌گرێته‌وه) سه‌رجه‌م که‌سه‌کانی ناوی.
ئه‌م یاسادانه‌ره به‌ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی باڵای ده‌وڵه‌ت نیه، به‌ڵکو پیرۆز و نهگۆڕدراویشه هه‌رکه چڤات دایمه‌زراند. هه‌روه‌ها فه‌توای هیچ که‌سێکی دیکه، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک نوسرابێت له‌لای هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه پشتگیری کرابێت، هیز و پابهندنبوونی یاسای نابێت، ئه‌گه‌ر بێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌وه رێگه‌ی پێنه‌درابێت، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه دانراوه.
ده‌بێته شتێکی بێ‌مانا ئه‌گه‌ر وێنای ئه‌وه بکه‌ین که تاکه‌کان ده‌رئه‌نجام پابه‌ند و ملکه‌چی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی بن له‌کۆمه‌ڵگادا، ئه‌گه‌ر هات و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌سه‌ڵاتی باڵا نه‌بوو.
هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، ئینجا ئایا له یه‌ک شێوازدایه یان زیاتر، ئایا به‌رده‌وان بوونی هه‌یه یان به پچڕ پچڕی، به‌ڵام هێشتاش ده‌سه‌ڵاتی باڵایه له هه‌ر وڵاتێک‌دا بێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا: یه‌که‌م: نیه و ناکرێت ببێته ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌های هه‌ڕه‌مه‌کی به‌سه‌ر ژیان و سامانی خه‌ڵکه‌وه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بریتییه له کۆی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ریه‌که له ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا که دراوه‌ته ئه‌و که‌سه یان ئه‌نجومه‌نه که بریتییه له یاسادارێژهر، ناکرێت زیاتر بێت له‌وه‌ی که ئه‌و که‌سانه پێشتر له‌باری سروشتیاندا هه‌یانبووه پێشئه‌وه‌ی بچنه ناو کۆمه‌ڵگاوه و وازیان لێهێناوه بۆ کۆمه‌ڵ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ که‌سێک ناتوانێت ده‌سه‌ڵاتێک ببه‌خشێته که‌سێکی دیکه که زیاتر بێت له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که خۆی له خۆیدا هه‌یه‌تی. هیچ که‌سێکیش ده‌سه‌ڵاتی ره‌های هه‌ڕه‌مه‌کی نیه به‌سه‌ر خۆیدا، یاخود به‌سه‌ر هه‌ر که‌سێکی دیکه‌دا، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نیه ژیانی خۆی وێرانبکات یاخود ژیان و سه‌روماڵی که‌سێکی دیکه بۆخۆی ببات.
سه‌لمێندراوه که مرۆڤ ناتوانێت خۆی بخاته ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ههرهمهڵکی که‌سێکی دیکه‌وه، ئه‌مه له کاتێکدا له‌باری سروشتی‌دا هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌ها نیه به‌سه‌ر ژیان و ئازادی و موڵکه‌کانی که‌سێکی تره‌وه، ته‌نها ئه‌وه‌نده نه‌بێت که یاساکانی سروشت پێیان به‌خشیوه بۆ پاراستن و هێشتنه‌وه‌ی خودی خۆی و سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی. مرۆڤ ده‌توانێت هه‌ر ئه‌مه‌نده بکات، یاخود ده‌ستبه‌رداری بێت بۆ ده‌وڵه‌ت، له‌ویشه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی یاسادارێژهر، بۆ ئه‌وه‌ی یاساداڕێژه‌ر له‌مه زیاتری نه‌بێت. ده‌سه‌ڵاتیان له ئه‌وپه‌ڕیدا سنورداره به چاکه‌ی گشتی کۆمه‌ڵگاوه. ده‌سه‌ڵاتێکه که هیچ ئامانجێکی نیه بێجگه له پارێزگاریکردن و هێشتنه‌وه، به‌و پێیه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ک ناکرێت مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت ببێته مایه‌ی وێرانکاری و کۆیله‌کردن یاخود به‌مه‌به‌ست زه‌لیلکردنی ره‌عیه‌ت.
پابه‌ندییه‌کان به یاسای سروشته‌وه، له ناو کۆمه‌ڵگادا کۆتایی نایه‌ت، به‌ڵکو به‌ته‌نها له هه‌ندێک باردا زیاتر چرده‌بنه‌وه و له یاسای مرۆڤدا سزایان بۆ زیاد ده‌کرێت، له پێناوی سهپاندیاندا. به‌و پێیه یاسای سروشت وه‌ک رێسای ئه‌به‌دی ده‌بێت بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤ، یاسادارێژهران و خه‌ڵکانی دیکه‌ش. ئه‌و رێسایانه‌ی دایانده‌ڕێژن بۆ کرداری مرۆڤه‌کان و هه‌روه‌ها کرداره‌کانی خۆیان، پێویسته گونجاو بێت له‌گه‌ڵ یاسای سروشتدا.
دووه‌م: یاسادارێژهر، یان ده‌سه‌ڵاتی باڵا، ناکرێت ئه‌و مافه به‌خۆی بدات که ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌واییکردنی هه‌بێت له‌ڕێگه‌ی ده‌رکردنی فه‌رمانی له‌ناکاوی هه‌ڕه‌مه‌کی. به‌ڵکو وابه‌سته به سه‌پاندنی دادپه‌روه‌ریی، هه‌روه‌ها بڕیاردان له‌سه‌ر مافه‌کانی ره‌عییه‌ت له‌رێگه‌ی یاسای ئاشکراکراوی جێگیره‌وه هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی دادوه‌ری دهسهڵاتپێدراوهوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاسای سروشت نه‌نوسراوه، بۆیه له هیچ شوێنێکدا نابینرێن بێجگه له‌ناو مێشکی مرۆڤه‌کاندا نه‌بێت، ئه‌وانه‌شی که به‌هۆی سۆزیانه‌وه یان به‌هۆی سوده‌وه خراپ به‌کاری ده‌هێنن، یان به هه‌ڵه ده‌یسه‌پێنن، ناکرێت زۆر به ئاسانی قه‌ناعه‌تیان پێبهێنرێت به هه‌ڵه‌کانیان له کاتێکدا دادوه‌ری چه‌سپیو نه‌بێت. هه‌ر بۆیه، وه‌ک ئه‌وه‌ی پێویسته، ناچێته خزمه‌تی دیاریکردنی مافه‌کانه‌وه و نابێته پارێزه‌ری سه‌روماڵی ئه‌وانه‌ی له سایه‌دا ده‌ژین، به تایبه‌ت ئه‌و کاته‌ی هه‌مووان دادوه‌رن، راڤهکهر و سهپێنهریشن له‌و بارانه‌ی په‌یوه‌ندی به خۆیانه‌وه هه‌یه. ئه‌وکه‌سه‌شی له‌سه‌ر حه‌قه، و به‌ته‌نهاش به‌هێزی تاکه‌که‌سیی خۆی هه‌یه، هێز و توانای پێویستی نیه بۆ پاراستنی خودیخۆی له ئازار و زه‌ره‌ر، یاخود سزادانی لاده‌ران.
بۆ خۆلادان له‌م ناجۆرییانهی که ده‌بنه مایه‌ی تێکدانی سه‌روماڵی مرۆڤه‌کان له باری سروشتی‌دا، مرۆڤه‌کان یه‌کده‌گرن بۆ پێکهێنانی کۆمه‌ڵگا، که تێیدا ره‌نگه بتوانن هێزی یهککگرتوی سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگایان هه‌بێت له‌پێناوی سه‌لامه‌تی و پاراستنی سهروماڵیاندا، هه‌روه‌ها ئه‌و یاسا چهسپاوانهیان هه‌بێت که وابه‌سته‌یان ده‌کات که به‌هۆیانه‌وه هه‌رکه‌سه‌و ده‌زانێت چی هی خۆیه‌تی.
له‌به‌ر ئه‌م ئامانجه‌یه که مرۆڤه‌کان واز له ده‌سه‌ڵاتی سروشتی خۆیان ده‌هێنن بۆ کۆمه‌ڵگا کاتێک ده چنه ناوی. کۆمه‌ڵیش ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان ده‌خاته ده‌ستی ئه‌و که‌سانه‌ی که کۆمه‌ڵ بڕوای وایه گونجاون، جیگه‌ی بڕوان، و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێده‌کرێت له‌ڕێگه‌ی یاساگهڵێکی ئاشکراکراوهوه فه‌رمانڕه‌وایی ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت، ئه‌وا ئاشتی و ئارامی و سه‌روماڵ له‌به‌رده‌م هه‌مان ئه‌و نادڵنیاییه‌دا ده‌بێت که له باری سروشتدا هه‌یبوه.
هیچکام له ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڕه‌مه‌کی ره‌ها و فه‌رمانڕه‌واییکردن به‌بێ هه‌بوونی یاسای چه‌سپاو له‌گه‌ڵ ئامانجی کۆمه‌ڵگا و حکومه‌تدا ناگونجێت. خه‌ڵک وازیان له‌و سهربهستییهیان نه‌ده‌هێنا که له باری سروشتدا هه‌یانبوو خۆیان په‌یوه‌ست نه‌ده‌کرد و نه‌ده‌خسته ژێر باری کۆمه‌ڵگاوه ئه‌گه‌ر ژیان و ئازادی سامانه‌کانیان نه‌پارێزێت له رێگه‌ی رێسای چه‌سپاوی ماف و سه‌روماڵ به‌مه‌به‌ستی زامنکردنی ئاشتی و ئارامییان...
سێهه‌م: ده‌سه‌ڵاتی باڵا ناتوانێت هیچ به‌شێک له سه‌روماڵی هیچ که‌سێک داگیربکات به‌بێ ره‌زامه‌ندی که‌سه‌که. له‌به‌رئه‌وه‌ی پاراستنی سه‌روماڵ ئامانجی حکومه‌ته، هه‌ر بۆیه مرۆڤه‌کان ده‌چنه ناو کۆمه‌ڵگا.
مرۆڤه‌کان که له کۆمه‌ڵگادان، موڵک‌و ماڵیان هه‌یه، مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه شتومه‌کیان هه‌بێت، که به گوێره‌ی یاساکانی کۆمه‌ڵ هی خۆیانه و هیچ مافی ئه‌وه‌ی نیه شته‌کانیان به‌رێت (ته‌نانه‌ت به‌شێکیشی) به‌بێ ره‌زامه‌ندی خۆیان. به‌بێ ئه‌مانه، ئه‌و مرۆڤانه هیچ موڵکێکیان نیه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من هیچ موڵکێکم له شتێکدا نیه که که‌سێکی تر مافی ئه‌وه‌ی هه‌بیت که‌ی حه‌زی کرد لێمی بسێنێت به‌دژی خواستی خۆم.
به‌و پێیه‌ش، هه‌ڵه‌یه وابزانین که ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان یان باڵای هه‌ر وڵاتێک، ده‌توانێت ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت بیکات، و ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر موڵکی خه‌ڵکیدا به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ره‌مه‌کی یاخود به‌سه‌ر به‌شێکیدا هه‌ر کاتێک حه‌زی کرد. ئه‌مه‌ش ئه‌و مه‌ترسییه‌ی نیه له‌و حکومه‌تانه‌دا که ئه‌نجومه‌نی یاسادانان، به گشتی یان به‌شێکی، پێکهاتوه له ئه‌نجومه‌نی جۆراوجۆر که ئه‌ندامه‌کانی له کاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه‌دا ده‌که‌ونه ژێر سایه‌ی یاسای گشتی وڵاته‌که‌یانه‌وه به یه‌کسانی له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی دیکه‌دا.
به‌ڵام له‌و حکومه‌تانه‌دا که تێیدا یاسادانه‌ر له یه‌ک ئه‌نجومه‌نی هه‌میشه‌ییدا کۆبۆته‌وه یان بریتییه له یه‌ک که‌س، وه‌ک له پاشایه‌تی ره‌هادا، لێره‌دا مه‌ترسییه‌ک هه‌یه که ئه‌وانه وا هه‌ست ده‌که‌ن به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازیان هه‌یه، جیاواز له به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رتاپای کۆمه‌ڵ. بۆیه ده‌که‌ونه به‌رده‌م ئه‌وه‌ی که هه‌وڵبده‌ن ده‌سه‌ڵات و سامانی خۆیان زیادبکه‌ن به داگیرکردنی ئه‌و شتانه‌ی که به بڕوای خۆیان گونجاوه، له خه‌ڵکی.
موڵکوماڵی خه‌ڵکی به‌ته‌واوه‌تی پاراێزراو نابێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یاسای باش و عادیلانه‌ش هه‌بێت که سنوره‌کانی موڵکایه‌تی دیاریبکات له نێوان خۆی و ده‌وروبه‌ره‌که‌یدا، ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی که فه‌رمانده‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌یه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌بێت هه‌ر کاتێک ویست به‌شێک یان هه‌موو موڵک‌و ماڵی که‌سێک داگیربکات و به‌شێوه‌یه‌ک به‌کاریبهێنێت یان په‌خشانی بکه‌ین که خۆی به باشی بزانێت... چواره‌م: یاسادانه‌ر ناتوانێت ده‌سه‌ڵاتی یاسادارشتن بگوێزێته‌وه بۆ که‌سی دیکه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی به‌خشراوه له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه و ئه‌وانه‌شی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان پێبه‌خشراوه، ناتوانن بیبه‌خشن به که‌سانی دیکه.
ته‌نها خه‌ڵک ده‌توانن شێوازی ده‌وڵه‌ت دابمه‌زرێنن، ئه‌ویش به دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی یاسادانان، هه‌روه‌ها دیاریکردنی ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی کێدا بێت.
کاتێک خه‌لکی وتیان "ئێمه ده‌چینه ژێر باری رێساکانه‌وه، ده‌چینه ژێر حوکمڕانی ئه‌و یاسایانه‌وه که له‌لایه‌ن ئه‌و پیاوانه‌وه دانراون و به‌و شێوانه‌ی که هه‌ن،" هیچ که‌سێکی دیکه ناتوانێت بڵێت که پیاوانی تر ده‌توانن ئه‌و یاسایانه‌یان بۆ دابڕێژن. له هه‌مان کاتیش‌دا، خه‌ڵک پابه‌ندی هیچ یاسایه‌ک نابن ته‌نها ئه‌وانه نه‌بێت که له‌لایه‌ن ئه‌و پیاوانه‌وه، که پێشتر هه‌ڵبژێردراون و ده‌سه‌ڵاتیان پێدراوه یاسا دابنێن، خراونه‌ته‌کار.
ئه‌مانه‌ش ئه‌و سنورانه‌ن که له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگاوه به‌خشراوه‌ته یاسا دانه‌ران:
یه‌که‌م: ده‌بێت به‌گوێره‌ی یاسای ئاشکراو چه‌سپیو حوکمبکه‌ن، که ده‌ستکاری نه‌کرێت له هه‌ندێک باری دیاریکراودا، به‌ڵکو یه‌ک حوکمی هه‌بێت به‌سه‌ر هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌نددا، به‌سه‌ر داروده‌سته‌ی عه‌رش و جوتیاریکدا.
دووه‌م: ئه‌و یاسانه ده‌بێت هه‌موویان خرابنه خزمه‌تی ته‌نها یه‌ک شته‌وه، ئه‌ویش باشه‌ی خه‌ڵکییه.
سێیه‌م: نابێت بڕی باجی سه‌ر موڵکوماڵی خه‌ڵکی زیادبکه‌ن به‌بێ ره‌زامه‌ندی خه‌ڵک، جا ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕینی راسته‌وخۆ یان له رێگه‌ی نوێنه‌ره‌کانیانه‌وه.
چواره‌م: یاسادانه‌ر نه ده‌توانێت و نه پێویستیشه ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان بگوێزێته‌وه بۆ هیچ که‌سێکی دیکه، یاخود بیخاته ده‌ستی هه‌ر هێزێکه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی دایناوه...
له‌باره‌ی سته‌مکارییه‌وه
هه‌ر چۆن داگیرکردنی ده‌سه‌ڵات بریتییه له پیاده‌کردنی ده‌سه‌ڵاتێکی که مافی پیاده‌کردنی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ که‌سێک یان لایه‌نێکی دیکه، به‌هه‌مان شێوه‌ش سته‌مکاری بریتییه له پیاده‌کردنی ده‌سه‌ڵاتی له‌سه‌رو مافه‌وه، که هیچ که‌سێک ئه‌و مافه‌ی نیه.
ئه‌مه‌ش بریتییه له به‌کارهێنانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که هه‌یه‌تی نه‌ک له‌پێناوی چاکه‌ی ئه‌وکه‌سانه‌دا که له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دان، به‌ڵکو به‌کارهێنانی له‌خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆی خۆیدا. کاتێک فه‌رمانڕه‌وا، هه‌رچییه‌ک ناوی بێت، نه‌ک به یاسا به‌ڵکو به ویست و ئێراده‌ی خۆی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کات.
هه‌روه‌ها فه‌رمان و کرده‌کانی به‌ئاراسته‌ی پاراستنی سه‌روماڵی جه‌ماوه‌ردا نیه، به‌ڵکو له پێناوی تێرکردنی خواست و تۆڵه و چاوچنۆکی و هه‌ر جۆره سوزێکی نه‌شیاودا...
له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌ته‌وه
هه‌رکه‌سێک که به روونی قسه له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌ت بکات، پێویسته له سه‌ره‌تاوه جیاکاری بکات له‌نێوان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌تدا.
ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵ دروستده‌کات و مرۆڤه‌کان له‌باری کۆتنهکراوی سروشت ده‌رده‌هێنێت و ده‌یانخاته ناو یه‌ک کۆمه‌ڵگای سیاسییه‌وه، بریتییه له‌و رێککه‌وتنه‌ی هه‌مووان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا به‌ستوه بۆ تێکه‌ڵبوون و ره‌فتارکردن وه‌ک یه‌ک یه‌که و جه‌سته، هه‌روه‌ها بوون به یه‌ک ده‌وڵه‌تی جیا.
رێگه‌ی باوه‌که، یاخود تاقه رێگه، که به‌هۆیه‌وه ئه‌م یه‌کێتییه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه بریتییه له هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هیزی بیانی و داگیرکردنیان.
بۆیه له‌م باره‌دا (له‌به‌ر بێتواناییان له خۆژایاندن و به‌ڕێوه‌بردندا وه‌ک یه‌ک یه‌که‌ی ته‌واو و سه‌ربه‌خۆ) یه‌کێتییه‌که که سه‌ر به‌و جه‌سته‌یه‌ی که پێکیهێناوه ده‌بێت به زه‌روره‌ت بوه‌ستێت، به‌و پێیه‌ش هه‌ر که‌سه و ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و باره‌ی پێشتر له‌سه‌ری بووه. گه‌ڕانه‌وه بۆ ئازادی جوڵه و فه‌راهه‌مکردنی سه‌لامه‌تی خۆی به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی خۆی به باشی ده‌زانێت و گونجاوه له کۆمه‌ڵگای دیکه‌دا.
هه‌رکاتێک کۆمه‌ڵگا هه‌ڵوه‌شایه‌وه، ئه‌وا شتێکی دڵنیایه که حکومه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ناتوانێت بمێنێته‌وه. ده‌رئه‌نجام، شمشێری داگیرکه‌ران زۆر جار حکومه‌ت له ره‌گ و ریشه هه‌ڵده‌کێشێت، و کۆمه‌ڵگا به‌ش به‌ش ده‌کات، و به‌شه لێکپچڕاو و بهرتوبڵاوهکان له پاراستن دورده‌خاته‌وه هه‌روه‌ها له پشتبه‌ستنیان به‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی که بڕیاربوو له توندوتیژی بیانپارێزێت.
سه‌رباری ئه‌م هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه‌ی حکومه‌ت له ده‌ره‌وه، حکومه‌ت له‌ناویشه‌وه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، یه‌که‌م کاتێک ئه‌نجومه‌نی یاسادانان ده‌گۆڕێت.
کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بریتییه له باری ئاشتی له‌نێوان ئه‌وانه‌ی که تێیدا ده‌ژین و له باری شهر بهدورگیراون له‌رێگه‌ی ئه‌وی ناوبژیوانییه‌ی که دایانناوه له ئه‌نجومه‌نی یاساداناندا. ئه‌و ناوبژیوانییه به‌مه‌به‌ستی کۆتاییهێنان به جیاوازییانه‌ی که ره‌نگه له نێوانیاندا بکه‌وێته‌وه. له دهستوریاندایه که ئه‌ندامانی وڵات یه‌کگرتوون و پێکه‌وه کۆبونه‌ته‌وه له‌یه‌ک جه‌سته‌ی هاوسازی زیندود.
ئه‌مه ئه‌و رۆحه‌یه که شێواز و ژیان و یه‌کێتی ده‌به‌خشێته وڵات. لێره‌شه‌وه زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌کان کاریگه‌ری و هاوسوزی و په‌یوه‌ندییه‌کانیان داده‌مه‌زرێنن، هه‌ر بۆیه کاتێک ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی تێکده‌شکێت یان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، به‌دوایدا له‌به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شان و مردن دێت.
ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌و راستییه‌ی که یه‌کێتی کۆمه‌ڵگا له‌وه‌دایه که یه‌ک ئیراده‌یان هه‌بێت، که ئه‌نجومه‌نی یاسادانانهکهیانه، که له ساتێکدا له‌لایه‌ن زۆرینه‌وه دامه‌زراوه، بهیانکهره و پاره‌ێزه‌ری ئه‌و ئیراده‌یه‌یه.
پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نی یاسادانان بریتییه له یه‌که‌مین و بنه‌ڕه‌تیترین کرده‌ی کۆمه‌ڵگا، که رێگه خۆشکه‌ره بۆ دامه‌زراندین یه‌کێتی، به‌رابه‌ری که‌سه‌کان و په‌یوه‌سته‌کانی یاساکان له‌لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان پێدراوه، به‌هۆی ره‌زامه‌ندی و دامه‌زراندنیانه‌وه له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه. که به‌بێ ئه‌و هه‌ڵبژاردن و دهسهڵاتبهخشینه هیچ که‌سێک و گروپێک ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نیه یاسا دابڕێژێت و سه‌رتاپای کۆمه‌ڵ پابه‌ندبکات به‌و یاسایانه‌وه.
هه‌رکاتێکی هه‌رکه‌سێک یان که‌سانێک ده‌ستیان دایه دارشتنی یاسا به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه دانرابن، ئه‌وان ئه‌و یاسانه‌ی دایان ده‌نێن ده‌سه‌ڵاتیان نابێت، به‌و پێیه‌ش خه‌ڵکی ناچار نین ملکه‌چیان بن. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که خه‌ڵکی له ژێر باری ئه‌و یاسانه دێنه ده‌ره‌وه و ئه‌نجومه‌تی یاسادانانی نوێ بۆ خۆیان داده‌ڕێژن و به‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه به‌ره‌نگاری ئه‌و هێزانه ده‌بنه‌وه که ده‌یانه‌وێت شتیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن....
له‌م باره و له‌باری هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌دا، کاتێک حکومه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، گه‌ل ئازاده له‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نێکی نوێی یاسادانان بۆ خۆی قوتبکاته‌وه، جیاواز له‌وه‌ی دیکه له‌رێگه‌ی گۆڕینی که‌سه‌کان یان شێوه یان هه‌ردوو به‌و ئاراستیه‌ی که له خزمه‌تی زیاتری چاکه و سه‌لامه‌تیاندا بێت.
کۆمه‌ڵگا هیچ کاتێک مافی بنه‌ڕه‌تی و خۆرسکی خۆپاراستنی خۆی له‌ده‌ست نادات که ته‌نها له‌رێگه‌ی یاسادرێژهر چهسپیوهوه ده‌یپارێزێت هه‌روه‌ها له‌رێگه‌ی په‌یڕه‌وکردن و سه‌پاندنێکی عادیلانه و بێلایه‌نانه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی دایڕشتون. به‌ڵام مرۆڤایه‌تی له‌بارێکدا نیه هێنده به‌رباد بێت وایلێبکات نه‌توانێت ئه‌م چاره‌سه‌ره به‌کاربهێنێت، واته بهێڵێت بگاته راده‌یه‌ک که چاره‌سه‌ر نه‌کرێت.
به‌خه‌ڵک بڵێیت که خۆیان ده‌توانن ئه‌نجومه‌نێکی یاسادانانی نوێ قوتبکه‌نه‌وه دوای ئه‌وه‌ی کۆنه‌که‌یان له‌کارخراوه به‌خۆی سه‌رکوتکردن یان فرتوفێڵ یان خرانه ژێر ده‌ستی داگیرکه‌ره‌وه، به‌ته‌نها بریتییه له‌وه‌ی پێیان بڵێت که چاوه‌ڕوانی باشبوون بن له کاتێکدا که کات تێپه‌ڕێوه و ئه‌و شهرانگێزییهی رویداوه له‌وه زیاتره چاره‌سه‌ربکرێت.
ئه‌مه له‌ڕوی کاریگه‌رییه‌وه هیچی که‌متر نیه له‌وه‌ی پێیان بڵێت که سه‌ره‌تا کۆیله بن، پاشان بایه‌خ به ئازادی خۆیان بده‌ن، ئینجا کاتێکێک که هێشتا کۆته‌کانیان به‌ده‌ست و پێوه‌یه، پێیان بڵێت که ده‌توانن وه‌ک مرۆڤی سه‌ربه‌ست ره‌فتار بکه‌ن.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه به سوسهش وابێت، زیاتر له گاڵته‌پێکردن ده‌چێت وه‌ک له دڵنه‌وایی. هه‌رگیز مرۆڤ پارێزراو و سه‌لامه‌ت نابێت له سته‌مکاری ئه‌گه‌ر بێت‌و هیچ رێگه‌یه‌ک نه‌بێت بۆ هه‌ڵهاتن لێێ تا ئه‌و کاته‌ی به ته‌واوی ده‌که‌ونه ژێری: ئینجا ئه‌و کاته نه‌ک ته‌نها مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه مه هه‌ڵبێن و ده‌ربازبن لێی به‌ڵکو مافی ئه‌وه‌شیان هه‌یه که رێگه‌ی لێ‌بگرن.
له‌باری دووه‌مدا، رێگه‌یه‌کی دیکه هه‌یه که به‌هۆیه‌وه حکومه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه کاتێک ئه‌نجومه‌نی یاسادانان یان میر هه‌ریه‌کێکیان به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بڕوایه‌ی پێیان دراوه ره‌فتار بکه‌ن.
یه‌که‌م: ئه‌نجومه‌نی یاسادانان به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بڕوایه‌وه بجوڵێته‌وه که پێیدراوه، کاتێک که په‌لده‌هاوێت بۆ ده‌ستخستنه ناو موڵکوماڵی ره‌عیه‌ت، و وه‌ها له خۆیان بکه‌ن (یان به‌شێکیان) ببنه سه‌روه‌ر یان به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ره‌مه‌کی ته‌سه‌روف به ژیان و ئازادی و سامانی خه‌ڵکه‌وه بکه‌ن.
هۆکاری چونه ناو کۆمه‌ڵگا له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه بۆ پاراستنی سهروماڵیانه. و ئامانج له هه‌ڵبژاردن و دهسهڵاتبهخشین به ئه‌نجومه‌نی یاسادانان بۆ ئه‌وه‌یه که ده‌کرێت یاسا دابڕێژرێت و رێسا دابنرێت بۆ پاراستنی و سنوردیاریکردنی موڵکوماڵی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا هه‌روه‌ها سنوردارکردنی ده‌سه‌ڵات و رێکخستنی باڵاده‌ستی هه‌موو به‌ش و ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا.
کۆتایی حکومه‌ت چاکه‌ی مرۆڤایه‌تییه، کامیان باشترینه بۆ مرۆڤایه‌تی: ئه‌وه‌ی که خه‌ڵک هه‌میشه له‌به‌ر گوژمی بێسنوری ستهمکاریدابن یاخود پێویسته سه‌رکرده‌کان له‌پای ئه‌وه‌دابن به‌ره‌نگاری بکرێن کاتێک سنوری به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌به‌زێنن و به‌کاریده‌هێنن له‌پێناوی وێرانکردن نه‌وه‌ک پاراستن سه‌روماڵی خه‌ڵکدا؟
هه‌رکه‌سێک هێز به‌کاربهێنێت به‌بێ ماف، وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌موو له کۆمه‌ڵگادا ده‌یکه‌ن، ئه‌وه‌ی به‌بێ یاسا ده‌یکات خۆی ده‌خاته باری شه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا که له دژیان به‌کاریهێناوه، و له‌و باره‌دا هه‌موو په‌یوه‌سته‌کانی پێشوو هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه، سه‌رجه‌م مافه‌کان نامێنن و هه‌موو که‌س مافی ئه‌وه‌ی ده‌بێت پارێزگاری له‌خۆی بکات و به‌ره‌نگاری ستهمکاربێتهوه...
لێره‌دا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئه‌و پرسیاره بکرێت: کێیه ئه‌و که‌سه‌ی بڕیاری ئه‌وه ده‌دات که ئایا میر یاخود ئه‌نجومه‌نی یاسادانان ره‌فتاریان به‌دژی ئه‌و بڕوایهداکردوه که پێیانبه‌خشراوه؟ له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێم: خه‌ڵک پێویسته بڕیارده‌ربن.
له‌به‌رئه‌وه‌ی کێ ده‌توانێت ببێته دادوه‌ر و بڕیارده‌ر له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که ئایا باوه‌ڕپێکراوه‌کانی و نوێنه‌ره‌کانی باش ره‌فتار ده‌که‌ن، و به‌گوێره‌ی ئه‌و بڕوایه‌ی که پێیبه‌خشراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌شی که کردویه‌تییه نوێنه‌ر پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌مان ده‌سه‌ڵات که کردویه‌تییه نوێنه‌ر لێشی وه‌ربگرێته‌وه کاتێک که ئه‌و بڕوایه ده‌دۆڕێنێت؟
ئه‌گه‌ر ئه‌مه راست بێت له‌باری دیاریکراوی تاکه‌کاندا، بۆچی راست نابێت بۆ ساته مه‌زنه‌که که تێیدا خۆشگوزه‌رانی ملیۆنان که‌س ده‌گرێته‌وه؟ کاتێک شهرانگێزییهکه، ئه‌گه‌ر رێگه‌ی پێنه‌گیرێت، زۆر گه‌وره‌تره و ده‌بێته شتێکی زۆر سه‌خت و ئاسته‌م و مه‌ترسیداری لێده‌که‌وێته‌وه.
ئه‌گه‌ر ناکۆکییه‌ک له‌نێوان میر و به‌شێک له خه‌ڵکدا سه‌ریهه‌ڵدا، له مه‌سه‌له‌یه‌کدا که یاسا لێی بێده‌نگه یان به گومانه و شته‌که‌ی ده‌رئه‌نجامی گه‌وره‌ی ده‌بێت، به بڕوای من له‌و باره‌دا باشترین ناوبژیوان ده‌سته‌ی خه‌ڵک خۆیه‌تی.
بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه ده‌رئه‌نجام: ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که هه‌ریه‌کێک له تاکه‌کان داویه‌تی به کۆمه‌ڵگا، کاتێک چۆته ناوی، هه‌رگیز دیسانه‌وه ناگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ تاکه‌کان هه‌تا ئه‌و کاته‌ی کۆمه‌ڵگا به‌رده‌وام بێت. به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌میشه له کۆمه‌ڵدا ده‌مێنێته‌وه چونکه به‌بێ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نهکۆمهڵ بوونی ده‌بێت و نه ده‌وڵه‌تیش، که ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی رێککه‌وتنه بنه‌ڕه‌تییه‌که‌یه.
هه‌روه‌ها کاتێک کۆمه‌ڵگا یاسادانانی داوه‌ته ده‌ست هه‌ر ئه‌نجومه‌نێکی پیاوان، بۆ ئه‌وه‌ی له و ئه‌نجومه‌نه و لهئهوهشی که به‌دوایدا دێت به‌رده‌وامبێت، به ئاراسته‌کردن و ده‌سه‌ڵاتێک بۆ دابینکردنی ئه‌و شوێنگرهوانه، ناکرێت ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان ناگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ خه‌ڵک له‌کاتێکدا که حکومه‌ت به‌رده‌وام بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاتێک ئه‌نجومه‌نێکی یاسادانان داده‌مه‌زرێنیت و ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ده‌یتی که هه‌تاهه‌تایه به‌رده‌وامبێت، ئه‌وکاته خه‌ڵک وازیان له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆیان هێناوه و داویانه‌ته ده‌ستی یاسادانه‌ران، و ناتوانن بیگۆڕن.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر سنوریان دانابێت بۆ واده‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته، و کارێکیان کردبێت که ئه‌و ده‌سه‌ڵاته باڵایه جا له که‌سێکدا بێت یان له ئه‌نجومه‌نێکدا، ده‌سه‌ڵاتێکی کاتی بێت. ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت، کاتێک به‌هۆی به‌دکرداری ئه‌وانه‌ی که له ده‌سه‌ڵاتدان ئه‌و ئه‌نجومه‌نی یاسادانانه هه‌ره‌س ده‌هێنێت، له ئه‌نجامی خراکاریی فه‌رمانڕه‌واکان بێت یان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و کاته‌ی بۆی دانراوه، ده‌سه‌ڵاته‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کۆمه‌ڵگا، و خه‌ڵکه‌که مافی ئه‌وه‌یان ده‌بێت وه‌ک هێزێکی باڵا ره‌فتاربکه‌ن. ئینجا یان به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خۆیان یاسادانه‌ر بن، یاخود شێوازێکی نوێ دروستبکه‌ن یاخود له سه‌ر هه‌مان شێوه بیهێڵنه‌وه به‌ڵام بیخه‌نه ده‌ستی که‌سانێکی نوێوه که خۆیان به باشی ده‌زانن. |
| < پێشتر | دواتر > |
|---|